پزیشکیی یاسایی ژمارەی گیان لەدەستداوانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بڵاو کردەوە

12:35 - 1 رەشەمه 2719

پزیشکیی یاسایی حکوومەتی ئێران لە نامەیەکدا، بۆ "ئیبراهیم ڕەئیسی" ئاماژەی بە ڕێژەی گیان لەدەستداوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ کردووە کە بە هۆی نەبوونی ساردخانە لە سەر دەستی ئەو ناوەندە پزیشکییەدا ماوەتەوە.

لەو نامەیەی پزیشکیی یاسایی‌دا که بۆ بەرپرسی قوەی قەزاییە نێدراوە ئاماژە بە کوژرانی ٤ هەزار و ٨١١ کەس لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و هەروەها باس لە کوژرانی ١١٩ کەس لە هێزەکانی سپا، ئەرتەش، بەسیج و لیباس شەخسییەکانیش کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، سەرەڕای بە کرێگرتنی ٩ ساردخانه بۆ ماوەی ٣ مانگ، هەنووکە ئەو موڵەتە کۆتایی هاتووە و هەتا ئێستاش هیچ پارەیەک بۆ درێژەکردنەوەی موڵەتی ئەو ساردخانانە تەرخان نەکراوە.

لە بەشی کۆتایی ئەو نامەیەدا هاتووە، خوازیارین بڕیاری پێویست بۆ گوازتنەوە، ڕادەستکردن یان لەناوبردن و چاڵکردنی جەنازەکان لە گۆڕی بە کۆمەڵ لە شوێنی دیاریکراودا کە بەپێی دانوستان لە دوایین دانیشتن لەگەڵ شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللی کراوە، بدرێت.