ئوپۆزیسیۆنی ناوخۆیی، فاکتەرێکی سەرەکیی گۆڕانکاری لە ئێران

13:34 - 13 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
کاوە بەهرامی

ئەگەر ئاوڕێکی کورت بە چۆنیەتیی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی پاش ٣٥ ساڵ بدەینەوە، بۆمان دەر دەکەوێ‌ لە هیچ بوارێکدا سەرکەوتوو نەبووە. لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریەوە نەتەنیا بەرەپێش نەچووە، بەڵکوو بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە. دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی لە یەک بواردا سەرکەوتوو بووە کە ئەویش بریتییە لە زەبر و زەنگ، ئیعدام، حەزف و بەهێزکردنی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی وەک بەسیج، سوپای پاسداران و ئیتلاعات بە هەموو بەشەکانیانەوە. لە واقیعدا لەو بوارەدا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.

رێژیمی ئیسلامی هەموو کەموکۆڕییەکانی دواکەوتنەکانی خۆی بە هێزە سیخوڕ و ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسداران پڕ کرددووەتەوە. بە ئاماژەیەکی کورت بە هێندێک لە حاڵەتەکانی سەرکوت پاش هاتنە سەرکاری \'\'دەوڵەتی ئۆمید و ئەسید\'\' کە زۆر حیزب و لایەن و کەسایەتی دڵیان پێ خۆش کردبوو، دەرکەوت کە هاتنە سەر کاری سەرکۆمارەکان هیچ بوارێک بۆ گۆڕانکاریی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا ناڕەخسێنێت.

بە سەرنجدان بە هاتنە سەرکاری رۆحانی بزانین چ گۆڕانکارییەکی سەیر و سەمەرە لە \'\'دەوڵەتی ئۆمید و ئەسید\'\'دا رووی داوە؟ چ بەرەو پێش چوونێکی بە خۆیەوە بینیوە؟ بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە یەک ساڵی رابردوودا، واتە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی رۆحانی تا هەنووکە زیاتر لە ٨٠٠ کەس ئێعدام کراون. گرتن و زیندانی درێژخایەن و ئەشکەنجە و بێڕێزی کردن بە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکان رووی لە زیادبوون کردووە. سەرکوتی کۆمەڵایەتی، پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسی و رۆژنامەنووسان و چوونە ناو ماڵی خەڵک بە ناوی دەستبەسەرداگرتنی ماهوارە و کۆمەڵێکی دیکە لەم پێشێلکاریانە، لە دیاردەکانی ئەم حکوومەتە بە تەدبیرەن کە درێژەی کاری دەوڵەتەکانی پێشوویە بۆ بەقا و مانەوەی ئەم رێژیمە.

ئەسید پرژاندن بە دەموچاوی ژنان لە شەقام و کۆڵانەکاندا، هەوڵدانە بۆ سیاسەتی دوو جنسیەتی، واتە: جیاکردنەوەی ژن و پیاو و تەریک خستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت، کاری ئیداری، چالاکییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا. یەکێکی دیکە لە بەرنامە پێشکەوتووەکانی کارگوزارانی سازەندگییە کەلە چەند رۆژی رابردوو شاهیدی داخستنی شوێنی فەرهەنگیی هەرمان لە شاری پاوەدا بووین.

پەرەپێدانی ماددە هۆشبەرەکان و ئیعدام کردنی زیندانییانی سیاسی لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە شاکارەکان داهێنانی نوێی ئەم \'\'دەوڵەتە دێموکراتەیە!\'\' کە نوێنەریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێ: ئەوانە کە ئیعدام کراون، تۆمەتی ٩٥% یان ماددەی هۆشبەر بووە.

لە بواری سیاسەتی دەرەکییەوە شکاندنی سنوور لە دەوڵەتانی دەر و جیران و دەستێوەردان لە کاروباریان بۆخۆی بە رەوا دەزانێ‌ و لە راستای سیاسەتی پەرەپێدانی شۆڕشی ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرێ. واتە بوونی خۆی وەک بەشێک لە هێزی نیزامیی عێراق لە کوردستان و ناوچە عەرەبنشینەکان رەوایە و شەرعیەتی هەیە و هەروەها لە شەڕ دژی داعش بۆی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی نیزامی لە رێگای سپای پاسدارانەوە رێک بخات.

لە کاتێکدا خۆی رێژیمێکی تێرۆریست و تێرۆریست پەروەرە و وا وێدەچێ‌ ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ دژایەتیی داعش و تێرۆریزمە، لە کاتێکدا بۆمان دەر دەکەوێ‌ کە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و سنوورەکانی خۆی، سنووری بەزاندووە و لە دڵسۆزی هەرێمی کوردستان نییە. لە لایەکی دیکەوە یارمەتیی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شەڕی دژی داعش لە کوردستان بەربەست دروست دەکا. هەروەها کاتێک پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتیی داعش لەمەڕ پاڵپشتیی براکانی خۆی دەچێتە کۆبانی، کۆماری ئیسلامی ئەم کارە مەحکووم دەکا و بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی دەزانێ‌. بە کورتی هەموو کارو کردەوەیەکی تێرۆریستی دژی مرۆڤ چ لە ئێران، یان لە دەرەوەی ئێران بۆ سەرکەوتنی پیلانەکانی خۆی شەرعی و بە رەوای دەزانێ و لە غەیری ئەمەدا دژایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکا.

ئەم رێژیمە بۆ خۆی ئامادە بوو لە بەرەی دژی تێرۆر بە هاوکاری وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا بەشداری لەو شەڕە بکا، بەڵام کاتێک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەشداری لە هاوپەیمانیەتی شەڕی دژی داعش رێگەیان پێ‌ نەدا ئەو کارەی هاوپەیمانانی بە دەستێوەردان لە قەڵەم دا. ناردنی هێزێکی نیزامی بۆ هەرێمی کوردستان و سازماندانی میلیشیای شێعە لەم هەرێمە، ئایا بۆ پارێزگاری لە هەرێمی کوردستانە؟ ئەم بەشە لە کارەکەی بۆ ئایندەنگەری بۆ هێنانەوەی سپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دێتە بەر چاو.

ئەمە و دەیان بواری دیکە بە دەستێوەردان و سنوور بەزاندن نازانێ‌ و بۆخۆی بە رەوای دەزانێ. درێژدادڕی بۆ کوشتنی کات لە بواری دۆزی ئەتۆمی کێشەی ئورانیوم لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ تەنیا و تەنیا بۆ گەیشتنی چەکی ناوکییە. ئەمە و دەیان کردەوەی دیکە وەک: دەستێوەردان لە یەمەن، ئەفغانستان و میسر و... . هەموو ئەمانە فاکتەرێکن بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات. هەر بۆیە گەلانی ئێران ئەگەر چاوەڕوانی ئوپۆزیسیۆنی دەرەکی بکەن و پێیان وابێ‌ وەک فاکتەرێک بۆ گۆڕانکاری لە ئێران کاریگەرە، چاوەڕوانییەکی بەجێ نییە.

لە بارودۆخی هەنووکەیی ئەم ئوپۆزیسیۆنەدا ئەگەر گۆڕانکارییەک لە شێوەی تاکتیکیان پێک نەهێنن، باندۆرێکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕانکارییەکان نابێ، ئوپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ( داخلی ) دەتوانێ‌ فاکتەرێکی سەرەکیی گۆڕانکاری لە ئێران بێت، بە مەرجێک کاتێک لە شوێنێکی ئەم وڵاتە هەڵوێستێک دژی رێژیم دەست پێ‌ دەکا، چین و توێژەکانی دیکە تەماشاگەر نەبن. بۆ نموونە: کاتێک لە کوردستان راپەڕینێک سەر هەڵدەدا باقی شارەکانی دیکەی ئێران بێ‌ دەنگ نەبن، کاتێک دژی ژنان ئەسید پاشی دەکرێ، پیاوان و چین و توێژەکانی دیکە بێ‌ لایەن و تەماشاچی نەبن.

ئەمە و کۆمەڵێکی دیکەی فاکتەری دەرەکی، وەکوو هەڵوێستی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ پشتگیری لە کۆبانی و شنگال و هەرێم، بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ داعش، باقی گەلانی ئێران بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئەمە بۆخۆی نیشانەی نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوسۆزیی گەلانی ئێرانە.

بوونی حەرەکەتێکی چەکداری وەک پاڵپشتیی کردن لە حەرەکەتی مەدەنی هاوئاهەنگە لەگەڵ ئەم دوو لایەنە و دەتوانێ‌ کاریگەری لەسەر رێژیم و دەست و پێوەندییەکانی دابنێ.

با پێکەوە بە یەک دروشم بۆ رووخانی رێژیمی تێرۆر و وەحشەت هەنگاوی بە کردەوە هەڵَگرین و ئەوەندەی کە ساڵانە رێژیم بە ئێعدامی ئاشکرا و نهێنی و گرتن، خەڵک بێ‌ سەرو شوێن دەکات. ئەگەر هەزینەی راپەڕینێکی هەمەلا یەنە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە دەست پێ‌ بکا ، رووخان بۆ رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری سێدارەی بە دواوە دەبێ‌ کە رزگاریی گەلانی ئێرانە.

سەرکەوتن بۆ هێزی شۆڕشگێڕ و ماندوویی نەناس

ئەم بابتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.