چاو خشاندنێک بەسەر دێمۆگرافی پارێزگەکانی ورمێ،سنە،کرماشان و ئیلام

14:00 - 28 رەشەمه 2714
Unknown Author
سەعدوون بەهرامیان

هەر کات ئێمە باسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین لە یەکەم بیر کردنەوە دا چوار پارێزگایی ورمێ،سنە، کرماشان، ئیلام دێتە بیرمان هەرچەند بە بۆچوونی زۆر لە کارناسانی جوغرافیا کوردستان پارچەی لای ئێران رووبەرێکی زۆر فراوانتر لەو چوار پارێزگایە لەخۆ دەگرێ بەڵام باسەکەی ئێمە لێرە دا تەرکیبی ‌‌حەشیمەتی و دیمۆگرافی ئەو چوار پارێزگایەیە.

لە بواری جوغرافییەوە رووبەری ئەو چوار پارێزگایە ١١١٦٧٩کیلۆمیتری دووجایە کە دەکاتە ٩.٦ لە سەدی خاکی ئێران _ئەو چوار پارێزگایە لە٤٩شارستان،١١٧ بەخش،١١٨شار،٣٢٢ دێهستان پێک دێت .

لە بواری حەشیمەتەوە بە پێی سەرژمێری ساڵی١٣٩٠ی هەتاوی رێژەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ٧٠٧٧٠٤٧کەسە کە لە کۆی حەشیمەتی ٧٥١٤٩٦٦٩کەسی وڵاتی ئێران دەکاتە ٩.٤٢لەسەدی کۆی گشتی حەشیمەتی وڵات . کە لەو رێژەیە ٤.١٠لەسەدی لە پارێزگای ورمێ و٠.٧٤لە سەدی لە پاڕێزگای ئیلام و١.٩٩ لە سەدی لە پارێزگای سنە و ٢.٥٩ لە سەدی دانیشتوویی پارێزگای کرماشانن.

رێژەی دانیشتووان (تراکم) لە سەراسەری وڵات دا ٤٦کەس لە یەک کیلۆمیتری دووجایە بەڵام لە پاڕیزگای ئیلام ئەو رێژەیە بە ٢٨ کەس لە یەک کیلۆمیتردا لە نێونجی وڵات کەمترە. بەڵام لە پاێزگایەکانی سنە،کرماشان،ورمێ رێژەی دانیشتووان بە تەرتیب ٥١ کەس،٧٨ کەس، ٨٢کەس لە یەک کیلۆمیتردایە.

لەساڵی١٣٨٥هەتا١٣٩٠ نێونجی زیادبوونی حەشیمەتی ساڵانەی وڵات١.٢٩لە سەد بووە کە بۆ پارێزگایەکانی ورمێ، ئیلام، سنە، کرماشان ئەو رەقەمە بە تەرتیب ١.٤٠، ٠.٤٣، ٠.٧٣، ٠.٦٩ لە سەدە بەو پێیە رێژەی زیادبوونی حەشیمەت لە پارێزگای ورمێ لە نێونجی وڵات زیاترە و لە سێ پارێزگایەکەی تا ئەو رێژەیە لە نێونجی وڵات کەمترە.

هەر وەها رێژەی دانیشتووانی نێو شارەکانی ئەو چوار پارێزگایە بە بەراورد لە گەڵ شارەکانی پارێزگایەکانی دیکەی ئێران کەمترە هەر چەند لەو ساڵانەی دواییدا رێژەی زیادبوونی حەشیمەت رووی لە زیادبوون کردووە .

بە گشتی لە ساڵی ١٣٩٠دا حدوودی ٧١.٤ لەسەدی دانیشتووانی ئێران لە نێو شارەکاندا دەژین هەر لەو ساڵەدا رێژەی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ ٦٢.٧،لە پارێزگای ئیلام ٦٤،لە پارێزگای سنە٦٦، لە پارێزگای کرماشان ٦٩.٧ لە سەد بووە واتا نێونجی شارنشینی لەو چوار پارێزگایە کەمترە لە رێژەی شارنشینی ناوچەکانی دیکەی ئێران دیسانیش زۆربەی حەشیمەتی ئەو چوار پارێزگایە لە شارەکاندا دەژین.

– نێونجی زیادبوونی ساڵانەی حەشیمەتی شارنشین لە ئێران دا لە نێوان ساڵەکانی ٨٥ هەتا ٩٠ی هەتاوی ٢.١٤ لە سەدە،ئەو رێژەیە لە ئوستانی ورمێ٢.٣٠، لە ئوستانی ئیلام ١.٥٠، لە ئوستانی سنە ١.٨٧، لە ئوستانی کرماشان دەگاتە ١.٥٤ لە سەد . لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دابەزینی رێژەی حەشیمەتی ئاوایە کانی ئەو چوار پارێزگایە بکەین کە روو لە دابەزینە بە واتایەکی تر رووشدی مەنفییان هەیە کە زۆرترین رێژەی کەمبوونەوەی حە شیمەتی ئاوایەکان تایبەتە بە گوندەکانی پارێزگای سنە بە رێژەی مەنفی ٢.٧٧ لە سەد و سێ پارێزگایەکەی دیکەش رێژەی دابەزینی حەشیمەتیان لە ناوچەکانی تری ئێران لە سەرترە کە ئەوەش بۆ سیاسەتە کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگەرێتەوە کە بە چۆل بوونی گوندەکانی ئەو پارێزگایانە لە چەند لایەنەوە لە بەرژەوەندی حکوومەتی ئێسلامی دایە ئەگەر بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین بریتین لە ١-لە بواری ئابووری دا ناوچەکە لاوازتر دەبێت ٢-گوندەکان هەمیشە پارێزەری زمان، فەرهەنگ،داب و نەریتی رەسەنی خۆیان بوونە کە بە نەمانی گوندەکان ئەو پاراستنە لاواز دە بیت ٣-لە کاتی شۆرشە کان ئاوایەکان وەک پشتیوانی شارەکان جوڵاونەتەوە ٤- لە کاتی شۆرشی چەکداری جیگەی حەوانەوەی پێشمەرگە بوونە و بە دیان خاڵی دیکە کە دەکرێ ئاماژەیان پێ بکەین .

هەر وەها بنەماڵەی یەک و دوو کەسی لەو چوار پارێزگایە لە نێونجی وڵات کەمترە ئەوە لە حاڵێک دایە بنەماڵەی پێنج کەسی و یان زیاتر لە نێونجی گشتی وڵات لە سەرترە ئەو وەزعە دەرخەری جیاوازی لە شێوەی ژیان دایە، هەر چەند لە ئەبعادی بچوک دابێت .قەوارەی بنەماڵەکان لە ساڵی١٣٩٠ لە ئێران ٣.٥،کەسە بەڵام لەو پارێزگایانەی ئاماژە پێکراو، ئەو رێژەیە زیاترە کە بۆ پارێزگایەکانی ورمێ،سنە، کرماشان ٣.٧ و لە پارێزگای ئیلام ئەورێژیە دەگاتە ٤.١ کەسی . بەڵام ئامارەکان پێشاندەری بچوک بوونەوەی قەوارەی بنەمالەکانن، بە وتەیەکی دیکە قەوارەی بنەماڵەیی لەو چوار پارێزگایە گەورەترە لە قەوارەی بنەماڵەکانی شوێنەکانی تری ئێران .

– ئەگەر بەو ئامارانە کە سەڵمێنەری گەورەبوونی قەوارەی بنەماڵە کانی ئەو چوار پاڕێزگایەن ئاماری بێکاری پێوە زیاد کەین رەقەمێکی سەرسووڕهێنەر دەکەوێتە بەر دەستمان، بە وەبەر چاو گرتنی قەوارەی بنەماڵەکان وێرای گرفتە ئابووریەکانی وەک بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری کارتێکەری نەرێنی لە سەر قەوارەی بنە ماڵەکان هەبووە دیارە سیاسەتە دژی گەلیە کانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ئەم دۆخەی زەقتر کردۆتەوە،- رێژیم بە بەکار نەهێنانی خەڵکانی خۆجێیی لە کاروبارە ئیدارییەکان و کەڵک وەرگرتن لە خەڵکانی تر

– نەرەخساندنی هەلی کار لە ناوچە

- نەبوون یا کەمی کارگە و کارخانەکان

– بۆتە هۆیەکی سەرەکی لە شێوانی دیمۆگرافیای ناوچە کە، دیاەر رێژیم لەو راستایە دا سیاسەتەکانی خۆی پەیرەو دەکات کە بریتیە لە ١-کەم بوونەوەی لاوان لە ناوچەکەو چوونیان بۆ ناوچەکانی تری ئێران بۆ دۆزینەوەی کار

٢- بە کار هێنان و دامەزراندی خەڵکانێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران کە بۆ مانەوەیان لەو چوار پارێزگایە زۆر ئیمتیازی تایبەتیان پێ دەبخشرێت بۆ وێنە لەو شارانەی کە سەداسەد دانیشتوانیان کوردن کارمەندی ئێدارەکان بە زۆری خەڵکی شارەکانی پارێزگای تەورێزن ئەوە لە حاڵەتێک دایە کە لاوانی کورد پاش تەواوکردنی زانستگا بۆ پەیدا کردنی کار روو لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێران وەک تاران و تەورێز و باقی شارەکانی دێکە دەکەن .

– هەر بە پێی ئامارە رەسمییەکانی رێژیم لە ساڵی ١٣٨٩دا لە پارێزگای ورمێ ٨٣٠٠٠ کەس و لە پارێزگای ئیلام ٤٩٠٠٠ کەس و لە پارێزگای سنە ٩٩٠٠٠ کەس و لە پارێزگای کرماشان١٤٣٠٠٠ کەس لە حەولی دۆزینەوەی کاردا شناسایی کراون دیارە ئەو ئامارانە دوورن لە راستی ئارمارە راستەقینەکان زۆر لەوەی زیاترن کە هاتوون.

– بابەتێکی دیکە کە دەبێ سەرنجی بدەینێ (وقایع چهار گانە) لە دایکبوون – مردن – زەماوەند و تەڵاقە کە ئەگەر بنهەوێت بە وردی باسی بکەین لە تاقەتی ئەم بابەتە بەدەرە هەر بۆیە بە کورتی ئاماژەی پێدەکەین و بە نموونە تەڵاق دێنینەوە،،،

بە چاوخشاندێکی کورت دەبینین کە درێژەستەندنی بارودۆخێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پیر بوونی حەشیمەتی وڵات، دیارە لە ساڵانی رابردوودا حەشیمەتی ئێران حەشیمەتێکی لاوی لە نێو وڵاتانی دونیادا هەبوو،هەر وەها تەڵاق و سست بوونی بناغەی بنەماڵەکان دەبێتە هۆێ پەرە ستەندنی ئەو رەقەمە کە لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٥ هەتا ١٣٩٠ی هەتاوی روو لە زیادبوون بووە هەر چەند رێژیم گرینگی ئەو تۆی پێ نەداوە، زیادبوونی رێژەی تەڵاق لەو چوار پارێزگایەی رۆژئاوایی ئیران بە تایبەت پارێزگایەکانی کرماشان و سنە و هێندێک لە شارەکانی ئەو پارێزگایانە وەک :کرماشان، سنە، سقز، بۆکان، قوڕوە، جوانرۆ، پاوە، ورمێ و مهاباد لە لایەن بەرپرسان و کارناسانی ئەو بوارە پشتگوێ خراوە.

زیادبوونی تەڵاق لە وڵات خەسارگەلێکی زۆری کۆمەڵایەتی بەدووا دا دێت بۆ وینە:

١- زۆر بوونی بنەماڵەکانی تەک سەرپەرەست
٢- مناڵانی تەڵاق و داهاتوویان
٣- فەقری ئابووری و کۆمەڵایەتی
٤- خەسارەکانی رەوانی لە سەر تاک و کۆی کۆمەڵگا
٥- لەشفرۆشی وهتد....بە داخەوە خۆ بواردن لەو بابەتە کۆمەڵگایی تووشی نەهامەتی دەکات و قەرەبوو کردنەوەی زۆر سەختە.

رێژەی زۆربوونی تەڵاق لە ساڵی ١٣٩٠ دا بە بەراوەرد لە گەڵ ساڵی ١٣٨٦ چل وسێ لەسەد زیادی کردووە لە پارێزگای کرماشان ئەو رێژەیە لە نێونجی وڵات زۆرترە،رێژەی تەڵاق لە ناوەندی شارەکان ١٨.٧٤ لە سەدە و هەر ئەو رێژەیە لە گوندەکان دەگاتە ٧،٦٥ لە سەد ، ئەو رێژەیە لە پارێزگای ورمێ ١٦.٣ لە سەد و لە پارێزگای ئیلام ٩.٧ لە سەد و لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە تەرتیب ٢٠،٣ و٢٠.٥ لە سەدە کە ئامارێکی زۆر نیگەران کەرە . دیارە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و بە تایبەت ئەو چوار پارێزگایەی باسمان لێکردن سیاسەتە چەوتەکەی کۆماری ئیسلامی بۆتە هۆی پێکهاتنی ئەو قەیرانە، بۆ رزگار بوون لەو دۆخە ناهەموارە لە حاڵەتی یەکەمدا دەبێت حکوومەت بە پلانێکی تۆکمە پێش لە بێکاری و بڵاو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بگرێت، لە حاڵەتی دووهەمدا بە پەروەردەکردنی بنەماڵەکان و بە تایبەت لاوان پێش زەماوەند بەستێنەکانی تەڵاق لە کۆمەڵگادا کۆنترۆڵ بکات بەداخەوە بە وجوودی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا ئاسۆیەکی روون نابینڕێت.

سەرچاوەکان:
١-آ‌مارهای جمعیتی،نتایج سرشماری سال١٣٩٠ ٢- سالنانە آماری کشور ١٣٨٩-معاونت مدیریت و برنامە ریزی کشور-سازمان آمار ایران
٣-سالنامەی پبت و احوال کشور ٤-سایت کلمە مقالەی –(احسان هوشمند)-ە وە وەرگیراون.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.