وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌کی کورت له‌گه‌مژه‌نه‌بوونی گه‌ل!

12:29 - 10 رەزبەر 2712
Unknown Author
ئیسماعیل ئیسماعیل زاده‌

\"گه‌ل، لێره‌دا ئاماژه‌یه‌ به‌ به‌شێکی دانیشتووی وڵات واته‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بابه‌ته‌که‌ش رووی له‌لایه‌نه‌کانی به‌شدار له‌شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمان و هاوپه‌یمانیی دوو قۆڵیی کۆمه‌ڵه‌ و دیموکراته‌‌\".
 
شه‌ڕی ناوخۆ (له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌) کاره‌ساتی به‌سه‌ر به‌ره‌یه‌کدا هێنا که‌راسته‌وخۆ بۆنی خوێنی خۆی هه‌ڵده‌مژی و به‌ده‌ستی خۆی گۆڕی بۆ خۆی هه‌ڵده‌که‌نی و ته‌رم به‌ته‌رم خۆی له‌گۆڕ ده‌نا! ئه‌م کاره‌ساته‌و ئه‌م مێژووه‌ نزیکه‌ ره‌شه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان، کاریگه‌ریی راسته‌وخۆشی له‌سه‌ر به‌ره‌کانی پاش خۆی داناوه‌..، له‌ئێستادا به‌ره‌ی پاش شه‌ڕی ناوخۆ کاتێ رووبه‌ڕووی سیاسه‌تی حیزبی ده‌بێته‌وه‌ له‌باشترین حاڵه‌تیدا به‌گومانه‌وه‌ سه‌یری ده‌سکه‌وت و پێگه‌و هه‌بوونی لایه‌نه‌کانی به‌تایبه‌تیی به‌شدار له‌و شه‌ڕه‌دا ده‌کا. به‌واتایه‌کی دیکه‌ ده‌کرێ بڵێین که‌ئه‌م به‌ره‌یه‌بۆ سیاسه‌تی حیزبی به‌مردوویی له‌دایک بووه‌! و هیچ داهاتوویه‌ک له‌نێو ئه‌م چوارچێوانه‌دا نابینێته‌وە.

ئێستا لایه‌نه‌کانی به‌شدار له‌شه‌ڕی ناوخۆ نه‌ک ته‌نیا له‌ئاست ئه‌و کاره‌ساته‌دا بێده‌نگ بوون‌ که‌ببووه‌ هۆی خۆکوژیی گه‌لێک و هه‌رچی زیاتر زاڵبوونی فاشیزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و حکومه‌تێکی فه‌ناتیک، به‌ڵکو هه‌تا ئێستا که‌ ئه‌م کورته‌ نوسینه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌، به‌شێوه‌ی ره‌سمیش ئاگربڕیان رانه‌گه‌یاندووه و ته‌نیا بێده‌نگییان له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا خستۆته‌ سه‌رپێ‌!  له‌ئیستا ئه‌نه‌هوو ده‌ڵێی هیچ رووی نه‌داوه‌و به‌منه‌ته‌وه‌ ده‌ست ده‌خه‌نه‌ناو ده‌ستی یه‌ک و باس له‌ناچاری و به‌ناو پێویستێه‌ک ده‌که‌ن و پێی ده‌ڵێن په‌یمانی دوولایه‌نه‌، ئه‌مه‌وای کردووه‌ که‌ به‌رده‌وام، بوونی پێگه‌ی خۆیان به‌چاوی ئه‌م و ئه‌و دابده‌نه‌وه‌ و په‌نا بۆ زۆر شت به‌رن که‌نزمترینیان گله‌یی بێ له‌خه‌ڵک که‌بۆ به‌پێی چاوه‌ڕوانییه‌که‌یان پشتیوانیان ناکه‌ن، یان بۆ تێکه‌ڵاوی سیاسه‌تی حیزبی نابن و دووره‌په‌رێزن..

 پێم وایه‌به‌ر له‌هه‌موو شتێ ئه‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌خۆیان به‌به‌شێک له‌گه‌ل ده‌زانن و روو راستن له‌گه‌ڵ خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان و ده‌یانه‌وێ متمانه‌ بۆ گه‌ل بگه‌ڕێنه‌وه‌، پێویسته‌ به‌ره‌سمی داوای لێبوردن له‌گه‌له‌که‌یان بکه‌ن که‌ ئه‌کته‌رانی \"خۆکوژیی گه‌ل\"ێک بوون. له‌لای منیێک گرینگ نییه‌ کام لایه‌ن یه‌که‌م جنێوی دا و یه‌که‌م سینگی پێکا و زیاتر بووه‌ هانده‌ری خۆکوژیی گه‌ل! ئه‌گه‌ر ستراتیژی هاوبه‌ش و کاری هاوبه‌ش و سازکردنی به‌ره‌ و هتد به‌گه‌یشتن به‌ بلوغی فکری خۆیان ده‌زانن، پێویسته‌ خۆیان پێش دادگایی کردنیان له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌، دادگایی بکه‌ن و به‌خواستنی لێبوردن له‌ خاک و گه‌ل و نیشتمان، ئه‌و بلوغه‌ فکرییه‌ بسه‌لمێنن بۆ ئه‌وه‌ی ویژدانی گه‌لیش له‌به‌رامبه‌ریاندا لێبورده‌یی هه‌بێ. گه‌ل هه‌ر ئه‌و بونه‌وه‌رانه‌ نین که‌ ئایینه‌کان به‌بێده‌سه‌ڵاتی و بێ ئیراده‌ییانی زانیوه‌ و به‌کوتک له‌سه‌ریان ده‌ده‌ن که‌ چاره‌نوسیان قبووڵ کردنی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا بێ! بۆ گه‌ڕانه‌وه‌بۆ نێو گه‌ل و بۆ مانه‌وه‌و بۆ گه‌یشتن به‌هه‌ر ئه‌زموونێک و به‌هۆی ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستیان که‌ من لێره‌دا پێی ده‌ڵێم \"خۆکوژیی گه‌ل\" به‌ڕێوه‌چووه‌، پێویسته‌ حیزبه‌کان خۆیان له‌به‌رده‌م ویژدانی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و هه‌موو گه‌لدا بمرێنن و خوێن و هه‌ناسه‌ و رابوونه‌وه‌ له‌گه‌ل وه‌ربگرنه‌وه.
 
نۆروێژ
29.09.2012