پێناسەیەک بۆ گوتاری رۆژهەڵات میحوەر

18:59 - 7 رەزبەر 2714
Unknown Author
عەلی ئیسماعیل‌نژاد

لە سیاسەتدا هەڵەبوونی ئەزموونەکان یان گۆڕینی واقعی سیاسی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی گوتار و چەمکی نوێ لە چەند مانگی ڕابردوودا گوتارێک لە دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەری هەڵداوەتەوە و هاتۆتەوە ئارا و ئەویش گوتارێکە بە ناوی رۆژهەڵات مێحوەری.

پرسیاری یەکەم ئەوەیە ئامانج لە رۆژهەڵات میحوەرەی چییە؟
ئاراستەی خەبات و دیپلۆماسی بەرەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕوو بە کۆماری ئیسلامی گوتاری رۆژهەڵات میحوەری پێدەگوترێت؟
ئاخۆ ئەو گوتارە لە دژی گوتاری کوردستان میحوەری نییە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێت بە وردی دۆخی چوارپارچەی کوردستان ڕوون کەینەوە.

ئێمە نەتەوەیەکن کە لە ناوچەیەکدا بەسەر ٥ وڵاتاندا دابەش کراوین و ئەو وڵاتانەش چواریان وەکوو زلهێزی ناوچەیی دەناسرێن و بەو مانایە کە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست ئەو چوار حکوومەتە ئەگەر خۆشیان راستەخۆ دەستیان لە رووداوەکە دانەبێت و خولقێنەرانی رووداوەکە نەبن بێگومان خوڵقێنەرانی ڕووداوەکە چ دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان بن و چ دەسەڵاتە ناوچەییەکان، بەرژەوەندی ئەو چوار وڵاتە، لەبەر چاوە دەگرن.

ئێستا هێندێ بابەتەکە ئاڵۆز دەبێت چوار دەوڵەت، داگیرکەری کوردستانن و لە یەک ناوچە هەڵکەوتوون و لەو ناوچەیە وەکوو هێزێک بوونیان هەیە و لە کایە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەسەڵاتدارن و بەشداری دەکەن لێرەدا توشی پرسیارێکی‌تر دێن، پاش روون بوونەوەی ئەو واقیعە لایەنێکی سیاسی وەکوو بەشێک لە کایەوانانی گۆرەپانی سیاسی چۆن دەتوانن گوتاری کوردستان مێحوەر بکەنە ئامانجی خۆیان؟

خوێنەر دەتوانێ جوابێکی زۆری لەلابێت بەڵام لێرەدا من لە هەوڵدادەبم چوارچێوەیەک بۆ ئەو باسە دیاری بکەم.

پرسی کورد لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی خۆیان دادەندرێ و ئەو روانگەیەی داگیرکەر تەنیا قەتیس نەکراوە بە پارچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی و بۆ پرسی کورد لە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوراستیش هەر ئەو روانگەیە بەسەر کردەوەکانی داگیرکەراندا حاکمە، بەرژەوەندیی چواربەشی کوردستان لە یەک جیاواز نین و چون هەر ڕووداوێک لە پارچەیەک ڕووبدات راستەخۆ لەسەر چارەنوسی پارچەکەکانیتر شوێنەواری دەبێت. کارتێکەری ڕووداوەکانی کوردستان لەسەر پارچەکان بە دوو شێوەیە یەک: لەسەر بریار و سیاسەت و گەڵاڵەی دەوڵەتانی داگیرکەر دەرحەق بە پارچەی ژێر دەسەڵاتیان کارتێکەری دەبێت .

دوو: لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و رای گشتی پارچەکانیتر کارتێکەری دەبێت.

کارتێکەریەکەش دوو لایەنەیە بە مانایە کە دەسکەوتەکانی خەباتی باشوور لە سەر رۆژهەڵات کارتێکەری هەیە و دەتوانێ ئاراستەی خەباتی رۆژهەڵات بەرو ئاسۆیەکی ڕوونتر بەرێت و لەگەڵ ئەوەش لە ئارادابوونی خەباتێکی بەدەسەڵات لە رۆژهەڵات دەتوانێ لەسەر بریارەکانی ئێران دەرحەق بە باشوور و لەسەر بریارەکانی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کارتێکەری هەبێت و ئەوەش بەو واتاییە کە خەباتێکی بەدەسەڵات لە رۆژهەڵات دەتوانێ باشوور لە مەترسی بپارێزێت و ئەو قانونە بۆ هەموو پارچەکان راستە واتە ئەگەر لەباتی باشوور وشەی باکوور داندریت هەر راستە و ئەگەر لە باتی رۆژهەڵات بگۆردرێ بۆ رۆژئاوا دیسان هەر راستە و دەتوانین جار بەجار ناوی پارچەکان لە نێو ئەو قانونەدا بگۆرین و ٦ قانونی جیاوازمان دەبێت بەڵام هەر شەشیان لە راستیدا لە یەک ئامانج دەدوێن.

لێرەدا بۆ وڵامی ئەو پرسیارانەی کە توشمان هاتوون بەتەواوی توشی ئاڵۆزی دێن
ئێمە بە روونی سێ شتمان لەبەر دەستە:
١: چوار داگیرکەر کە هەر کامەی لە پارچەی خۆیاندا دەسەڵات بەدەستە و پرسی کورد لە ژێر دەسەڵات و دەڤەری رۆژهەڵاتی نێوەراست بە پرسێکی ئەمنی و مەترسییەک لەسەر خۆی دادەنێت.

٢: خەبات لە هەر پارچەیەک لەگەڵ چوار دەسەڵاتی داگیرکەر کە توانایی بریاردانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا هەیە بەرو ڕووین .

٣: هەر ڕووداوێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان ڕووبدا کارتێکەری لەسەر هەموو پارچەکانیتر دەبێت.

چۆن دەکرێت لە بریارێکی سیاسییدا لایەنێکی سیاسی ئەو سێ بەشەی لەبەر چاو بێت؟
لێرەدا لۆژیترین رێگە کە لەبەر دەستمانە ئەوەیە کە ئێمەی کورد لە کاتی بریارداندا کوردستانی بیر بکەینەوە و لە کاتی کردەوەدا ناوچەیی یان پارچەیی هەڵسووکەوت بکەین.

بە واتایەکیتر لایەنێکی سیاسی دەبێت پەیوەندی ناوچەی خۆی لەسەر بناغەی کوردستانی بوون دارێژێت و مافی ئەوەی نییە لە پەیوەندی ناوچەییدا بەرژەوەندییەکانی کوردستاب بخاتە ژێر مەترسیەوە دیارە ئەو کارەش بە یەک لایەن ناکرێت و لایەنێکی سیاسی ناتوانێ بە تەنیا گوتار یا وێژمانی کوردستان مێحوەر لەسەر ئەستۆی خۆی دانێت و دەبێت ئەو لایەنە بەشێک لە بەرەیەک بێت،ئەو بەرەیە کوردستانی بریار دەدا و ناوچەیی هەڵسووکەوت بکات.

ئەگەر بمانەوێت بە زمانێکی سادەتر باسی بکەین دەبێ بلێن ئێمە لە چوار لاوە لە شەر داین و شکانی هەر لایەک یان لاوازی هەر لایەک کارتێکەری لەسەر هەموو شەرگەکە هەیە هەر بەو هۆکارەش دەبێت بەشێوەی هاوکات بۆ پاراستنی هەر لایەک بەرنامەی تایبەتمان هەبێت،مەرج ئەوەش نییە کە یەک بەرنامە بۆ هەر چوار لاکە دیاری بکرێت. بەڵکوو هەر لایەی دەبێت ئەرکێکی گشتی و ئەرکێکی ناوچەی پێ پسێردرێ و ئەرکەکان دەبێت بە پێی دۆخی شەرگەکەی بێت و دەتوانێ لەیەک جوداواز بن ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەرکەکان لە ئامانجدا یەک بگرنەوە.

ئێستا دەگەرێنەوە سەر وڵامی ئەو پرسیارە کە دەلێت ئایا رۆژهەڵات مێحوەری لەگەڵ تەوەری کوردستان مێحوەری دژایەتی هەیە؟

ئەگەر ئێمە بەوە قایل بین کە، بەرژەوەندییەکانی کوردستان لە دژی یەک نین و تەواوکەری یەکن و ئەوەشمان قەبوول بێت کە داگیرکەران هەم پرسی کورد لە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و هەم پرسی کورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست بە مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن،دەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی لە کردەوەدا دابەشکاریمان هەبێت و لە ئامانجدا هاوئامانجی،ئەو کات لە راستیدا تەوەری رۆژهەڵات مێحوەری خۆی دەبێتە بەشێک لە تەوەری کوردستان مێحوەری چوون خەباتگێرانی رۆژهەڵات بە دوای ئەوەون کە قۆناغی خەباتی رۆژهەڵات لەو چەقبەستووییە بێنە دەرێ و هەتا لەو رێگەیەوە بتوانن زەخت بکەنە سەر ئێران و هەم پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتدا سنوردار بکەن و هەم سنوورێک بۆ پاوانخوازی ناوچەی کۆماری ئیسلامی دیاری بکەن.

بەڵام ئەگەر لەوە باوەرەدابین کە بەرژەوەندی پارچەکانی کوردستان ناکۆکن و کۆی بەرژەوەندی پارچەکان دەبێتە سیفر ئەو کات دەرهێنانی چەقبەستووی خەبات لە رۆژهەڵات واتە ئامانجی \" گوتاری رۆژهەڵات مێحوەر\" دەکرێ شرۆڤەی دژایەتی کردنی گوتاری کوردستان مێحوەری لێبکرێت. ئەو گوتارەی کە باوەری بە ئەوە هەیە کە بەرژەوەندییەکانی پارچەکان لەیەک جیاوازن و کۆی ئەو بەرژەوەندییانە دەکاتە سیفر دەکرێت ناوی گوتاری\"ناوچەی سەربەخۆی لێبنێن لەوگوتارەدا بەرژەوەندی هەر پارچەیەک جودا دەکرێتەوە لە پارچەکەیتر و ئەو کات پاش ئەو لەیەک هەڵاواردنە بەرژەوەندی هەر پارچەیەک وەکوو کەرەستەیەک سەیر دەکرێت بۆ دریژەدانی دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر و ئەو گوتارە باوەڕی بە ئەوە نییە کە داگیرکەران لە ئاستی ناوچەییشدا پرسی کورد بە مەترسی لەسەر خۆیان دادەنێن. و لایەنگرانی ئەو گوتارە تەنیا بەوە قایلن کە داگیرکەرانی کوردستان پرسی کورد لە پارچەی ژێردەسەڵاتی بە مەترسی لەسەر خۆی دادەنێت.

گوتاری ناوچەی سەربەخۆ توشی چوار هەڵە کوشندەهاتووە:

١: باوەری بەوە نییە کە داگیرکەرانی کوردستان پرسی کورد لە ناوچەشدا بە مەترسی لەسەر خۆی دادەنێت.

٢: بەرژەوەندی پارچەکانی کوردستانی لێک هەڵاواردووە و وای داناوە کە کۆی گشتی بەرژەوەندییەکانی پارچەکان دەبێتە سیفر.

٣: بنەمای دیپلۆماسی خۆی لەسەر باوەر بە داگیرکەری کوردستان و لێدان لە بەرژەوەندی پارچەکانیتر دامەزراندووە .

٤:ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی ناوچەییە و حیزبییە.

ئەوەی کە لێرە جێگەی سەرنجە گوتاری رۆژهەڵات مێحوەر باوەری بە هەڵاواردنی بەرژەوەندی پارچەکانی کوردستان نییە و بنەماکەی لەسەر لێدان لە بەرژەوەندی پارچەکانیتر دانەمەزراوە و باوەریش بەوە هەیە کە داگیرکەرانی کوردستان پرسی کورد لە ناوچەدا بە مەترسی سەر خۆیان دەزانن ئەو گوتارە لەسەر هاوبەرژەوەندی پارچەکان و هاوکاری پارچەکان دامەزراوە. بە گشتی ماکی گوتاری رۆژهەڵات مێحوەر ئەوەیە کە چاوەنوسی پارچەکان بە چارەنوسی ناوچەی پرسی کوردەوە گرێ دەراوە و بۆیەش دەبێت چوار خەباتی هاوکات لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەبێت هەتاکوو بکرێت پرسی کورد لە ناوچەکەدا سەربخرێت.

ئەگەر پاش ئەو ڕوون کردنەوەیە بگەرێنەوە سەر پرسیاری یەکەم دەبێت بلێن : گوتاری رۆژهەڵات مێحوەر گوتارێکە کە لەو باوەرەدایە بە،بەدەسەڵات کردنی خەبات لە رۆژهەڵات دەیهەوێت بەرژەوەندی رۆژهەڵات و گشتی کوردستان بپارێزی و مەترسی ئێران لەسەر ئەو بەرژەوەندییە کەم بکاتەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.