پێویستی یەکگرتوویی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری کێشەی کورد

14:09 - 21 رێبەندان 2713
Unknown Author
حەسەن خزرنیا

زۆر جاران باس هاوپەیمانیی و یەکگرتوویی و هاوخەباتیمان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ویستەکانی گەلی کورد لە کوردستان، بەتایبەت لەئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕەش و نگریسی کۆماری ئیسلامی. هەموو کوردێکی دڵسۆز و خاوەن هەستی بەرزی مرۆڤایەتی دەزانێت ئەم هەستە لەناو تاکی کورد چەندە بە‌هێزە؟ هەموو تاکێکی کورد چەندە بەگرینگی دەزانێت، کە هەوڵبدات بۆ ئەوەی ئەم هەستە بکرێت بەهەستێکی نشتیمانی و نەتەوەیی، و هەموو پارت و ڕێکخراوەکان ناچار بکات، تەنیا \"دەم\" لەپێویستی ئەو یەکگرتوووییە نەدەن و بەکردەوەش نیشان بدەن، کە ئەوان بەڕاستی ئامادەیی ئەوەیان هەیە هەنگاوی جیددی و بەکردەوەی بۆ هەڵبگرن.

هەستی یەکگتروویی، یانی حاڵی بوون لەدۆخی نالەباریی کورد و دەرکی پێویسیتی خەباتی و هاوبەپشتیی سیاسی، یانی ئەوەی کە ستراتێژی کورد بەکردەوە توشی گۆڕان بکرێت و لەبواری زانستییەوە کاری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی هاوبیریی لەسەر لانیکەمی چۆنیەتی گەیشتن بە داخوازیایەهەنووکەییەکانی کورد، پێک بێت.

لەکۆمەڵناسی دا، یەکەمجار لەلایەن \"ئیمیلە دورکهەیمس\"، ئەم دەستەواژە بەکارهێنراوە. ناوبراو وتویە: - \"یەکگرتوویی پێویستە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک لەسەرپێی خۆی بوەستێت\". بەڕاستی هەتا ڕێکخراو و پارتیە کوردستانییەکان پێویستی هەبوونی یەکگرتوویی دەرک نەکەن، نە دەتوانن خاوەنی ستراتێژیەکی سەربەخۆی سیاسی بن و نە دەتوانن کۆمەڵگەی داهاتووی کوردستان بەختەوەر بکەن.

یەکگرتوویی لەزمانی لاتیندا بەمانای \"سولدیوم\" و لە زمانی فەرانسەویدا :سولیداریتی\"، ماناکراوەتەوە کە دەبێت بە هاوپشتی و یەکگرتوویی لەزمانی کوردیدا. هەستی هاوخەمی، یان هەستی هاوپشتی لەناو گەلدا، یان دەربڕینی هەستی هاوخەمی و هەستی هاوپشتی لەگەڵ گەلانی دیکە، یان گروپێکی تایبەت، ئێمە بەسەرکەوتن و بەختەوەری ناگەیەنێت. خەمخۆریی و هاوپشتی دەبێت بە پێناسەمان، دەبێت تێکەڵاوی هەست و خوێن و دەروونمان بێت. نابێت تێکەڵاوی بەرژەوەندی تاک، یان گروپێکی تایبەت بکرێت. دەبێت وڵامدەری پێویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و نەتەوەی کورد بێت؛ ئەگینا کورتماوە دەبێت و توشی شکست و هەرەسهێنانمان دەکات. دەبێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و جەماوەریماندا بێت. ئێمە، نە کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆیین، نە لەبواری نێونەتەوەیی یان بەپێی یاسای دەستووریی لەئیران پارێزگاری لەمافەکانمان دەکرێت. ئێمە گەلێک بێ پشتیوانین. پشتیوانی ئێمە، تەنیا خۆمانین، نە کەسی دیکە. شارۆمەندێکی سوئێدی، نۆروێژی، ئەمریکایی، ڕووسی، تەنانەت مەسیحی و جوولەکە، وڵاتان و لاینگرانی ئەوئایینە داکۆکی لەمافی پێشێلکراوی تاکی کەسەکان و شارۆمەندانی خۆیان دەکەن، بەڵام کورد لەئێران، نەک وەک تاک، بەڵکو وەک گروپ و نەتەوە گیرۆدەی مادەی بێهۆشکەر دەکرێت، دەخرێتە زیندان، تووشی ئازار و ئەشکەنجە دەبێت، لەسێدارە دەدرێت، یان زمان و کولتوور و مافی نەتەوایەتی و هێما نەتەوەیی و پێناسەکانی دەخرێنە ژێر پێوە، بەڵام کەس، جگە لەخۆی، بەرهەڵستکاریی ئەوستەمکاریانە نابێت. \"موحەممەد سەدیقی کەبودوەند\"، باوک و سەرۆکی مافی مرۆڤی کوردستان، ٧ ساڵە لەزیندان دایە، تەنیا بەتاوانی داکۆکی لەمافی مرۆڤ. ئێمە نەهاتووین \"ماندێلا\" و \"دلالی لاما\" و \"ئان سوچی\" و \"چ گیڤاراکانی\" خۆمان بناسین. ئێمە بۆ خۆمان خاوەنی ئازاترین و شێلگیرترین مرۆڤەکانین، بەڵام چاومان لەدەرەوەیە و دڵمانی لێواوی داخ و حەسرەت کردووە.

دەبێت لەڕۆژی یەکی ئەیار، ڕۆژی نێونەتەوەیی چینی کرێکار، هەڵگری ئاڵای سووری داکۆکی لەمافی کرێکارانی کورد بین. دەبێت لە ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، هەڵگری ئاڵای لابردنی ستەمی جنسی لەسەر ژنانی کورد بین. دەبێت لە ٢٥ی ژانویە، ڕۆژی ناڕەزایەتی لەدژی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵگری کۆتایی خەتەنەکردنی کچانی کورد لەهەموو کوردستان بین. دەبێت لە ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ی زایینی، جلوبەرگی ڕەش لەبەر بکەین و هەموو تێکرا بڵێین نا بۆ کۆماری سێدارەی ئیسلامی و نا بۆ دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامی و ئایینی لە ئێران و....

خەباتی گەلی کورد بەبێ پشتگیری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد، بەبێ دانیشتوانی شارولادێیەکانی کوردستان، بەبێ بەشداری بەرینی ژنانی کوردستان لە ئاستی کۆمەڵایەتی و بەبێ وەلانانی بەرژەوەندی تاک و گروپ و پارت، ناتوانین، داکۆکی لەمافی گشتی و جەماوەریی کورد بکەین. دەبێت کورد لەبواری ئەخلاقی و دەروونی و زانستی، یەکگرتووی و هاوپشتی خۆی پتەو بکات. کورد، تەنیا بەدەربڕینی هەستی یەکگرتوویی بەسەرکەوتن ناگات. خرۆشی کورد دەبێت بۆ گۆڕینی هەلومەرجی ژیانی تاڵ و پڕ لەنەهامەتیی خۆی بێت، ئەگینا تووشی شکست و ماڵوێرانی و پێ نەگەیشتن دەبێت. ئەگینا ڕەنجەکانمان نابن بە مایەی گەشە و پێگەیشتن و بوژانەوەی کۆمەڵگەکەمان.