پەنجە خستنە ناو پەنجەی هێز

15:56 - 15 بەفرانبار 2713
Unknown Author
سۆران شێرزاد

مارتین لۆتێرکینگ و بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئامریکا
بە هێزترین چەک ناتوندوتیژییە کە لەدەستی ئێمە دایە ئاڵۆزترین چەکیش رێکخستنە
\"مارتین لۆتێرکینگ\"

بزوتنەوەی جەماوەری، کە لە باشوری ئامریکا سەری هەڵدا لە ساڵی ١٩٥٥تا ١٩٦٥ راستەوخۆ لە شێوازەکانی بەربەرەکانی مەدەنی ئیلهامی وەرگرتبوو.

لە دەیەی بیست ناوبانگی ستراتیژی گاندی لە خەبات بە دژی کۆلۆنیالیسم گەیشتە ئامریکا ئەوانیش پێیان وابوو لە شیوازێکی لەم چەشنە دەتوانن کەڵک وەرگرن، هەر لەم پێوەندییەدا هێندێک لە رەشپێستەکانی ئامریکا سەردانی هێندیان کرد و لە نزیکەوە لە جەوهەری ئازموونەکانی گاندی تێگەیشتن و پێێ ئاشنا بوون ئەگەرچی مارتین لۆتێرکینگ لە نێو ئەو کەسانەدا نەبوو بەڵام مێژووی خەباتی رەشپێستەکانی ئامریکا ئەوەی نیشان دا کە زیاترین رۆڵی لە بە جەماوەری کردنی ئەم شیوەیە لە خەبات دا هەبووە.

مارتین لۆتێرکینگ لە ١٥ی ژانویەی ساڵی ١٩٢٩زایینی لە شاری ئاتڵانتای ئەیالەتی جۆرجیا چاوی بە دنیا هەڵێنا، باوکی مارتین کەشیش بوو و لە لای خەڵک بە باوکە کینگ ناوبانگی دەرکردبوو، ناوبراو کەسێکی ناتق و زمانزان بوو وتارە ئاگرینەکانی بە سانایی کاریگەری لە سەر بەرامبەرەکانی دادەنا، باپیریشی کەشیشێکی نێو بەدەرەوە بوو کە ساڵەهای ساڵ بە هەزاران کەسی بۆ لای کلیسا راکێشابوو. کینگ لە بنەماڵەیەکی لەم شێوەیە دا چاوی بە دنیا هەڵێنا و زۆربەی کاتەکانی منداڵی لە کلیسا دا بردە سەرێ
تەمەنی مارتین گەیشتە ئاستێک کە پیویست بوو بچێت بۆ قوتابخانە و بۆی دەرکەوت کە دەبێ لە سپی پێستەکان هەڵاواردرێ، ئەو راستی مەسەلەکەی نەدەزانی، باشە هۆکاری هەڵاواردنی لە هاورێکانی چییە؟ ئەو راستی ئەم مەسەلەیەی نەدەزانی، ناوبراو بە تەواوی سەری لێ شێوابوو کاتێک ئەو هۆکارەکەی لە دایکی پرسی دایکی باسی دەورانی دیلی بۆ کرد و پێی وت کە دوای ئەوەی شەرە نێوخۆییەکان تەواو بوون کاریگەری ئەو شەرانە بەسەر ئامریکاوە هەر ماوە و جیایی رەگەزی لە قوتابخانەکان، رێستورانت، ئوتوبوس تەنانەت لە شێرەی ئاو خواردنەوە و ... ببوو بە ئەمری واقع و دواتر رستەیەکی هێنایە زمان کە هەموو منداڵە رەشپێستەکان لە یەکەم هەنگاو د ا دەیبیسێ\" بەڵام تۆش وەک هەموو مرۆڤە باشەکانی\"
بە هەمووی ئەوانەوە دۆخی منداڵی ئەو کە جاروبارە لێدان و کوتانیشی لە لایەن بابییەوە پێوە بوو، پر بوو لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش بۆ مارتین.

داییک و باوکی بە بەردەوامی لە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی خەڵک دابوون و لە خۆشی و ناخۆشی خەڵک دا بەشدار بوون و رێزی خەڵک بۆ باوکی ببوو بە پاڵپشتێکی مەعنەوی باش بۆ مارتین لۆتێر کینگ. باوەرمەند بوونی داییک و باوکی کاریگەری لە سەر کەسایەتی ناوبراو هەبوو.

گەورە بوون لە ژێر سێبەری باوکێک کە هەموو کات و ساتەکانی بۆ کلیسا و شوێنە ئاینییەکان تەرخان کردبوو منداڵی ئەوی بردە ناو خەم و گرفتاری خەڵک بەڵام رەشپێستەکان جگە لە کێشەی جیاوازیدانانی رەگەزی کۆمەڵێک کێشەی تریشیان هەبوو ئەوان ئەو نابەرابەرییە قوڵ و رەرگەزیانە کە خۆی لە بێبەشی رەشپێشتەکان لە پێداویستییەکانی سپی پێستەکان، کرێێ کەم، ئیشی رەزیل و ژیان لە شوێنی نابەجێ دا دەدیتەوە بە شێنەیی چەمکی جیاوازیی رەگەزی بە مارتین ناساند.
لە روانگەی سپی پێستەکان، رەش پێستەکان بوونەوەرێکی پیس، گڵاو، خوێری، ماستاوچی و تەنانەت نەخۆش بوون. مارتین لەسەرەتای منداڵییەوە هەستی بە ئەمە دەکرد .

ناوبراو هەموو هەوڵەکانی بۆ لابردنی ئەو پەڵە رەشانە لە سەر نێوچاوانی رەش پێستەکان خستەگەر .

لەو جێگەوە کە باوکی مارتین کورە وەرزێرێک بوو کە لە سەر زەوی خەڵک ئیشی دەکرد لە هەل و مەرجی نالەباری ورەزێرەکان ئاگادار بوو، مارتین لۆتێر سیستەمی دەرەبەگایەتی بە جێگرەوەی تەواو عەیاری کویلەداری دەزانی ناوبراو پێێ وابوو کە کۆیلەکان لە رواڵەت دا ئازاد بوون بەڵام بە جێێ زنجیری ئاسن زنجیری ئابوورییان لە مل دابوو، بۆ رۆڵەکانی دەگێرایەوە کە سیستەمی دەرەبەگایەتی کە لە باشور دەسەڵاتی هەبوو دوا بە دوای شەرە نێوخۆییەکان و راگەیەندراوی نەمانی کۆیلایەتی وەرزێرانی رەشپێست بایخێکی ئەوتۆیان نەماوەو لە راستیدا لە لایەن خاوەندارێتی سپییەوە داگیرکراون ، وەرزێری رەش پێست نیوەی پارەی کووتی زەوی و زار دەدات و بۆخۆشی لە سەر زەوییەکە پێویستە کار بکات بەڵام تەنیا نیوەی داهاتی زەوییەکەی بە نسیب دەبێت کە ئەم بەشەش لە لایەن مڵک دارەوە دەدزێت و وەرزێریش مافی پرسیار کردنی نییە
لۆتێر کینگ هەر لە هەرەتی لاوەتییەوە دژایەتی ئەو هەلومەرجەی کرد دواتریش، کە بوو بە پێشەوای ئایینی تواناییەکی باشی لە وروژاندنی هەستی خەڵک دا هەبوو و لە بەرامبەر یاسای لێک جیاکردنەوەی نەتەوەیی کە لەسەر ئەو بنەمایە پێداویستییەکانی ژیانی سپی پێستەکان و رەش پێستەکان لێک جیا دەکرایەوە هەڵوێستی گرت. ساڵی ١٩٣٥ و ١٩٣٦ی زایینی رێبەری تاقمێک لە رەشپێستەکانی کە خوازیاری یەکسانی دەنگ و مافی مامۆستایانی سپی پێست و رەشپێست بوون، خستە سەرشانی.

مارتین گەرچی تەمەنی کەم بوو بەڵام بەو پەری رێزەوە سەیری باوکی دەکرد.
بە پێچەوانەی سپی پێستەکان و بە کەم زانینی رەش پێستەکان لە گۆمەڵگادا کەسانێکی جێگای متمانەی لە نێو نەتەوەکەی خۆی دا دەناسی، بەرێوبەرانی کۆمپانیای بیمە، بانکەکان، و زۆربەی ئەو بنیاتانەی کە مارتین دەیناسی هەموویان رەش پێست بوون ئەم توێژە تایبەتە لە کۆمەڵگا دا خاوەنی کەسایەتی بوون مارتین لە ساڵی ١٩٤٢ی زایینی ساڵێک زووتر لە هاوتەمەنەکانی پێێ نایە تاقە قوتابخانەی رەش پێستەکان، ناوبراو لە پۆلی یازدەهەمی ساڵی خوێندن بەشداری فستیڤاڵێکی کرد لە شاری ئاتڵانتا کە مەودایەکی زۆری نەبوو لە گەڵ شارەکەی خۆی، وتاری ناوبراو کە لە ژێر ناوی رەش پێستەکان و یاسای بنەرەتی بە باشترین وتار ناسرا لە کاتی گەرانەوەی مارتین بۆ ماڵ ناوبراو لە پەنای مامۆستاکانی دانیشتبوو لە ئوتوبوس دا کاتێک کە چەند سپی پێست سوار بوون هەروەک جاران دەبا جێگای خۆی دابا بە سپی پێستەکان و تاگەیشتن بە شوێنی مەبەست دەبا لە سەر پێ راوەستن مارتین ئەو ساتەی قەت لە بیر نەچوو کە خۆی بە توورەترین ساتی ژیانی دەزانی.

باوکی مارتین ئاواتی ئەوە بوو لە داهاتوودا کووڕەکەی جێگای بگرێتەوە، بەلام مارتین لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری کاریگەری باوکی لەمەڕ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بە نیسبەت خەڵکەوە بوو، بەڵام پێی وابوو کە کەشیشەکان بە جێگای رێبەری خەڵک وەدوای خەڵک دەکەون و کەمتر لە بیری گۆرینی هەلومەرجی ئارایی دان.

بوونی پارادۆکسێکی لەم چەشنە لە نیوان ئاواتەکانی باوک و گومانی کوڕ ببوو بە سەر ئێشە بۆ مارتین، لەو کاتەدا مارتین دەبا بەشداری کۆلێژی مورهاوسی بکردبایە، کە لەلایەن کەشیشە سپی پێشتەکانەوە بۆ درێژەی خوێندنی کەشیشە رەش پێستەکانەوە دروست کرابوو، لە ساڵی ١٩٤٤ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەرفەتی جوون بۆ کۆلێژی پێدرا ئەگەرچی ناوبراو نەیدەویست بچێتە ریزی کەشیشەکانەوە بەڵام بە هۆی ئەوەیکە لە بنەماڵەیەکی ئایینی دا گەورە ببوو، خزمەت کردن بە خەڵک لە ناخی ئەودا جێی گرتبوو و حەولی دەدا بۆ رزگاری رەشپێستەکانی ئامریکا. لە سەرەتا دا پزیشکی و ماف ئەو بەشانە بوون کە ئۆگریان ببوو بەڵام لە ئاکام دا کۆمەڵناسی هەڵبژارد و لە پەنا ئەویش دا ئەدەبیاتی ئینگلیزی وەک کۆلێژی لاوەکی هەڵبژارد، دوای ماوەیەکی کورت دوکتوور بنیامین مایزی ناسی، ناوبراو بەردەوام لە وتارەکانی دا ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ئەمن نامهەوێ ئێوە ببن بە پزیشک یان مافناس بەڵکوو هەوڵی من ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئێوە دروست بکەم .

مایز لە وتارەکانی‌دا بە توندی هێرشی دەکرد سەر رەگەزپەرەستی و کەشیشە رەشپێستەکان و وەبیر ئەوانی دێناوە کە ئێوە لە راستییەکان دوور کەوتوونەتەوە و باشی و خۆشبەختی لە جیهانێکی تر دا دەبینن. ئەو وتانە کاریگەری لە سەر مارتین لۆتێر کینگ داناو کەوتە بیری ئەوەی کە ئەگەر ببێ بە کەشیش دەتوانێ هەوڵی چاکسازی کۆمەڵایەتی بدات و دەکرێ کلیسا بکرێتە ناوەندی ئەو چالاکییانە. ئەو بابەتەی لە گەل باوکی تاوتوێ کرد و بە پێشنیاری ئەو وتارێکی لە کلیسا خوێندەوە، وتارەکە لە ئاستێکی زۆر بەرز دابوو، لە ساڵی ١٩٤٧ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بوو بە هاوکاری باوکی و هەروەها درێژەشی بە خوێندن دا.

ئاشنا بوون لەگەڵ ئەندێشەکانی گاندی و تورو

بۆ یەکەم جار دوکتوور مایز، ناراوی لەگەل ئەندێشە و فەلسەفی گاندی ئاشنا کرد، دوکتوور مایز ساڵی ١٩٣٦ چوو بوو بۆ هێند و بە پەیامێکی هیوابەخش گەیشتەوە ئامریکا.

جگە لەوەی کە بۆچوونەکانی دوکتوور مایز ببوو بە هزر و بیری مارتین، مارتین وتارێکی سەبارەت بە نافەرمانی مەدەنی لە نووسینی دیوید تورو وەک واجیبێک خوێندو بۆ یەکەم جار لە گەڵ چەمک گەلیک وەک نافەرمانی مەدەنی و نەفی هاوکاری لەگەڵ خراپەکاران، ئاشنا بوو. هزری تورو ئەوە بوو کەمینەیەک تەنانەت کەمینەیەکی چەند کەسی دەتوانێ شۆرشێکی ئەخلاقی لە ناخی خەڵک دا دروست بکات، ئەو بۆچوونانە مارتنیان لە ئامێز گرتبوو گاندی و توورۆ ئاوێتەی بیر و بۆجوونی مارتین ببوون.

مارتین هاتە سەر ئەو بروایە زیاتر گرینگی بە مەسەلە ئەخلاقییەکان بدات لە کلیسادا کە گرینگن و لە چالاکییە خوێندکاری و کۆمەڵایەتییەکان خۆی ببوێرێ و خەریکی خوێندن و خۆ پیگەیاندن بێت.

لە کاتێک دا کە مارتین خوێندکار بوو رێکخراو گەلێک دامەزرابوون کە لە شیوە خەباتی گاندی بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ رەگەز پەرەستی لە ئامریکا کەڵکیان وەردەگرت.

مانگرتن بە شیوەی دانیشتن و شێوەگەلێکی لەم جۆرە، هەموویان لە لایەن ئەو رێکخراوانە لە ساڵەکانی ١٩٤٢ تا ١٩٤٧ رێکدەخران.

سێ رۆژ دوای تیرۆری گاندی لە سییەمی ژانویەی ساڵی ١٩٤٨ی زایینی هری ترومن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئامریکا، پەیامێکی ئاراستەی کۆنگرە کرد، ئەو کردەوەیە، لە لایەن ئەو زانکۆیەی گاندی لێی خوێندبوو وەک دژکردەوەیەک بە تیرۆری گاندی لێکدرایەوە، هەر لەو ساڵەدا مارتین بریاری دا لە زانکۆی \"الاهیات\" لە ئەیالەتی پێنسیلوانیا بەکالیۆریس وەربگرێت.

دەسپێکی رۆچوونی هزری گاندی بەرەو ناتووندوتیژی

کینگ لەم زانکۆیە دا هەموو کاتی خۆی بۆ خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن تەرخان کرد، زیاتر تواناییەکانی خۆی دەدۆزییەوە، لە کاتی خویندنەوە دا کەوتە ژێر کاریگەری نووسراوەکانی والتر راوشەنبووش، یەکێک لە بیرمەندانی بواری خواناسی، ناوبراو بنەمای کتێبەکەی ئەوی کردە بنەمای خوێندنەوەکانی خۆی.راوشەنبووش یەکێک لەو رێبەرە فکرییانە بوو کە بنەرەتی هزرەکەی لە سەر ئەساسی جوڵە و ئەکتیڤ کردنی هەرچی زیاتری مەسیحییەت لە راستایی دادی کۆمەڵایەتی، دامەزراندبوو و لە سەر ئەوبروایە بوو کە رینماییەکانی دەرەوەی سروشت چارەسەری گێرەو گرفتەکانی خەڵک ناکەن، و ئەوە خوو رەوشتی کۆمەڵایەتی مەسیحییەتە کە شایەنی پیداگری و بەرزنرخاندنە. ناوبراو لە سەر ئەو براوایە بوو کە شۆڕشی پێسەسازی بڕەوی بە کاپیتالیسم داوە و بۆتە هۆی چەوسانەوە، ئاژاوە و دونیاپەرەستی، مارتین لۆتێر کینگ ئەگەرچی کەوتبوو ژێر کاریگەری ئەم هزرە بەڵام قبووڵی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم هزرانە لە سوسیالیزم نزیکن. هەر دوو لایەنی مرۆڤ واتا لایەنی روحی و جەستەیی لە نەزەر دابوو و لە سەر ئەو بروایە بوو تەنیا گرینگی دان بە روح و خافڵ بوون لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان،خۆی، نیشانەی ناکامل بوونی روحی مرۆڤە.

کینگ کتێبی سەرمایە و مانیفێستی کۆمۆنیسمی لە نووسینی کارڵ مارکس خویندبووە، بەڵام تێروانینی دوور لە تێروانینی ئایینی مارکس لە مێژوو و هەروەها تەواوییەت خوازی ئەم ئایدیالۆژییایە و رێژەگەری ئەخلاقی کە مارکسیسم باسی لیوەدەکات و ئەوەی ئامانج تەوجیهی ئامراز دەکات و ئاماج رەوایی بە ئامراز دەدات بوو بە هۆی رەنجانی ناوبراو لەو مەکتەبە، بەڵام لە هەمانکات دا دادگەریی و رەخنە لە جیاوازی چینایەتی ئەو جیاوزییە زۆرەی لە نیوان هەژار و دەوڵەمەند دا بوونی هەبوو لە گرینگی پیدانی ناوبراو بەم هزرانەی کەم نەکردەوە و لە ئاکام دا بەو قەناعەتە گەیشت، مارکسیسم و کاپیتالیسم بەشێک لە راستیان لە ناخی خۆیاندا هەیە و هۆکاری بە هێز بوونی مارکسیسمیان لە بێ هێزی مەسیحییەتدا بینیوە و پێی وابووە مەسیحییەت بە رادەی بەرچاو مەسیحی نەبووە، کینگ زۆربەی نووسراوەکانی بیرمەندە کۆمەڵایەتییەکانیانی کۆن و نوێ لە ئەرەستوو را بگرە تا بنتهام و رۆسۆ خوێندبۆوە لە زۆربەی وتارەکانی ئەی ج موست کە دەکرێ بوترێ یەکی لە وروژێنەرترین ریفۆرمخوازانی سەردەمە بەشداری دەکرد، شێوەی بیرکردنەوە ئەی جی موست بەو شئوەیە بوو؛ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ هەرجۆرە شەڕێک کە ئەمە بۆ کینگ لێڵ و قبووڵ کردنی دژوار بوو، لە لایەکی ترەوە لە کتێبەکانی نیچەدا خوێندبوویەوە کە ئەشق و لێبووردەیی کە مەسیحییەت بانگەشەی بۆ دەکرد پوچ و بێ واتایە، هزر و بیری کینگ لە نیوان ئەو دوو تێروانە دژبەیەکەدا مابووە.

منبع؛مبارزەی عاری از خشونت مهاتماگاندی و مارتین لۆتیر کینگ
ترجمە بە فارسی؛ شهرام نقش تبریزی
پەنجە خستنە ناو پەنجەی هێز
بەشی یەکەم و دووهەم