پێویستە هێزی پێشمەرگە بەهێز بكرێ‌

14:21 - 17 گەلاوێژ 2712
Unknown Author
ئەمجەد حوسێن پەناهی
بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەڵی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ساڵهایە دەستی پێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەوە زیاتر لە بێست ساڵە، ئەحزابی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێدەشتی شارەكانی هەرێمی كوردستان یەكجی نشین بووە و بەتەواوەتی دەستی لە خەباتی چەكداری كێشاوە. لە لایەكی ترەوە تاراوگەنشینی‌ حیزبەكانی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان لەگەڵ خۆی‌ دوركەوتنەوە لە خەباتی‌ مەدەنی‌ و جەماوەری‌، لە ناوخۆی‌ حیزبەكاندا ‌و جێگیربوونی‌ سیاسەتی‌ دەستەوئەژنۆ دانیشتن و چاوەڕوان مانەوەی‌، پەرە پێداوە. ئەمانەش فاكتەرگەلێكن كە رێك بە پێچەوانەی‌ بەرژەوەندیی‌ گشتیی‌ بزاڤی‌ رزگاریحوازانەی‌ كوردستانی‌ ناو ئێران، لە كایەدان و كاردانەوەیان هەیە و دەیانبێ.

لێردا پێم خۆشە باسی كۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بكەم، مێژوی خەباتی ماندوویی نەناسانەی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە مێژووی خەبات و بەرەنگاربوونەوە، مێژوی بزووتنەوەی شۆڕشگیرانەی خەلكی كوردستانە. زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە بناغەی ئەم هێزە لە هەلومەرجێكدا و لە شۆڕشی گەڵانی ئێران لە سالی 57دا و هاوكات و لەگەڵ هەڕەشەكانی راستەوخۆ و نزیك بوونەوەی پەلاماری كۆماری ئیسڵامی بو سەر كوردستان، بنكەكانی فێرگەی كومەڵە لە باشوور و باكوور بۆ پەروەردەكردن و ئامادەكردنی كادرەكانی هێزی پێشمەرگە كەوتنەڕێ و چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەو تیكۆشەرانە پێكهات كە دەورەی نیزامی ئەو فێرگانەیان تیپەڕ كردبوو.

هێزەكانی یەكیەتی جووتیاران لەژێر بەڕیوەبەری و رێنوێنیی تێكۆشەرانی كۆمەڵە لە مەریوان و دیواندەرە و كامیاران و سەردەشت و بۆكان و مەهاباد، ئەركی خۆیان سەركەوتوانە جێبەجێ كرد. زەوییەكانیان بە سەر جووتیارانی هەژاردا دابەش كرد و بوونە مایەی هەڵوەشانەوەی دارودەستەكانی چەكداری ئاغا و دەرەبەگەكان.

سەرودڵ خوش بوونی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش بە داهاتوویەك كە دەیان ‌ویست بەدەستی خۆیان بونیاتی بنێن، پێكهاتنی كەش و هەوای دێمۆكراسی و ئازادی لە كوردستان كە ئەو ناوچەیەی كردبووە سەنگەرێكی پتەوی دریژەی شۆڕش لە ئێران پەرەسەندنی نفووزی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵە و گەشەكردنی تواناییەكانی لە كۆكردنەوە و رێكخستنی جەماوەردا كەلە چەندین روداوی مێژویی وەك كۆچی مەریوان و مانگرتنی یەك مانگەی شاری سنە بۆ دەركردنی سوپای پاسداران لە كوردستان، چەك كردنی هێزی كۆنەپەرەستی رزگاری كە لەلایەن شێخەكانی ناوچەكەوە‌ دامەزرابوو، بە پشتیوانیی جەماوەر، رێپێوانی هاوپشتی بەرەو مەریوان و هی تردا خۆی دەنواند. هەمووی ئەوانە كە ئاسۆیەكی دیكەیان بو شۆڕشی ئێران لەبەرچاو بوو، بۆ رژیمی ئیسلامی تەحەمول نەدەكرا.

هەر بویە دوای ماوەیەك فریوكاری و تەفرەدان، هەموو دەرگاكانی گفتوگۆیان یەكسەر داخست و دوای خولقاندنی چەندەها جینایەتی وەك قاڕنێ و قەڵاتان، بە فەرمانی خومەینی لە 28ی گەڵاوێژی سالی 1358ی هەتاویدا هێرشێكی بەربڵاو و دڕندانەیان بۆ سەر كوردستان دەست پێكرد. كۆمەڵە بانگەوازی موقاومەتی لە هەموو مەیدانەكانی خەباتی جەماوەریدا دەركرد و خەڵكی كوردستان بە پیر ئەو بانگەوازە هاتن و میژووی پڕ لە هەڵسوكەوت و پڕ لە ئەزموونی 34 ساڵی رابردوویان دروست كرد.

لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە، هاندەری خەبات و بەرگری لە بەرانبەر هێزی داگیركەری كۆماری ئیسڵامیدا بووە و خۆی لە ریزی پیشەوەدا فیداكاری و گیانبازیی بۆ كردووە. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە ماوەی زیاتر لە 3 دەیە حزووری خۆی لە مەیدانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا چ لە دژی ستەم و سەركوتی حكوومەتی ئیسلامی و چ لە دیفاع لە مافە سەرەتاییەكانی خەڵكی زەحمەتكێش لە ناوخۆی كۆمەڵگای كوردستاندا گەلێك هەوراز و نشێوی بڕیوە و دەرس و ئەزموونی بەنرخی تۆمار كردووە.

ئێستا دوای 3 دەیە ئایا ئەم هێزە كە هەزاران هەوراز و نەشێوی بڕێوە و بەپێی ئەو فاكتەرانە كە بەڕاستی وەكوو هێزیكی شۆڕشگێر جووڵاوەتەوە و رۆڵی گیڕاوە، ئایا لە داهاتووی دەبێ لە چۆن رۆڵی خۆی بگێڕێت و خاوەندارێتیی خوێ كات لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەداخەوە كە لێكترازانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەت كۆمەڵە و لە هەموو گرنگتر ئوردووگا نیشینی كاریگەریی خەراپی لەسەر هێزی پێشمەرگە و داهاتووەكەی بووە.

لە لایكی ترەوە بەداخەوە كە حیزبیك كە بڕوای بە خۆی‌ و بزووتنەوەكە و پێوەندیی‌ نێوانیان نەبێ‌، ناتوانێ‌ و ناوێرێ‌ بچێتە ئەو مەیدانەوە و خۆی‌ تێدا تاقی‌ بكاتەوە، وەك دەبینین، تەنانەت هەلومەرجی‌ تاراوگەنشینی‌ شەرمی‌ كەسانیكیش دەشكێنێ‌ كە قین لە دڵانە، دژ بە خەباتی‌ پێشمەرگایەتی‌ بدوێن، گاڵتەیان بێ‌ بە تێكۆشانی‌ سەربەخۆ و لەسەر پێی‌ خۆ وەستان و بە ئیرادەگەرایی‌ ناوزەدی‌ دەكەن.

بەڵام لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا بارودۆخی‌ ئێران رۆژ لە دوای‌ رۆژ ئاڵۆزتر دەبێ‌ و بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامە ناوەكییەكەی لەلایەن وڵاتانی دەرەوە رۆژ بە رۆژ گەمارۆی زیاتری دەخرێتە سەر و لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلێكی ناڕەزایی لە ناوخۆی ئێران لە پاش هەڵبژاردنی سەركۆماری و هاتنەوە سەر كاری مەحموود ئەحمەدی نەژاددا درووست بووە.

لەلایەكی دیكەشەوە بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانیكی جیددی هەنگاو دەنێ و دیارە رووخانی رژیمی ئەسەد لە سووریە چاوەڕوانكراوە و لەم نێودا هەلیكی تر بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەڵكەتووە كە دەتوانێ كارێگەریی باشی لەسەر بەشەكانی تری كوردستان و بەتایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان هەبێت، بوێە بەڕای من لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەم نێودا كۆمەڵە دەبێ بۆ پتەوكردنی هێزی پێشمەرگە تێ بكۆشێت و شۆڕشەكانی وڵاتانی عەربی بەڕوونی نیشانی دا كە هێز روڵی سەركی دەبێنی، چ لە ئاستی جیهانیدا كە سەرنج و هاوكاریی وڵاتانی دژ بە ئێران بۆ لای خۆی راكێشێ و چ لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا كە كورد مافی نەخورێت و لە هەموو گرنگتر ئەوەیە كە دەبێ هەموو كات ئەوەمان لەبیر نەچێ كە خەباتی چەكداری وەكوو یەكێك لە رێگاكانی بەرگریی شۆڕشگێڕانە لە كوردستان لە ماهیەتی كۆماری ئیسلامی و توندوتیژی نواندنی بەردەوامی ئەم رژیمە دژ بە ئازادی و مافی سەرەتایی خەڵك سەرچاوەی گرتووە و پێویستی دیفاع لەو رێبازە بەو هۆیەوەیە.

هەر بۆیە دەبێ كۆمەڵە پێداگری كات بۆ پاراستن و پتەوكردنی باسكی چەكداری خۆی و جووڵەی نیزامی ئەو هێزە لە كوردستان وەك بەشێك لە بزووتنەوەیەكی جەماوەری لەبەرچاو بگرێ.