پاسپۆرتی ئێرانی لە ڕیزی خراپترین پاسپۆرتەکانی وڵاتانی جیهاندایە

21:24 - 11 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی دوایین پلەبەندیی دامەزراوەی \"هێنلی و پارتنێرز\"، پاسپۆرتی ئێرانی لە نێو وڵاتانی جیهاندا، پلەی ٩٩ هەمینی بەدەست هێناوە.

هەواڵدەریی عەداڵەت نیوز، لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، پلەبەندیی هێنلی و پارتنێرز بە هاوکاریی یەکیەتی گواستنەوە ئاسمانییەکان،(IATA) کە زۆرترین زانیاری سەبارەت بە پاسپۆرتەکان و ڕووداوەکان تۆمار دەکات، پاسپۆرتی ئێرانی پلەی ٩٩هەمینی بەدەست هێناوە.

ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژی چوار شەممە ١٠ی خەرمانان بڵاو کراوتەوە.

دڵنیایی پاسپۆرتی هەر وڵاتێک، پێوەری هەڵسەنگاندنی ڕێژەی باوەڕپێکراویی نێونەتەویی هاووڵاتییان، لە نێو وڵاتانی جیهاندا بە ئەژمار دێت، و بەو هۆیەوە وڵاتانی جیهان هەوڵی بەرز کردنەوەی ئاستی باوەڕپێکراویی پاسپۆرتەکانیان لە نێو وڵاتانی جیهاندا دەدەن.

بەپێی پلەبەندیی دامەزراوەی هێنلی و پارتنێرز، دەوڵەتی ئاڵمان بەو پاسپۆرتە کە لە بەردەستی دایە، هاووڵاتییانی دەتوانن لە نێوان ٢١٨ وڵاتی جیهاندا، هاتوچۆی ١٧٧ وڵات بکەن، و وڵاتی سوئیدیش لە پلەی دووهەم دایە، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەش دەتوانن بۆ ١٧٦ وڵات هاتوچۆ بکەن.

وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، ئیتالیا، ئیسپانیا و فیلاند، لە پلەی سێهەم دان و شارۆمەندانیان دەتوانن بۆ ١٧٥ وڵاتی جیهان هاتوچۆ بکەن.

بەپێی پلەبەندیی دامەزراوەی هێنلی و پارتنێرز، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، سوماڵی، سووریە، لیبی، ئەریترە، سوودان و چەند وڵاتێکی دیکە، لە پلەی ٢٥ی خراپترین وڵاتانی جیهاندان.

هەروەها ئێران بە هۆی جێی باوەڕنەبوونی پاسپۆرتی وڵاتەکەی، لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە پلەی ٩٩هەمین دایە، و بەیەکێک لە خراپترین پاسپۆرتەکانی جیهان بەئەژمار دێت.

ئەو ڕاپۆرتە، نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی هێنلی و پارتنێرزە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاو کراوەتەوە.