چاوپێکەوتنەکەی مەلا کرێکار و راستییەکی دیکە

14:10 - 25 رێبەندان 2714
Unknown Author
عومەر ئیزەدخا

شەوی ڕابردوو ٢٤ ڕێبەندان لە کەناڵی ئاسمانی کۆمپانیای نالیا ( ئێن ئاڕتی ) باشووری کوردستان ، لە وتوێژێکدا لەگەڵ نەجمەدین فەرەج ناسراو بە ( مەلا کرێکار ) ڕێبەری یەکێک لە ڕەوتە جیهادیە توندڕەوە ئیسلامیەکان ، بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لەو لایەنانەی کە چەندان جار داوای لێکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات ، بریتیبووە لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێویشیاندا هەروەک خۆی ئاماژەی پێدا ( مەحمودی ئەحمەدی نەژاد ) کاتێک لە پۆستی سەرۆک کۆماری دابووە ، لێرەدا هەڵسەنگاندنێکی کورت دەکەین بۆ ئەو قسانەی و پەیوەستکردنەوەی بە دواین ڕووداوەکان .

شایەنی باسکردنە کە مەلا کرێکار، لە قسەکردنەکانیدا ناڕوونیەکی زۆر هەبوو ، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا حوکم بدات لە ڕەوا بوون و شەرعی بوونی داعش بە پاساوی نەبوونی زانیاری لەسەریان کە خۆی باسی ئەوە دەکات لێکۆڵینەوەشیانی لەسەر نەکردووە تەنانەت لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنیش و هەروەها نەبینینی ڕاستەوخۆیان \" کاتێک ئەوە پێوەرێکی زانستی شەرعی ئیسلام بێت \" .. بەڵام زۆری نەبردوو لە جوابی پرسیارەکانی دیکە دا هەر لەسەر داعش، ئەوا بەشێوازێک ناوی بەرپرسی گشتی ئەو ڕێکخراوە دەهنێت کە تا ئێستا لە مێژووی دروستبوونی ئەو ڕێکخراوەوە بەو شێوازە ناوی نەهێندراوە \" دکتۆر ئەبوبەکر بەغدادی قوڕەیشی هاشمی \" دواتریش چەندین جار دەڵێت \" دەولەت خەلافەت \" ، ئەوە بۆ خۆی جێی پرسیارە کە ئەو زانیاریە وردەی هەبێت لە کەسایەتیە کۆنە ئیسلامیە سیاسیە جیهادیە توندڕەویەکان ، کە کرێکار خۆشی بەڕوونی وتی من لە ئیخوان هاتومەتە دەر و پاشان ناوی چەندان کەسایەتی دیاری نێو ڕیزەکانی ئەلقاعیدەی هێنا، هەروەها ئوسامە بن لادنی سەرۆکی پێشووی ئەلقاعیدەی بە تاجی سەری موسڵمانان ناو برد \" چونکە خۆشی دیتویەتی \" ، هەروەها لەپاڵ ئەوەی کە چەندان نمونەی وردی باسکرد لەسەر شەڕی داعش لە جەبهە جیاوازەکان لەگەڵ بەرامبەرەکانیدا .. کەواتە جێی پرسیارە پاساوێکی وا!

ئەگەر خوێندنەوەیەک بکەین بۆ ئەو قسانە و بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی ماوەی ڕابردوو و ئێستا ، ئەوا بەڵگەی زیاترمان دەبێت لەوەی ئێران چەند سوودمەندە لەو ناکۆکی و ململانێ و کێشە جۆر بەجۆرانەی کە لە وڵاتانی وەک عێڕاق و سوریا و جیهان دێنە ئاراوە ، هەروەها لە ڕاستی ڕووداوەکان و دەرەنجامەکاندا هەر ئەوە دەبینرێ و تاچەند پاڵنەرێکیشە بۆ کێشەکان، ئەو کێشانەی دوایی بەتایبەت هاتنی داعش بۆ عێڕاق و پەلهاویشتنی لە سوریا و عێڕاقیش ، کە کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانەی کە زیانی مرۆیی و دارایی گەورەی ئەو هێرشانەی بەرکەوت.

ئێران لە کاتێکدا دێت هاوکاری تیرۆر دەکات کە ئەوە پیشەی چەندان ساڵەیانە ، لەکاتێکدایە کە کەڵک لە هەر جۆرە ئامرازێک وەردەگرن کە هەتا ئەوەی دەیبنین سود وەردەگرن لە خەڵکانێکیش سونە مەزهەبن ، ئەمە بەڵگەیەکی بێ ئەملا و ئەولایە کە ئێران لەو هەوڵانەدا مێژووی هەیە و بەردەوامیشە و سودی زۆریشی وەرگرتووە ، سود لەخەڵکانێک و لایەنێک وەردەگرن کە ببنە هۆی ململانێی توند لە نێو کۆمەڵگادا ، لێرەدا پێویستە سەرەتای ڕووداوەکانی موسڵ وەبیر خۆمان بێنینەوە کاتێک داعش ڕووی لەعێڕاق کرد، بێگومان یەکێک لەو هۆکارە گرنگەکانی کە پەیوەست بوو بە دزەکردنی داعش بۆ عێڕاق بریتی بوو لە گوماناوی بەرپرسیاری دەزگا سەربازیەکانی حکومەتی عێڕاقی و فەرماندەکانی بەتایبەتی بوو ، سەڕەڕای ئەو هۆشداریە زۆرەی کە لایەنە جۆربەجۆرەکان خستیانە بەر گوێی سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتە لە مەترسیەکی لەو شێوەیە، بەو شێوەیە شیعەی عێڕاقی سودمەند بوون لەو هەوڵەیان و ئێڕانیش ئاواتێک بوو بۆی هاتە دی .

ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە کە ماوەی پێشوو کە باس سیناریۆکانی پشتەوەی داعش دەکرا جۆرەها دەلیلی بۆ دەهێنرایەوە و هۆکار و دەرەنجامی جیاواز باسی لێ وەدەکرا ، ئەگەر یەک لە هۆکارەکانی پەل هاویشتنی داعش وەربگرین بۆ عێڕاق و پاشان بەهێزبوونەوەی لە سوریا، ئەوا بریتی بوو لە بەرپرسیاریەتی شیعەی عێڕاقی لە حکومەتی هەردوو دەوڵەت و بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕێگری ئەوتۆیان نەکرد لەبەردەم دزەکردنی ئەو چەکدارانە و لەڕۆژی ڕوناکدا دیاربوو کە هیچ بەرگری نەبوو .. لێرەدا ئەوەی باسمان لێکرد ئەوەبوو کە ئێران چەندە کاریگەرە لەسەر ململانێی و کێشەکان لە ناوچە ، هەروەک بەڕوونی کرێکار ئاماژەی بەوەدا کە داوای ئەوەی لێکراوە لەلایەن ئەوانەوە بگەڕێتەوە .

لە کۆتاییدا دەڵێین ئەوە بەڵگەیەکی بەهێزی دیکەیە بۆ دەست واڵایی ئێران بۆ تیرۆر.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.