چالاكێكی مافی مرۆڤ لە شاری مەریوان دەستبەسەر كرا

12:41 - 16 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: هاووڵاتییەكی كورد لە شاری مەریوان لەلایەن هێزەكانی دەزگای ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، دەستبەسەر كرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەریوان، چەند رۆژ لەمەوبەر محەممەد غەریب فەیزی چالاكی مافی مرۆڤ بە هۆیەكی ناڕوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری مەریوانەوە لە شوێنی كارەكەی دەستبەسەر كرا.

ئەو هاووڵاتیە كوردە هاوكات كە چالاكی بواری مافی مرۆڤ بووە، لە ئیدارەی هێلالی ئەحمەری شاری مەریوانیش چالاكیی دەكرد.

هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە لە شوێنی راگیران و هۆكاری گرتنی محەممەد غەریب فەیزی هیچ زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدرەیی كوردپا، لە شەش مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا 279 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتی ـ نیزامییەكانی حكوومەتی ئسلامیی تارانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی كوردپایە، دەكرێ‌لەو رێژەیەش زیاتر بێت.