پلان دارێژەری گەمارۆکانی سەر ئێران، لە عێراق دایە

14:39 - 10 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی وەزارەتی دارایی ئامریکا بە مەبەستی گوشار هێنان بۆ حکوومەتی عێراق بۆ گەمارۆ خستنەسەر حکوومەتی ئێران و سووریە، سەردانی وڵاتی عێــراقی کرد.

رۆژنامەی \"شرق الاوسط\"ی چاپی ئینگلیز بڵاوی کردەوە، \"دەیوید کۆهەن\" لە درێژەی ئەو سەفەرەدا، سەردانی وڵاتانی ئیسراییل، تورکیە و ئینگلیز دەکات.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش رایگەیاندووە، کە ئەو سەردانەی جێگری بەرپرسی \"وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا\" بە مەبەستی تاوتوێ کردنی رێگەکانی بەرنگار بوونەوە لەگەڵ مەسەلەی تیرۆریزم و هەروەها پێکهێنانی هاوکاری بۆ گەمارۆ خستنەسەر ئێران و سووریە بووە.

دەیوید کۆهەن لێپرسراوی ئەو وەزارەتخانەیە بۆ کاروباری تیرۆریزم، بە یەکێک لە پلان دارێژەرانی گرینگ بۆ گەمارۆ خستنەسەر وڵاتی ئێــران دادەنرێت.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردۆتەوە، کە ئەو لێپرسراوە لە سەردانەکەیدا لەگەڵ چەندین بەرپرسی پلەبەرزی وڵاتی عێراق دیداری هەبووە و جەختیان لەسەر هاوکاریی بەردەوام بە مەبەستی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم و لەناو بردنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەندراوەدا هاتووە، کە لەو دانیشتنانەدا لەسەر گرینگیی گەمارۆ خستنەسەر ئێران وەک یەکێک لە پشتیوانانی تیرۆریزم جەخت کراوەتەوە.

ساڵانە زیاتر لە ١٥ ملیارد دۆلار ئاڵوێری بازرگانی لە نێوان وڵاتی ئێران و عێراق ئەنجام ئەدرێت، بۆیە وڵاتی عێراق بە یەکێک لە سەرەکیترین کاناڵەکان بۆ دەور لێدانی گەمارۆکان بەدژی ئیــران دێتە ئەژمار.