وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەی ئێعدامکردنی لە زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد

11:44 - 31 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، نووسینگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە حەوشەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، "حوسێن عوسمانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی بانگهێشت کرد و هەڕەشەی ئێعدامکردنی لێکرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، سێ کارناسی وەزارەتی ئیتلاعات بەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدانی دەبا لەگەڵ دوو هاودۆسیەکەی دیکەی، "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا" جێبەجێ بکرایەت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو سێ کارناسەی وەزارتی ئیتلاعات ئەو زیندانییە سیاسییەی بە کافر و تێرۆریست ناو بردووە و هەڕەشەی ئێعدامیان لێکردووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "حوسێن عوسمانی ڕایگەیاندووە کە بە حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانییە تەعزیرییەکەی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە، بەڵام کارناسەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەکەت بۆ هەر شوێنێک ڕەوانە بکرێت، لەلایەن کارناسەکانی ئێمەوە تاوتوێ دەکرێت و هەڵدەسەنگێندرێت".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ساڵێک لە دەسبەسەرکرانی لە ژووری تاکەکەسی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەحمەد جەوادی ‌‌کیا" لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکە بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە"، بە تۆمەتی "دانانەوەی بۆمب و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی لەسێدارەدانی "حوسێن عوسمانی" لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سی ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دادگاییکردنی دووبارەی لە ساڵی ٩٧، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرایەوە و پاش ١١ مانگ لە دەسبەسەری لەو زیندانە و کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، مانگی ڕەزبەری ٩٨ بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرایەوە.

شەوی  سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران.