پەیامی سەرنووسەر و راپۆرتی ئاماریی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە ١ ساڵ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان

23:29 - 30 رەشەمه 2712
لە کوردپاوە بۆ رای گشتیی کوردستان و ئێران
بە یاد و ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی کەلە رێگەی ئازادی و سەربەرزیی مرۆڤایەتی و بەناوی ئەو کەسانەی کەلە راستای دەستەبەربوونی سەرەتایی‌ترین مافی ئینسانی ئێستا لە گرتووخانەکاندا راگیراون، بۆ روونکردنەوەی رای گشتی بەشێکی بچووک لە بەرایی پڕ هەوراز و نشێوی کوردپا بەدەردەخەین.

نزیک بە ٢ ساڵ بەسەر چالاکیی بەردەوام، بەرین و ماندوونەناسانەی \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\"دا تێدەپەڕێت.

بۆخۆمان دەزانین کە کار و چالاکیی ئاژانسی کوردپا بێ کەموکۆڕی و هەڵە نەبووە، بەڵام گومانمان لەوە نییە کە هەنگاو بە هەنگاو لە گەیاندنی پەیام و بەڵینییەکان، پابەند بە بەها ئەخلاقییەکان بووین. رەچاو کردنی بنەما ئەخلاقییەکان خاڵی سەرەکیی و بنەماییترین کاری رۆژنامەنووسیی ئێمە بووە، رێزدانان بۆ مافی بەردەنگان، لەبەرچاوگرتنی چوارچێوەی کاری مێدیایی و هاوتەریب بوون لەگەڵ رۆژنامەنووسیی خۆبەخشانە، کردۆتە رەمز و بناغەی کار کردن. تاکە ئارمانج و مەبەستی ئێمە بڵاوکردنەوەی راستییەکان بووە و بەس! بەردەوام لە رووخاندن، هێرش و بایکوت و سەرجەم ئەو ئاکارانەی کە کار و ئەخلاقی رۆژنامەوانی خەوشدار دەکات، خۆمان بورادووە، بەڵام کراوینەتە ئامانج و هێرشمان کراوەتە سەر.

بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئاژانسی کوردپا بەبێ هێنانی ناوی سەرچاوە لە مێدیاکانی دیکە و ئینکاری راستییەکان بەشێک لە پێکۆڵ(چالش)ی ئاژانسی کوردپا بووە کە تەنانەت بۆ جارێکیش لەلایەن \"ئاژانسی کوردپا\"وە ئاگادارییان پێ‌نەدراوە، چونکە ئامانجمان سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی بێ‌ئەملاوئەولای هەواڵەکان بووە، نەوەک هەستی خاوەندارییەتیی بێ‌بنەما بەسەر مڵکی گشتییدا.

لەبەرچاو نەگرتنی چالاکییە بەڵگەمەندەکان و راستگۆیی ئاژانسی کوردپا، لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و گرینگی دان بە هەواڵ و راپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکانی بەدەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی راپۆرت و هەواڵەکان کە بەبێ هێنانی ناوی سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا بڵاو بوونەتەوە، لەلایەن هێندێک کەسی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز، یەکێکی دیکە لەو مەشخەڵە فکرییانە بوو کە ئاژانسی کوردپا بەروەڕووی دەبوویەوە و بەردەوامیی ئەو دیاردەیەش چاوپۆشی لێکرا.

ئاخۆ هیچ‌کاتێک ئەم پرسیارە لای کەسێک کە لەو بوارەدا کار دەکات، دروست نەبوو کە مێدیایەک کە دەستی بە ناوچەکوردنشینەکانی ئێران، یان گوندبەگوند و گەڕەک بەگەڕەکی ناوچەکانی کوردستان راناگات، چۆنە کە توانای بڵاوکردنەوەی خشتە و ئاماری دورودرێژی هەیە!؟ بەڵام ئێمە وەک ئاژانسی کوردپا نەتەنیا لەگەڵ سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵکوو یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە بە شێوەی فراوان بوو، بەڵام ئەو کەسانەی کە ئیدیعای لەبەرچاو گرتنی ئوسوڵ و پرەنسیپی کاری رۆژنامەنووسی بوون، لەو مەسەلەیە ئاگاداربوون و خۆیان لێ دەبوارد.

نەبوونی بیرۆكەی فرەیی‌خوازیی چاپەمەنی لەلای چەند كەسێكی بەناو راگەیاندنكار و زەخت و گوشار بۆ سەر كوردپا، هێندێ‌ جار ئێمەی لە بەردەوامیی ئەم رێگە پڕ لە هەوراز و نشێوە پەشیمان و هێندێ‌ جاریش گەیشتووینەتە سەر ئەو باوەڕەی لەم كێشمەكێشە نائەقڵانی و دواكەوتوانەیە پاشەكشێ‌ نەكەین هەتا شارەزاتر لە ئێمەمانان ئەم پوانە بە قازانجی خۆیان نەقۆزنەوە.

ئێمە ماندوونەناسانە چالاکییەکانمان بەرەو پێشەوە دەبەین و ئامانجی چالاکییەکانمان لەسەرووی لایەنگری، بەرژەوەندی و مەزنخوازیدا بووە.

لە کۆتاییدا سوپاس بۆ سەرجەم تەلەفیزیۆن، ماڵپەڕ و مێدیا کوردی و فارسییەکان، بەردەنگانی ئاژانسی کوردپا و چالاکانی بوارە جیاجیاکان کە بە متمانەیان بە ئاژانسی کوردپا، ئێمەیان لە درێژەدان بە چالاکییەکانمان ئومێدوار و دڵگەرم دەکەن.

هەروەها سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانە دەكەین كە متمانەیان پێ کردووین و بە جۆرێک لە جۆرەكان بوون بە هاوڕێ‌ و هاودەنگمان و بە پیرۆزبایی كردنی هاتنی ساڵێكی نوێ‌ بۆ هەموو هاوەڵ و مرۆڤدۆستان، نیازپاكیی كوردپا لەپێناو پەرە پێ‌دان بە مێدیای كوردی و سەرانسەری رادەگەیەنین، هەتا لەم رێگایەدا متمانە و باوەڕهێنان زیاتر لە رابردوو برەو پێ بدەین.

بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو تەنگەژانە، پشتیوانیی بەرینی تەلەفیزیۆنەكان، ماڵپەڕە کوردی و فارسییەکان لە هەموو توێژێک، رێكخراو و گرووپەكان، تاک و كەسایەتیی جۆراوجۆر بە بوونی بیروڕای جیاواز، ورە و ئیرادەی ئێمەیان بۆ بەردەوامی و پشت ئەستوور بە رێبازی پراكتیک رۆژ بە رۆژ زیاتر كردووە.

پێویستە رێز لە باوڕ و متمانەی مێدیا نێونەتەوەییەکان بە ئاژانسی کوردپا بگرین کە بێگومان ئەو متمانەیەش وەک یەکێک لە سەرکەوتن و دەستکەوەتەکانی ئاژانسی کوردپا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەژمار دەکرێت.

ئێمە بەسەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی نۆرم و بەها ئەخلاقییەکان، راوبۆچوون و هاوکاری و هەر شتێک کەلە بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانماندا یارمەتیمان بکات، بەسینگ فراوانییەوە وەردەگرین.

ئێمە بێ ئەخلاقی لە کاری راگەیاندندا بە ئاکارێکی بەدرەوشتانە وەسف دەکەین و پێویستە بگوترێت کە ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئاژانسی کوردپا بەدوای ناوونیشان و بەرژەوەندی تاکەکەسییەوە بوایەن لە بڵاوکردنەوەی ماهیەت و ناسنامەی خۆیان هەتا ئێستا خۆیان نەدەبوارد.
شادی و سەرفرازیتان ئاواتمانە
سەرنووسەری ئاژانسی کوردپا
دوایین رۆژی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی


ئاژانسی کوردپا راپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلردنی مافی مرۆڤ لە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا لە ناوچەکوردنشینەکانی ئێران، پێشکەشی تەواوی چالاکانی رێگەی ئینسانیەت دەکات.

ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەپشت بەستن بە هەواڵ و راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا کۆکراوەتەوە و بڵاو دەکرێتەوە، کە بەهۆی ئەمنیەتی بوونی دۆخی شار و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، بڵاوکردنەوەی تەواوی حاڵەتەکان مومکین نەبووە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.

راپۆرتی ساڵانەی شیکاری - ئاماریی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران

ئاژانسی کوردپا:
بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە شیکاری- ئامارییە لە ساڵی ١٣٩١ دا ئامادە کراوە کە بە شێوەی نمودار و خشتە دەپرژێتە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

ئەم ئامارە تەنیا لە رووی ژمارە و رێژییەوە بڵاو دەکرێتەوە و ناسنامەی ئەو کەسانە بەشێوەی دروست و بەڵگەمەند لەلای ئاژانسی کوردپا بوونیان هەیە.

خشتەی ژمارە (١)
ئەم خشتەیە کۆی گشتی و رەگەز ئەو کەسانە نیشان ئەدای کە لەماوەی ساڵی ١٣٩١دا بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە.

\"11670.jpg\"


بەپێ خشتەی (١)، ١٠٦٥ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن دامودەزگا و ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رووی داوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ١٠٣١ کەس پیاو و ٢٦ کەسیان ژن بوون و رەگەزی ٨ کەسیشیان نادیارە.

وێنەی (١)
رەگەزی ئەو کەسانەی کە لەماوەی ساڵی ١٣٩١دا بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە، دیاری دەکات.

\"11671.jpg\"


خشتەی (٢)
حوکمی ١٦٥ کەس لەو کەسانە پیشان ئەدات کە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە مەحکووم کراون.

\"11672.jpg\"


بەپێی خشتەی (٢) زۆرترین ئاماری بە ١٢٢کەسەوە ئەو کەسانەی لە خۆ گرتووە کە بە زیندانی تەعزیری حوکم دراون.

هەر ٢ حوکمی تەعزیری و هەڵپەسێراو بە جیا و بە ٢١ و ١١ کەسەوە لە پلەی یەکەم و دووەم دان و هەروەها لە نیوان ئەو حوکمانەدا قامچی، دوور خرانەوە و جەریمەی نەختیش بەرچاو دەکەوێت.

دەرچوونی زۆرترینی ئەو حوکمانە بە تاوانی سیاسی بووە و تەنیا رێژەیەکی کەم بەتاوانی چالاکییفەرهەنگی دادگایی کراون و حوکمیان بۆ دەرچووە.

وێنەی (٢)
جۆری حوکمی ١٦٥ کەس لەو کەسانەی کە مەحکووم کراون. پیشان ئەدات.

\"11673.jpg\"


خشتەی (٣)
رێژەی ئەو کەسانە بەپێی مانگەکان مەحکووم کراون، پیشان ئەدات.

\"11674.jpg\"


بەپێی خشتەی (٣) مانگەکانی گەلاوێژ، خاکەلێوە و سەرماوەز بەڕیز ٣٥، ٣٦ و ٢٠ کەسەوە زۆرترین حوکمی دەرچووی لەلایەن دادگاکانەوە لە خۆگرتووە.

مانگەکانی دیکە لە نیوان ٤ هەتا ١٦ کەس لە کەسانی حوکم دراوی لە خۆگرتووە.
زۆرترینی ئەو حوکمانە بە تاوانی سیاسی بووە و تەنیا رێژەیەکی کەم بە تاوانی چالاکیی فەرهەنگی حوکم دراون.

خشتەی (٤)
ئاماژە بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە ساڵی ١٣١ دەکات

\"11675.jpg\"


بەپێی خشتەی (٤)، کەسانی دەستبەسەر کراو بە ٣٨٥ کەسەوە زۆرترین ئاماری پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە خۆ گرتووە.

ئەو کەسانەی کە حوکم دراون و هەروەها ئەو کەسانەی کە بانگهێشت کراون، بەڕیز ١٦٥ و ١٤٠ کەس لە پلەی دووم دان.

کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران و هاووڵاتیانی مەدەنی و ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون بەڕیز ٩٠، ٦٤ و ٣٧ کەسن کە بە گشتی ١٩١ کس پێک دێنن.

راگواستنی زیندانیان بۆ زیندانەکانی دیکە و مان لە خواردن گرتنی زیندانیان بەڕێز ٨٥ و ٢٧ کەس لەو ئامارەیان لە خۆ گرتووە.

کەسانی بێبەری کراو لە وانە وتنەوە و چوونەدەرەوەی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە ئێران بە هۆی زەخت و گوشاری هیزە ئەمنیەکان، بەڕیز ٢٦ و ١٥ کەس لەو ئامارە پێک دێنن.

حاڵەتەکانی دیکەی پیشێلکاریی مافی مرۆڤ ٣ هەتا ٨ کەس لەو ئامارەیان پێکهێناوە.

وێنەی ژمارە (٣)
پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە شێوەی نمووداری دەخاتە روو

\"11676.jpg\"


خشتەی ژمارە (٥)
چوارچیوەی چالاکی ئەو کەسانە پێشنا ئەدات کە بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە.

پێویستە بگوترێت ئەم خشتەیە دەستبەسەر کراوان، حوکم دروان بە زیندانی، بانگهێشت، مانگرتنی زیندانیان، گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندانەکانی دیکە، گیان لەدەست دانی زیندانیان و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەهەمبەر چالاکانی فەرهەنگییە کە لەم نێوانەدا چوارچێوەی چالاکیی سەرجەم ئەو حاڵەتانە نادیارە و تەنیا چوارچێوەی چالاکیی ٤٢٧ کەس ئاشکرایە.

\"11677.jpg\"


بەپێی خشتەی (٥) زۆرترین ئامار پەیوەندی بە چالاکانی فەرهەنگییە کە لەم ئامارەدا ١٧٤ کەسی لە خۆ گرتووە.

چالاکنی مەزهەبی ١٠١ کەس و چالاکانی کرێکاری و مەدەنی بەڕیز ٤٤ و ٤ کەسیان لەم ئامارەدا پێکهێناوە و چالاکانی سیاسیش ٥٤ کەسن.

بەهۆی ئەوەی چوارچێوەی چالاکیی کەسانی مەزهەبی و فەرهەنگی کە زۆربەیان خوێندکار، رۆژنامەنووس، نووسەر و هونەرمەندن، بەڵام چالاکانی سیاسی لەبەر ئەوەی کە چالاکانی سیاسی دەکرێ لە سەرجەم ئەو چوارچیوانە چالاکی بکەن، کە ئەمە لە خۆیدا بۆ دەسەڵات زۆر زیاتر حەساسیەتی پێکهێناوە و ئامارەکەشی نادیارە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا پوروەندەی ئەمنیەتییان بۆ پێک دەهێنرێت و بە واتایەکی دیکە بە کەسانی سیاسی لە قەڵم ئەدرێن.

وێنەی (٤)
چوارچێوەی کار و چالاکیی ئەو کەسانە کە بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە و لە کۆی ٣٣٧ حاڵەت دیاری دەکات

\"11678.jpg\"


خشتەی (٦)
ئەم خشتەیە چوارچێوەی چالاکی و تاوانی بەسەردا سەپاویان یشان ئەدات
پێویستە بگوترێت کە ئەم خشتەیە زۆرترین ئماری حوکم دراوانی بە زیندان، بانگهێشت و دەستبەسەر کراوان، مانگرتنی زیندانیان و راگواستنی زیندانیان بۆ زیندانەکانی دیکە و کار وچالاکیی چالاکانی فەرهەنگی لە خۆ گرتووە کە لەم نێوانەدا تاوانی رێژەیەک لەو کەسانە راگەیەندراوە.

\"11679.jpg\"


خشتەی ژمارە (٦) لە کۆی ٤٣٠ کەس لەو کەسانەی کە تاوانەکانیان ناڕوونە، تاوانی ٣٥٠ کەسیان سیاسی راگەیەندراوە.

تاوانەکانی پەیوەندیدار بە چالاکیی فەرهەنگی و کرێکاری بەڕیز ٣١ و ١٣حاڵەتە و ١٤ کەسی دیکەشیان پەیوەندی بە چالاکیی سیاسی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەوە هەیە.

تاوانی پەیوەندیدار بە چالاکیی کرێکاری، مەدەنی و مەزهەبی بەڕیز ١٣، ٨ و ٦ کەسن کە پێویستە بگوترێت کە هەر وەک لە خشتەی ژمارە (٢)دا خرایە روو، ئاماری چوارچێوەی چالاکیی ئەو کەسانە لەگەڵ تاوانی بەسەردا سەپاو بەرابەر نییە. بەهۆی ئەوەی چوارچێوەی چالاکیی ئەو کەسانە دیاریکراو نییە، تاوانی راستەقینەی تۆمار کراوی ئەو کەسانە لە بەردەستی ئاژانسی کوردپادا نییە.

هەروەه اتاوانی سیاسی، مەدەنی، هەر هاووڵاتییەک لە هەر چوارچێوەیەکدا کە چالاکی هەبووە، لە خۆ گرتووە.

نموودار (٥)
لەم نموودارەدا تاوانی بەسەردا سەپاوی ئەو کەسانە لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کۆی ٤٣٠ حاڵەت پیشان ئەدات.

\"11680.jpg\"


خشتەی (٧)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئوستانەکان دیاری دەکات

\"11681.jpg\"


بەپێی خشتەی (٧) ئاماری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە ٤٤٣ کەسەوقە بلاو دەکرێتەوە.

ئوستانی کوردستان بە ئاماری ٣٤٢ کەسەوە لە پلەی دووەمی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ئەم ئامارە دایە.

ئوستانی کرماشان بە ٥٧ کەسەوە و ئوستانی ئیلام بە ٤٦ کەسەوە لە درێژەی ئەو حاڵەتانەی کە باس کران جێگە دەگرن.

لەم نێوانەدا ١٧١ کەس کە لەم ئامارەدا خرانە روو، ئوستانەکانیان دەستنیشان نەکراوە.

ئەم خشتەیەی سەرەوە نەتەنیا لە سەرێ و خواری بوونی ئاماری پێشێلکاریییەکانی مافی مرۆڤ لە ئوستانەکانی خستەڕوو، بەڵکوو لە سەرێ و خوارێ بوونی ئەم ئامارە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵیک هۆکاری وەک: نەبوونی دەنگدانەوەی مێدیایی خێرا و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام و هەڵکەوتەی جوگرافیایی و سیاسەتی حکوومەت ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر ئەو ناوچانە. هەروەها ناتوانین بلێن کە ئاماری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئوستانەکانی کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بە تەکمیلی بڵاو کراونەتەوە.

دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەنگدانەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیداری بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ئەستەم کردووە.

نمووداری (٦)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئوستانەکان دیاری دەکات

\"11682.jpg\"


خشتەی (٨)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بەپێی مانگەکان لە ساڵی ١٣٩١دا پیشان ئەدات

\"11683.jpg\"


بەپێی خشتەی (٨)
مانگەکانی گەلاوێژ. رێبەندان و رەشەمە بەڕیز ١٦٦، ١١٢ و ١١١ کەس زۆرترین ئاماری پێشلکاریی مافی مرۆڤی لە خۆ گرتووە.

مانگەکانی رەزبەر، پووشپەڕ و خەزەڵوەر بەڕیز ٩٣، ٩٢، ٩٠ و ٨٤ کەس لە پلەی دووەم دایە.

لە مانگەکانی سەرماوەز، جۆزەردان و بانەمەڕ بەڕیز ٧٦، ٧٦، ٦٤ و ٤٦ لە پلەی سێهەمدا جێگە دەگرن.

نمووداری (٧)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بەپێی مانگەکان لە ساڵی ١٣٩١دا پیشان ئەدات

\"11684.jpg\"


خشتەی (٩)
خشتەی (٩) ژمارەی کۆڵبەرە کوراو و بریندارەکان دیاری دەکات

\"11685.jpg\"


بەپێی خشتەی (٩) ئاماری کوژراو ەکان بە ٥٤ کەسەوە لە ئاماری بریندارەکان بە ٣٦ کەسەوە زیاترە. لەم حاڵەتەدا خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە هێزە نیزامییەکان بە مەبەستی کوشتن ، تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و لە سەرێ بوونی ئاماری کوژراوەکان بەڵگەی سەلمێنەری ئەو راستیەیە.

وێنەی (٨)
لەم وێنەیەدا رێژەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندارەکان پیشان دراوە

\"11686.jpg\"


خشتەی (١٠)
چٶنیەتیی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران دیاری دەکات

\"11687.jpg\"


بەپێی خشتەی (١٠)
لەم ئامارەدا ٧٠ کۆڵبەر کە زۆرترین رێژەی کوژراوانی لە خۆگرتووە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و حاڵەتەکانی دیکەش ژمارەی ١ هەتا ٦ی ئەو ئامارەیان پێکهێناوە.

لێرەدا پێویستە بگوترێت کە کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران نزیک بە ٨٠% بەرئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی بووە.

وێنەی (١٠)
ژمارەی کوژراو و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشان ئەدات

\"11688.jpg\"


خشتەی (١٢)
چۆنیەتی کۆژراو بریندار بوونی هاوولاتیانی مەدەنی کە لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بوونتە قوربانی، دیاری دەکات.

\"11689.jpg\"


بەپێی ئاماری خشتەی (١٢) زۆرترین ژمارە، واتە ٤٧ کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنیبە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

٤ کەس بە هۆی سووتانەوە و بەرئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ماشێنی هاوولاتیان هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها ٩ کەس بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزە نیزامییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژراون.

وێنەی (١١)
چۆنیەتی کوژراو و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی بەدەستی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری دەکات.

\"11690.jpg\"


خشتەی (١٣)
ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو بەدەستی ‌یزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئرانەوە کوژراون و برینداربوون پیشان ئەدات

\"11691.jpg\"


بەپێی خشتەی (١٣) ژمارەی ژمارەی کوژراوەکان بە ١٩ کەس و بریندارەکان بە ٢٠ کەسەوە بە شێوەی نێونجی لە ئاستێکدان. هەروەها بەپێی موشەخەساتی تۆمار کراوی ئەو کەسانە لە ناوەندی ئاماری ئاژاسنی کوردپا، زۆرترینی ئەو کەسانە هاووڵاتیانی مەدەنی بوون کە لەم نێوانەدا ٣ منداڵ کە تەمەنیان لە نیوان ٧ هەتا ٨ ساڵدایە، بەرچاو دەکەوێت.

وێنەی (١٢)
ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون، پیشان ئەدات

\"11692.jpg\"


خشتەی (١٤)
شوێنی ئەو زیندانیانەی کە لە زیندانەکانەوە راگوێزراون دیاری دەکات
ئەم خشتەیەی ژێرەوەدا بارودۆخی زیندانیانی سیاسی دەخرێتەروو کە بەهۆکاری جۆراوجۆر لە زیندانەکان راگوێزراون.

\"11693.jpg\"


بەپێی خشتەی (١٤) ٦٣ کەس بە زۆرترین ئامار بۆ زیندانەکانی دیکە و ١٥ کەسیش بۆ شوێنی نادیار و ٦ کەسی دیکەش بۆ قەرەنتینەی نێو زیندان راگوێزراون.
بەپێی موشەخەساتی تۆمار کراو، تاوانی زۆربەی ئەو کەسانە بە چالاکی سیاسی لە قەڵەم دراوە.

وێنەی (١٣)
شوێنی ئەو زیندانیانەی کە لە زیندانەکان راگوێزراون، دیاری دەکات

\"11694.jpg\"


خشتەی (١٥)
شوێنی بانگهێشتی ئەو کەسانەی کە بانگهێشت کراون، دیاری دەکات

لە درێژەی شێکردنەوەی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لەم بەشەی راپۆرتەکەدا دەپرژێینە سەر حاڵەت و لایەنەکانی حاڵەتی بانگهێشتی هاوولاتیان بۆ ناوەندی ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئێسلامیی ئێران.

\"11695.jpg\"


بەپێی خشتەی (١٥) زۆرترین ئاماری بانگهێشتی ئەو کەسانە بە ٥٠، ٤٣، و ٤٢ کەس بۆ رێکخراوی رۆحانییەت، ئیدارەی ئیتلاعات و دادگا بوون.

وێنەی (١٤)
شوێنی بانگهێشتی ئەو کەسانە بە شێوەی نمووداری پیشان ئەدات

\"11696.jpg\"


خشتەی (١٦)
خشتەی (١٦) تەمەنی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە

\"11697.jpg\"


بەپێی خشتەی (١٦) لە کۆی ١٠٦٥ کەس تەنیا تەمەنی ١٢٥ کەسیان زانراوە
ئەوەی لەم خشتەیەدا جێگەی سەرنجە کە تەمەنی زۆربەی ئەو کەسانە لە خوار ٣٢ ساڵەوەیە واتە لە نیوان ١٢٥ کەس، ١٠١ کەسیان تەمەنیان لە ژێر ٣٢ ساڵ دایە.

هەروەها ١٤ کەس بە تەمەنی ١٧ ساڵ لە نێوان ١٢٥ کەسدا، ئامارێکی جێگەی سەرنجە لەپەیوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی.

تێبینی:

ئەم راپۆرتە بە هەوڵ و ماندووبوونی سەدان کەس لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە سەرجەم ناوچە جیاجیا کوردنشینەکانی ئێران و بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتی و مەترسی بۆ سەر گیانی ئەو چالاکانە، کۆکراوەتەوە و بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، لە \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\"ش بە هەوڵی بێ پسانەوە و کۆمەڵیک لە تێکۆشەرانی رێگەی ئازدیی و سەربەستی ئینسان ئامادە و بڵاو کراوەتەوە و بەڵگەیەکە بۆ پشتراست کردنەوی سەرکوتی سیستماتیک لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران.

ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە بڵاوبوونەوەی بەشێوەی بەربڵاو لەسەرجەم مێدیا و کاناڵەکانی راگەیاندنەوەیە و بڵاو کردنەوەی ئەم راپۆرتە ئامارییە بە هێنانی ناوی سەرچاوەکەی بۆ سەرجەم مێدیاکان، رێگە پێدراوە.

بەپێی بڕیاری شۆرای بەڕێوەبەریی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ بەو لاوە، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ئاژانسی کوردپا بەبێ هێنانی ناوی سەرچاوەکەی بە هیچ شیوەیەک رێگە پێدراو نییە و ئاژانسی کوردپا بە هەموو شێوەیەک بەدواداچوونی بۆ ئەنجام ئەدات.