پێشمەرگە لە کۆبانی بکێشنەوە*- سەلام سەعدی

15:33 - 6 رێبەندان 2714
Unknown Author
سەلام سەعدی

هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و شەڕڤانەکانی پەکەکە لە کۆبانی، هەروەها لە چیای شەنگال و بەدرێژایی ئەم ماوەیەش کە لەگەڵ داعش لە شەڕداین لەهەندێ بەرەی دیکەی وەک مەخموور و جەلەولا دژ بە هێزەکانی خەلیفەی داعش، سەرەڕای دنیایەک جیاوازی و ناکۆکی و بەدگومانی، چوونە یەک سەنگەرەوە. واتە ئەوەی ئەم دوو هێزەی کۆکردەوە دوژمنێکی هاوبەشە. دیوە سیمبولیکی و عاتیفیەکەی ئەم هاوسەنگەرییە زۆر رۆمانسی و هەستبزوێنە لەگەڵ ئەوەی یەکەمجار نییە کوردی دوو پارچە یان زیاتر لە شەڕی دوژمنێکدا دەبنە هاوسەنگەر.

ئەگەر تەنیا لەم دیوەوە تەماشای بکەی، شایانی ئەوەیە شیعرێکی زۆری بەباڵادا بگوترێ. بەڵام مرۆڤی ژیر تەنیا ئەم دیوە نابینێ و زۆر لەناو ئەم رۆمانسیەت و خۆشبینییە رۆناچێ. هەموومان سەروسیمای عاقیبەتی ئەم هاوسەنگەرییەمان لە شەنگال بینی. وەکو دیارە مەسەلەکە تەنیا لە سنووری هاوکارییەکی سەربازیدا لەدژی دوژمنێکی هاوبەش ناوەستێ و پەکەکە لەپای ئەو بەشدارییەی چاوی بڕیوەتە ناوچەی نفوز.

خەڵکی عەوام مافی خۆیەتی بە خەیاڵی شاعیرانەی یەکپارچەیی کوردستان و هاوچارەنووسیی کورد سەرمەست بێ، بەڵام سیاسەت پیاوی واقیعبینی دەوێ. کەسێکی دەوێ هەموو رەهەندەکانی وێنەکە روون و بێ رتووش ببینێ. مەسەلەکە ئاوا نییە کە هەموومان پێکەوە بەرەوڕووی دوژمنێک دەبینەوە و پاش ئەوەی بەزاندمان ئینجا کۆدەبینەوە و سنوورەکان دەسڕینەوە و دەوڵەتێکی گەورە لە کەنداوی فارسەوە تا سەر دەریای سپی چێدەکەین و بێ قڕەو بڕە سەرۆکێک بۆخۆمان هەڵدەبژێرین. هیچ کەسێک باوەڕی بەم خەیاڵپڵاوییە نییە لە کردەوەدا.

من پێشتریش لە وتارێکدا باسی ئەوەم کردبوو کە دەبێ هەر پارچەیەکی کوردستان رێگەی چارەسەری کێشەی خۆی بەتەنیا و بێ دەستێوەردانی کوردی پارچەیەکی دیکە، بەگوێرەی هەلومەرجی سیاسی نێوخۆیی و ئیقلیمی تایبەت بەو وڵاتەی خەباتی تێدا دەکات بدۆزێتەوە. ئەم پارچانەی کوردستان تازە بۆ هەتا هەتایە بەتەنیشت یەکەوە دەژین نەک پێکەوە.

ئەگەر ئەو هەلومەرجە بڕەخسێ کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتیش، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە خاوەنی چەند دەوڵەتێک. کوردستان هەرگیز بەم نەخشە خەیاڵییەی لە کەنداوی فارسەوە تا دەریای سپی درێژدەبێتەوە دەوڵەت نەبووە تا هەوڵی یەکخستنەوەی بدەین. ئەم مێژووە درێژە لە دابڕانی ئەم پارچانە لەیەکدی، دنیایەک جیاوازیی دروستکردووە کە هیچ هێزێک نییە بیخاتەوە نێو یەک چوارچێوەی سیاسی. ئێمە لەمێژوودا، جگە لە یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا، کام نموونەی سەرکەوتووی یەکگرتنەوەمان هەیە؟ ئەوەتا سەرئەنجامی یەکگرتنەوەی هەردوو یەمەن تەماشا بکەن.

هەموومان دەزانین یەکگرتنی میسر و سووریا چۆن شکستی خوارد. خۆ ئەگەر یەکگرتن ئاوا ئاسان بایە، ئەوە ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی با بەو هەموو خاڵە هاوبەشانەیانەوە یەکبگرنەوە. با هەردوو کۆریا هێڵی ئاگربڕی نێوانیان هەڵگرن کە جەنگی سێ ساڵەی سەرەتای پەنجاکان کێشای. هەموومان ئەم راستیانە دەزانین، بەڵام لە کردەوەدا هەندێ حیزبی سیاسی پێچەوانەی ئەم فاکتانە رەفتار دەکەن و نوخبەی کوردیش ناوێرێ راشکاوانە بڵێ کە ئەم رەفتارانە دەچنە چوارچێوەی دەستێوەردان لەکاروباری پارچەیەکی دیکە. ئەم نوخبەیە هێشتا مەستی دروشمەکانی یەک نەتەوە و یەک نیشتمانە هاوشێوەی ئەو رەوتە ناسیۆنالیستییە عەرەبییەی هێشتا هەر بەو خەیاڵە دەژی سنووری نێوان دەوڵەتەکانی بسڕێتەوە لەکاتێکدا تادێ تۆختر و تۆختر دەبنەوە.

ئێستا ئەحزابی سیاسی لە کوردستان، بەتایبەتی پارتی و پەکەکە هیچ رێگایەکیان لەبەردەم نییە جگە لە خۆساغکردنەوە لەسەر ئامانجێکی روون و ئاشکرا. پارتی بە هەڕەشە ناوبەناوەکانی جیابوونەوە لە بەغدا ئەگەر بەتەمایە ئەم چوار پارچەیە یەکبخاتەوە، ئەوا با لەئێستاوە بزانێ دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە. ئەگەر ئەو خەیاڵەشی نییە دەبێ روونیبکاتەوە کە مەبەستی چییە لە پەلهاویشتن بۆ کوردستانی باکوور و رۆژاڤا. پەکەکەش کە بۆ کوردی باکوور شتێکی زۆر کەمتر لە ئۆتۆنۆمی دەخوازێ و ناوی لێناوە \"خۆسەری دیموکراتیک\"، ئەو تەراتێنەی لەچییە لە هەرچوار پارچەکەدا؟

ئەوان کە تەنیا هەندێ دەسەڵاتی فراوانتریان دەوێ بۆ شارەوانییەکانی باکوور، بەگوێرەی کام لۆژیک بۆ کوردی پارچەکانی دیکەی دیاری دەکەن کە داوای چی بکەن؟ حەقە پرسیاریان لێبکرێ، ئەوان کە دەستبەرداری بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی گەورەی کوردی بوون، بۆچی مۆدێلی چارەسەری کێشەی خۆیان دەسەپێننە سەر کوردی بەشەکانی دیکە لەکاتێکدا مەحاڵە دوو پارچەی کوردستان بتوانن بەهەمان رێگادا بڕۆن بۆئەوەی بگەنە جۆرێک لە سەربەخۆیی. ئەم پاوانخوازی و فراوانخوازییە کە بناغەکەی بۆشە، ئێستا بووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر کورد، بەتایبەتی لە رۆژاڤا و لە هەرێمی کوردستان. پەکەکە لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات کە هێشتا ناوی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندایە. ئەم یارییە لەگەڵ لایەنێک دەکات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک کاراترین و کاریگەرترین لایەنی شەڕی دژی تیرۆر تەماشای دەکەن.

من لێرەدا بەبیری دێنمەوە کە پارتی و پەکەکە لە دوو پێگەی جیاوازدان. پارتی لایەنە سەرەکییەکەی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان کە چوارچێوەیەکی دەستووریی دانپێدانراوی هەیە و ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانی و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان بەرژوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ گرێداوە. PDKی باکوور تا ٥٠ ساڵی دیکەش هەر هێندەی ئەو پەچەدەکەیە سەنگ و قورسایی دەبێت کە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چاندوویەتی، بۆیە باشتر وایە چیدی وزەی تێدا بەفیڕۆ نەدا و بەوەش بیانووەکانی دەستێوەردانی پەکەکە لە کاروباری هەرێمی کوردستان هەر هیچ نەبێ، هەندێ کەم بکاتەوە. هەردوولاش لێگەڕێن کوردی رۆژاڤا رێی چارەسەری تایبەت بەخۆیان ببیننەوە. ئەو هێزی پێشمەرگەیەش کە رەوانەی کۆبانی کراوە، لەگەڵ دوورکەوتنەوەی مەترسی لەسەر شارەکە دەستبەجێ لەوێ بکێشرێنەوە.

کاتی ئەوەیە کوردی هەر چوار پارچە کۆببنەوەو پەیماننامەیەک مۆربکەن لەبارەی تەحریمی دەستێوەردان لەکاروباری یەکتر.

ئەم وتارە لە ماڵپەڕی (رووداو) وەرگیراوە.