وەرزشکارێکی کورد ڕێکۆردێکی نوێی تۆمار کرد

15:11 - 6 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: \"حەیدەر سەمەدی\" وەرزشکاری کوردی خەڵکی شاری سنە توانی زیاتر لە ١١ هەزار جار میلێکی ٧ کیلۆیی باستانی بسوڕێنێتەوە و ڕێکۆردێکی نوێ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوبراو لە ماوەی ٣ کاتژمێر و ٨ خولەکدا ١١هەزار و ١٥٠ جار میلی هەڵسوڕاندووەکە ئەمە بە ڕێکۆردێکی نوێ لەم بوارە وەرزشییە بە ئەژمار دێت.

لە لایەکی دیکەشەوە لە شەشەمین خولی کێبڕکێ ئاسیاییەکانی وەرزشی ئۆ-سپۆرتدا وەرزشکارانی کورد توانییان ٢ مێداڵیای زێو و ٣ مێداڵیای بڕۆنز وەدەست بێنن.

لەم کێبڕکێیانە کە بە بەشداری ١١٨ وەرزشکار لە چوارچێوەی ٩ تیمی بیانی و ٢ تیمی ئێرانیبۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ئیسفەهان بەڕێوەچوو حەسەن باتمانی و ئاریا ڕەزاقی توانیان پلەی دووهەم وەدەست بێنن و فەرهاد مەندەمی، مۆحەممەد ڕەحمانی و سەلاح عوسمانی مێداڵی بڕۆنزیان لە مل کرد.

چەند ڕۆژ پێش ئێستایش \"جەمیلە محەممەدی\" ڕێکۆردی \"دمبل جلوبازو\"ی ئێرانی بەناوی خۆی تۆمار کرد و ماردین پیرزەهیریش توانی بەسەر شاخی کازبەک لە وڵاتی گۆرجستاندا سەرکەوێت.