پێداگری لەسەر مافی چارەی خۆ نووسین، توند ئاژۆییە یان پاراستنی یەکپارچەیی ئێران؟

15:01 - 2 خەرمانان 2713
Unknown Author
نیشتمان فیشاڵ

مەبەستی ئێرانییەکان لە توندئاژۆیی نەتەوەیی، هەبوونی هزر و بیری جیایی خوازییە. هزرێک کە بە بۆچونی ئێرانیەکان دەبێتە هۆی زیادبونی گێرەوکێشەو ئاڵۆزیی هۆزی و تاییفی.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی جیایی‌خوازی نیشانە و هێمای توندئاژۆییە؟ ئایا هەڵگرانی بیری جیایی خوازی بە بۆچونی ئێرانیەکان و( سەربەخۆیی خوازیی) بە بۆچونی باوەڕمەندانی دروشمی سەربەخۆیی سیاسی لە نێو چالاکانی کورددا، بە توندئاژۆیی دێتە هەژمار؟

ئایا سەربەخۆیی‌خوازی ڕوانینێکی سیاسی نییەو لە چوارچێوەی هزر و بڵاڤۆکی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ناگونجێت؟ ئایا لە دونیای مۆدێڕنی سیاسیدا هێنانە بەرباسی دروشمی (سەربەخۆیی سیاسی) بۆ نەتەوەیەک، بە واتای توند ئاژۆییە؟

(سەربەخۆیی خوازی) وەک تێڕوانینێکی سیاسی چاوی لێ دەکرێ و تەنانەت داواکردنەکەشی وەک داواکردنێکی ماف ویستانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

هەروەک چۆن لە کانادا ئەو هزروبۆچونە ناوچەی\"کبک\"ی کێشایە پای ڕێفراندۆمێکی سیاسی بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی.

هەر ئەو ڕوانین و بۆچونەش سەربەخۆیی بەخشیە کۆسۆڤۆ و دواتریش سودانی باشور.

سەرجەم ئەو پڕۆسانەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی دادگای نێونەتەوەیی لاهە لە چوارچێوەی مافەکانی نێونەتەوەییدا بە ئەنجام گەییشتوون.

لە هەمان کاتدا و بۆ هەمو لایەک ڕون و ئاشکرایە کە هزری سیاسی سەربەخۆیی خوازی هەڵگری بێ ڕێزی و بەکەم زانین و ئیهانە کردن بە هیچ نەتەوە و تاقم و لایەنێک نیە.

بەڵکو بەشێک لە ڕێبەرانی نەتەوەیەک بۆ ڕزگار بوونی نەتەوەکەی خۆیان لە ژێر نیرو تەوقی داگیرکاری (چ ناوخۆیی و چ دەرەکی)، ستراتیژی سەربەخۆیی سیاسیی هەڵدەبژێرن و کاری بۆ دەکەن.

بیرۆکەی سەربەخۆییخوازی ئەزمونێکی قورس و گرانی لە چەند دەیەی ئەم دواییەدا بە دەست هێناوە.

سەربەخۆیی نەتەوە ژێردەستەکانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، سەربەخۆیی نەتەوەکان لە یوگۆسلاوی پێشوو و...، هەمویان ئەوە دەسەلمێنن کە نەتەوەکان (کۆمەڵگا مرۆڤیەکان کە خاوەنی زمان، خاک، مێژوو، کەلتوور و لە هەموانیش گرینگتر خاوەنی هەست و تایبەتمەندی نەتەوەیی هاوبەش بن، نەتەوە هەژمار دەکرێن) بەپێی یاساکانی نێونەتەوەیی و مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسین و خۆ بەڕێوە بردن، مافی خۆیانە و دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسی خۆیان بدەن.

هیچ بەڵگە و پشت پێ بەستنێکی بناخەدار و بنەمایی لەبەر دەست دانیە کە کەمینەیەک یان لایەنێک ناچار بە ژیان کردن لەگەڵ تاقم و لایەنێکی دیکەدا بکات.
کەوابو دەتوانین بڵێیین کە ئەگەر کەمینەکان یان ئەو تاقم و لایەنانەی کە مەرجەکانی نەتەوە بونیان هەیە، بیان هەوێت «مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسین»ی خۆیان لە ڕێگەی پێکەوە نانی دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەربەخۆوە خوازیار بن, سەرەڕای گشت ئەو مەترسیانەی کە جوڵانەوە «نەتەوەییەکان» لە پێشیاندایە، پێودانک و بنەماکانی مافەکانی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ، ئەو جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیانە بە نا یاسایی نازانن.

ناکرێ کوردەکان، تورکەکان،عەرەبەکان، بەلوچەکان، تورکەمەنەکان و... تەنها بە بیانووی \"پاراستنی یەکپارچەیی ئێران\" کە بە برا گەورەیی یەک نەتەوە(فارس) و لە ژێر کاریگەی ملهوڕی ئایینیدا بەڕێوە دەچیت، ڕازی بکرێن.

دەبێ چەندین و چەندین جارئەو ڕاستیە تاڵە دوبارە و چەند بارە بکەینەوە کە پاراستنی \"یەکپارچەیی خاکیی ئێران\"، دروشمی کۆمەڵگای سیاسیی یان نوێنەرە سیاسیەکانی نەتەوەی فارسی ئێرانە.

ئەو دروشمە لەو بوارەوە بۆ ئەو لایەنە گرینگی هەیە کە دەسەڵاتداریەتی فارس لەوە بەدواش بەردەوام بێت.

بەڵام ئەو دروشمە بۆ نەتەوە نا فارسەکان سەرنج ڕاکێش نییە، چونکە بەرژەوەندیەکانی ئەوان بە هیچ جۆرێک دابین ناکات.

هەر کەس یان هەرلایەنێکی نافارس پشتیوانی لە دروشمی \"یەکپارچەیی خاکی ئێران\" بە برا گەورەیی فارسەکان بکات، یان هیچ نەزان و هەڵخڵەتاوە یان بەرژەوەندیی هەیە لەوەدا.

ئەگەر وانەبێ مرۆڤێکی سیاسی سەر بە نەتەوە نا فارسەکان دەبێ مێشکی تێکچووبێ کە ڕازی بێت بەدەسەڵاتداریەتی نەتەوەیەکی دیکە(فارس) چونکە ئەوە بە واتای کۆیلە بوونی نەتەوەکەی خۆیەتی.

ئەوەی کەلە ڕوانگەی مافخوازیانەوە بۆ جوڵانەوە سیاسیەکانی نەتەوە نافارسەکان گرینگە و جوڵانەوەی میللی دێموکراتیکی نەتەوەی کوردیش پێداگری لەسەر دەکات مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسینە، یان لانیکەم بەڕێوە بردنی ناوچەی خۆیانە.

هەر هێزێکی سیاسی سەر بە نەتەوە نافارسەکان کە لەو بنەمایە لابدات، لە ڕاستیدا نیرو تەوقی داگیرکاری نەتەوەیەکی دیکە دەکاتە ملی نەتەوەکەی خۆی.

ئەمڕۆکە، لەو جێگایەوە کە تیپۆلۆژی ئیتنیکی دەسەڵاتداریی لە \"ئێران\"دا لەسەر دەستی نەتەوەی فارس بەڕێوە دەچێت و بە داخەوە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی سەر بە نەتەوەی فارسیش(سەرجەم پارت و ڕێکخراو و کەسایەتیە سیاسیەکان کە خۆیان پێ سەراسەری خوازە)، مەبەستیان بەردەوام بوونی دەسەڵاتداریەتی و برا گەورە بوونی فارسە لە \"ئێران\"دا هەر چەند کە بە ئاشکرا ئەوە نەڵێن.

پێداگری لەسەر دروشمی \"پاراستنی یەکپارچەیی خاکیی لە ئێراندا\"، واتایەکی دیکەی جگە لە پاراستن و بەردەوام بوونی (دەسەڵاتدارێتی فارس)، دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی نییە.

ئەو دروشمە بە هیچ جۆرێک بەرژەوەندیەکانی نەتەوە نافارسەکان کە هەشتا و چەند ساڵێکە خۆیان لە کۆیلایەتی نەتەوەی فارسدا دەبینن، دابین ناکات. ئەو دروشمە تەنها هۆگری توند ئاژۆییانەی(لە بواری ڕەگەزپەرستی و داگیرکاری)کۆمەڵگای سیاسیی فارس دابین دەکات.

بەڵام بە هۆی جێ کەوتنی بانتری و سەرتری سیاسیی و زاڵیەتی و باڵا دەستی دەسەڵاتداریەتی فارس بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ناو \"ئێرانی ئەمڕٶ\"، حیزب و کەسایەتیە سیاسیەکانی فارسی ئێران هەل و دەرفەتی دادپەروەرانەو دادگەرانە بیرکردنەوە و ڕاستیوازیان لە دەست داوە.

بە حوکمی پێش بینیە گریمانەییە خەیاڵییەکانی دەسەڵاتخواز و دەسەڵات بە دەستە بێ ناو و نیشانەکان، مرۆڤی نەتەوە نافارسەکانیان لە پەرژین و دیوارێکدا بە ناوی سەرزمین و وڵات یەخسیرو زیندانی کردوەو لە ژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی جوغرافیای سیاسی وڵاتدا، بە ناشیرینترین و نەشیاوترین شێوە دەیانکوژن و دەیانکەن بە کۆیلە و سەرەڕای هەموو شتێکیش سەروەت و داراییە نەتەوەیییەکانیشیان بۆ بەدیهاتنی حەزو ئارەزۆ گڵاوەکانی خۆیان بە تاڵان دەبەن.

دوور نییە ئەگەر هەڵسوڕان و سوڕانەوەی سیاسەت بەو جۆرە بشتە پێش، ئەو هۆگری و هۆگرایەتی سیاسیە لە \"ئێران\"دا هەر هەمان دەورو ڕۆڵە بگێڕێ کە ڕەگەزپەرستی شۆڤینیزمی سێرب لە یوگوسلاوی پێشوودا، گێڕای.

بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئاڵوگۆڕی لە ڕوانگەی جوڵانەوەی سیاسیی فارس لە \"ئێران\"دا نەیەتە ئاراوە، و لە سۆنگەشەوە کە لۆسەی هێزی دەوڵەتیش لە دەست ئەو هێزە سیاسیە دایە، لە ڕاستیدا لە وانەیە کارەسات و گرگاشەی یوگۆسلاوی پێشوو لە \"ئێران\"دا دوبارە بێتەوە.

لە کۆتاییدا بەو کەس و لایەنانەی کە بە بەڵگەی سیاسیەوە دێنە مەیدان و دەڵێن کە (دەوڵەتی ئێران دەوڵەتێکی ئیتنیکی فارس نییە) دەڵێم کە ئەو بۆچوونە، ئەو بیرۆکەیە، ئەو پڕوپاگەندە و ئەو فریوکارییە ئیدی ئاشکرا بووەو باوی نەماوە وهەر تاکێکی نەتەوە نافارسەکان بە تایبەتی ڕێبەرە نەتەوەییەکانیان زۆر باش لە ناڕاست بوون و فریوکاریانە بوونی ئەو بە ناو بۆچونە تێگەییشتوون ، بۆیە ئەگەر دەتانهەوێ چەواشە کاری و هەڵخڵەتاندن بکەن وا باشترە بەدوای ڕێگا چارەیەکی دیکەدا بگەڕێن چونکە هەروەک باسم کرد ئەوە ماوەی بە کار هێنانی بەسەر چووە.