پێویستیی کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان

20:32 - 5 جۆزەردان 2714
Unknown Author
مەجید حەقی

ئەمساڵ بیست و پێنج ساڵ بەسەر تیرۆر دکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رێبەری ناسیونالیزمی مۆدێرنی کور لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خەبات نەتەوایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی بە تەواو کەری بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان دەزانی تێپەر دەبێت. لە دوای تیرۆری دکتۆر قاسملوو و شەرفکەندی، ‌هێزە سیاسییەکانی رۆهەڵاتی کورستان نەمازە حیزبی سەرەکی ئەو بەشەی نیشتیمان رۆژ لە گەڵ رۆژ لە پاشەکەشە و لاواز بوون دابووە.
لە بەرخودانی خانی لەپزێرینەوە تا ئەمرۆ هەرکات بزاڤی رزگاری خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکگرتوو بووبێت و رێبەریەکی یەکگرتووی هەبێت، توانیویەتی بەشێکی زۆر لە خاکی نیشتیمان ئازاد بکات و حکوومەتی جۆراوجۆر لە کۆماری سمایل خانی سمکۆی شکاکەوە بگرە تا کۆماری کوردستان دامەزرێنێت.

کۆمەڵگەی کوری بەهۆی پلۆرالیزمی چاندی، فەرهەنگی، ئایینی، تێکەڵاوی عەشیرە و خێڵەکان و پێگەی ئابووری خۆی پێویستی بە سیستەمێکی \"رێبەر ناوەندی\"ە کە بتوانێت خەڵکی کورد لە دەوری بەها هاوبەشەکاندا کۆبکاتەوە و ئەو دەوڵەمەندی و رەنگینیەی کۆمەڵگا بکاتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پێکەوە بوون و وزەدان بە بزاڤی رزگاری خوازانەی نەتەوایەتی. پێکهێنانی رێبەریەک کە نوێنەرایەتی هەموو نرخ و بەهاکانی ناو کۆمەڵگا بکات و لە سەردەمی رێبەرایەتی کۆلێکتیڤ و بەکۆمەڵدا پێویستی پێکهێنانی رێبەریەکی یەکگرتوو لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کاریگەر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێویستی مرۆڤ بۆ ئۆکسیژێنە بۆ ئەوەی هەناسە بکێشێت و زیندوو بمێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا زۆر جار هەوڵێ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دراوە و هێزەکانی کوردستانی پرۆپاگەندەیەکی زۆریان لە لایەنگری و دەروەست بوونیان بۆ بەرە راگەیاندووە. لە نەبوونی تەبایی ناوخۆیی حیزبەکان و تەنگەژەی بڕوای داسەپاو بەسەر کەشی سیاسی – کۆمەڵایەتی کوردستاندا، هەوڵەکان تەنیا بە تاوانبار کردنی لایەنەکانی بەرامبەر کۆتایی هاتووە و بە هۆی بازنەی داخراوی فەرهەنگی حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەوڵی کرانەوەی گرێکانی بەردەم پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە بازنەی حیزبەکانەوە دەرنەکەوتووە و کەسان و لایەنەکانی – رۆژهەڵاتی کوردستان – لە دەرەوەی بازنەی حیزبە سیاسیەکان بەشداری رەوتی گفتگۆی بەرە نەکراون.

بە هۆی گۆڕانکاریەکانی باشوور و باکووری کوردستان و گۆرانکاریەکانی جوغرافی سیاسی سووریە و گۆرانکاریەکانی ناوخۆی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەروازەی زۆر ئاڵوگۆری چارەنووس سازی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیستەمی ئێکۆلۆژی و ژینگەیی دایە. هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە لە سەر رەوتی خەباتی نەتەوایەتی و پێگەی حیزبە سیاسیەکان شوێندانەرن. لەو هەلومەرجەدا رۆڵی رێبەری و رێبەری کردنی ئاڵۆگۆرەکانی بەردەم کۆمەڵگ لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە ڤیزیۆن و ئاسۆبینی هاوبەش، رێبەریەکی هاوبەش بە داخواز و دروشمی دیاری کراوی هاوبەش هەیە.

بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی لە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی کوردستان داوا دەکات کە بە خێرایی هەوڵ بدەن بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش.

بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی دووبەرەکی و تەنگەژەی بڕوای ناو حیزبەکانی سیاسی کوردستان بەرژەوەندی حیزبەکان و بەشە حیزبەکان لە گەڵ بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی ناتەبان و ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان رۆژ بە رۆژ لە خەڵک دوور بکەونەوە و بازنەی چالاکی و تەشکیلات، پێوەندی و راگەیاندنیان بەرتەسکتر ببێتەوە.

لە هاوینی ساڵی ٢٠١٣دا کە گفتگۆکانی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوایەتی کوردستان دەست پیێ کرد، چەندین جار پێکهێنانی ئەو کۆنگرەیە لە پلەی یەکەمدا بە هۆی کێشەکانی بەرژەوەندی خوازانەی حیزب و پارتە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کوردستان دواخراوە و سەر ئەنجام ئێستا پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوایەتی بووتە تراویلکەیەکی دوور دەست، کە تەنیا کاتێک دووبارە زیندوو دەکرێتەوە کە بەرژەوەندی حیزبەکانی بەشدار لە حکوومەتی هەرێم و پارتی کرێکارانی کوردستان وێک بگەن. بۆیە بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە دروشمی دڵسۆزانە و ئامادەیی بۆ بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوایەتیەک کە ئاسۆیەکی روونی بۆ پێکهێنانی نیە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، تەنانەت بۆ سەرکەوتنی رەوتی کۆنگرەی نەتەوایەتیش بێت، پێویستە بەشی رۆژهەڵاتی رەوتی کۆنگرەی نەتەوایەتی بیر لە دامەزراندنی کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە.

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان بە چ مەبەستێک؟

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت ئامانجەکانی خوارەوە بۆ خۆی دیاری بکات:
- دیاری کردنی ستراتێژیەکی هاوبەشی نەتەوایەتی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی و ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران
- دیاری کردنی ستراتێژیەکی یەکگرتوو لە پێوەندیەکانی ناونەتەوەیی و ناوچەیی دا
- پێکهێنانی سەنتەرێکی هاوبەشی وەشان و راگەیەندن و هاوکاری نێوان هێزەکانی کوردستان
- دیاری کردنی پەیمانێکی هاوبەشی (قرارداد اجتماعی مشترک) لە پێناو دیاری کردنی رەمزە تەشکیلاتی و سیاسیەکان لە کاتی روودانی جیابوونەوە و لێکدابرانەکانی رێکخراوەکاندا
- پێکهێنانی دیالۆگی نەتەوایەتی لە پێناو یەکریزی و بەرز کردنەوەی هێزی بڕوای کۆمەڵایەتی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا
- دیاری کردنی ستراتێژی و چۆنیەتی بەرەو پێش بردنی سیستەمێکی ئێکۆلۆژیک و ژینگەپارێزەرانە لە رۆژدهەڵاتی کوردستان
- سەرمایەگوزاری لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان و لاوان لە پرۆسەکانی بڕیاردان بەرەو پێشبردنی خەباتی نەتەوایەتی و یەکسانی خوازیدا
- بڕیاردان لە مەڕ شێوەی بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوایەتی یان هەر پلاتفۆرمێکی نەتەوایەتی و کوردستانی
- دیاری کردنی ستراتێژی بۆ چۆنیەتی کار و چالاکی لە ناو کوردەکانی دیاسپۆرا و دەرەوەی وڵات و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی کوردەکانی دەرەوەی وڵات

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت پلاتفۆرمێکی هاوبەش بێت لە هێزەکانی سیاسی، مەدەنی، پێشەیی وکولتووری ناوخۆ و دەرەوەی وڵات وزەیەکی تازە ببەخشێت بە بزاڤی نەتەوایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەسپێکی لەناو بردنی ئاسەواری تەنگەژەی بڕوا، لێکدابراوەکان و یەکیەتی نەتەوایەتی بێت. ‌

کۆنفرانسی رۆژهەڵات لە هەلومەرجی جیابوونەوە دابڕاوەکاندا دەتوانێت گونجاوترین پلاتفۆرم بێت بۆ گفتگۆ و خێرایی بەخشین بە رەوتی یەکریزی نێوان لایەنەکاندا.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکی بەرپرسیار نییە.