پشتگیری لە زیندانی سیاسی ئەرکێکی نەتەوایەتییە

20:21 - 25 خەزەڵوەر 2712
Unknown Author
فواد فەتاحی

بە درێژای مێژووی خەباتی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان کومەڵگا پشتیوان و هاوکار و هاوکات بووە لە گەڵ ئەو تێکۆشانەدا، باشترین ڕۆڵەکانی خۆی کردۆتە قوربانی ئەو ئامانجە و بە سەر و ماڵەوە پشتگیری لێ کردووە وهیچ کات کۆمەڵگا پشتی لە خەباتی چالاکان نەکردووە و بە تەواوی هێزیەوە یارمەتی دەری ئەو هەوڵە بێ وچانە بووە. زۆر بە دەگمەن هەڵ دەکەوێ کە سەردانی بنەماڵەیەکی کوردستانی بکەیت و چیرۆکێکی لە بەشداری کردن لە خەبات و تێکوشان بۆ ئازادی تێدا نەبێت.

بە ئاوڕ دانەوەیێک لە بارودۆخی چەند ساڵی ڕابردوو بۆمان دەر دەکەوێت کە ناڕەواترین و ناپەسەندترین هەڵسووکەوتی سیاسی و مەدەنی لە گەڵ هاووڵاتییانی کوردستان کراوە ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی سیستێمی دەسەڵاتداری لە گەڵ خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی هەرە بەرزی خۆی دایە، وەک ئاشکرایە لە هەموو کەسێک لە بواری مەدەنی و ئابوورییەوە لە هیچ هەوڵ دانێک بۆ گۆشار خستنە سەر خەڵک درێغی نەکراوە لە ملیتاریزە کردنی کوردستانەوە بگرە تا تەقە کردن لە کۆڵبەران و کاسبکاران، رێگە لە خۆێندنی گرتنی خۆێندکاران و زۆر بە ئاشکرا لە ناو کۆڵان و بازار دا بێ‌ڕێزی بە خەڵک دەکرێت و لە بەر چاوی تەواوی دونیا کاسبکارەکانمان دەدرێنە بەر گولە و تەنانەت بەزەیی بە ئاژەڵە بەستەزمانەکانیشیان ناکردرێ، ژینگە و شاخ و داخەکانی وڵاتەکەمان ئاور تێ بەر دەدەن و دارستانەکانمان کە میراتی باو و باپیرمانە و هەزاران ساڵە وێڕای وەشکە ساڵی بەدیاری بۆمان ماوەتەوە پێمان بە ڕەوا نابینن، سەرجەم ئەم هەڵوێست و کارەناپەسندانە لە پێش چاوی خەڵک دەکرێت.

لەو پەڕی دیوارە بەرزەکانی زیندانەکانەوە بەندکراوێکی سیاسی کە گەورەترین تاوانی هەیە لە قامووسی رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی دا،چ چاوەڕوانیێک بۆ پاراستنی مافەکانی و ئەشکەنجە و ئازارنە دانی هەیە؟ چ دڵنیایەک لە ئینسانی بە ڕێوە چوونی بار و دۆخی لێ کۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەتیکەکان بە نیسبەت زیندانیانی سیاسییەوە هەیە؟ لە هیچ کەس شاراوە نییە کە رەوشی زیندانیێکی سیاسی لە نێو گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا چۆنە، لەو سیستێمەدا پاراستن و پارێزگاری لە مروڤی سیاسی بوونی نییە و بە دەڕەندانە ترین شێوە هەڵسووکەوت لە گەڵ بەندکراوی سیاسی دا دەکرێت.

ئەوەی کە جێگای ئامەژەیە ئەوە کەسانەی کە ئێستا وەک بەندکاراوی سیاسی لە گەتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دان دوو تایبەتمەندی گەورەیان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە. یەک ئەوەی کە ئەو کەسانە لە پێناو پاراستن و درێژەدان بە خەباتێک کە بۆ ئەو کۆمەڵگا دەکرێت قۆڵ بەست کراون، دووهەمینیشی ئەوەیە کە ئەو کەسانە ڕۆڵەکانی ئەو ئاو خاکەن کە بێگانە و نەناسراو نین بۆ ئێمە و سەرجەم کومەڵگای کوردی. ئەوە کەسانە بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەو هەموو هەڕەشە و زەبر و زەنگە قارەمانانە لە بەرانبەری داگیرکەران راوەستاون و ئازاری ئەشکەنجە و زیندان و سێدارەیان بە گیان کڕیوە و بێ باکانە لە سەر ئامانجەکانیان سوورن و چۆکیان بۆ کەس دانەداوە، لە گرتووخانەکانەوە دەرسی ئازادییان بە دیاری بۆ خەڵک ناردووەتەوە و چیرۆکی بەرخۆ دانیان بۆ نەسلەکانی دوارۆژ نوسیوە.

پشتیوانی لەو کەسانە نە تەنیا چاوەڕوانییێکە کە لە کۆمەڵگا دەکرێت بەڵکوو ئەرکێکی نەتەوییە لە سەر شانی هەر تاکێکی کورد، کاتێک دەبیندرێت کە مروڤێک گیانی خۆی فیدای ئەو میلەتە دەکات لە بەرانبەریشی دا چاوە ڕوان دەکرێت کە ئەو خەڵکەیش پشتیوانی لێ بکەن و بە دەسەڵاتی نیشان بدەن کە ئەوانە رۆڵەی ئێمەن و رێگەتان پێ نادەین کە بە ئاسانی بڕیاری کوشتن و لێدان و گرتنیان دەر بکەن و نیشان بدرێت کە خەڵک بە تەواوی هێزی خۆیەوە پشتیوانی ئەو کەسانەیە و هەڕەشەکانیان بایەخی نییە لە لای ئەوەن.

٢٧ی خەزەڵوەر دەتوانێ رۆژێکی مێژووی بێت بۆ دەستپێکی خەباتێکی نوێ و ئاڵ و گۆڕێک بە سەر ئەو بێ دەنگییەی کۆمەڵگا دا کە ماوەیەکە تووشی بووە، دەستپێکێک بێت بۆ یەکڕیز کردنەوەی هێزی خەڵک بەرانبەر بە زۆرداری و تێک شکاندنی تابۆی ترسێک کە سازیان کردووە، هەڵمەتێک بێت بۆ پاراستنی گیانی خۆشەویست‌ترین ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان، هاوارێک بێت بۆ ئازادی ئەوەانەی وا دەنگیان بە هیچ شوێنێک ناگات، بەگژ دا چوونەوەیەک بێت لە بەرانبەری ئەو هەموو زوڵمە ناڕەوایە.