چارەنووسی فەرزاد سامانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ناڕوونە

10:44 - 9 رەشەمه 2720

دوای تێپەڕینی نزیکەی ٥۰ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی فەرزاد سامانی، بنەماڵەی ئەو خوێندکارەی زانکۆی خاڕەزمییە، ‌هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

فارۆق سامانی، برای ئەو خوێندکارە کورده، لەبارەی چارەنووسی براکەی لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: "نزیک بە ٥۰ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی براکەم تێپەڕیوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، سەرەتا هەتا یەک مانگ، حاشایان لە دەسبەسەرکرانی براکەم دەکرد، دواتر بە قەبووڵکردنی دەسبەسەرکرانی فەرزاد، زانیارییەکی ئەوتۆیان بە بنەماڵەکەمانیان نەداوە و ماوەی دوو حەوتوویە کە هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانمان نادەنەوە".

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، فەرزاد سامانی و سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

فەرزاد سامانی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی فەرزاد، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.