ئاژانسی کوردپا: لە بڕیارنامەیەکی نوێدا سەرۆکایەتی زیندانی ئێڤین نووسینی هەرچەشنە نامەیەک لە زیندانەوە بۆ بنەماڵەی زیندانییەکانی قەدەغە ڕاگەیاند.
هەواڵدەریی هەرانا بڵاوی کردەوە لە بریارنامەیەکدا کە تایبەت بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین دەرکراوە نوسین و ناردنی هەر چەشنە نامەیەک لە نێو زیندانییەکان قەدەغەیە و هەموو مۆرەخەسییەکانیش هەڵوەشێندراونەتەوە.
تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە کە ئەم بریارە نوێیە بە چ هۆکارێک دەرکراوە بەڵام وەک لە هەواڵدەرییەکاندا بڵاو کراوەتەوە ئەم بەندە تایبەتە بەو ژنانەی کە تۆمەتی سیاسی و ئەمنیەتییان دراوەتە پاڵ؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە پێشتر نامەی ئەم کەسانە بەر لەوەیکە ڕادەستی ٢ لایەن بکرێت لەلایەن بەرپرسانی حەراسەتی زیندانەوە دەکرانەوە و دەخوێندرانەوە کە ئەمە هێمایەکی ڕاستەقینەی پێشێل کردنی مافی زیندانیان و بەزاندنی سنورە ئەخلاقییەکانە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە تا ئێستا چەندین ناوەندی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی لە ئێران نیگەرانییان دەربڕیوە و کۆماری ئیسلامییان بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت لە نێو زیندانەکاندا تۆمەتبار کردووە.
ماوەیەک پێش ئێستا ناوەندی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە ئێران دژکردەوەیان پیشان دابوو کە تێیدا کۆماری ئیسلامییان بەوە تاوانبار کردبوو بۆ چارەسەری زیندانیانی نەخۆش لە گرتووخانەکانی ئێراندا خۆیان لە گێلی دەدەن.





