وروژاندنی لیبرالیزم، پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان چارەسەر یان قوڵتر دەکاتەوە!

12:51 - 14 رێبەندان 2712
Unknown Author
ئاریتما محەممەدی

لیبرالیزم وەک دەسپێکی هزرێکی نوێ کە ئاڵوگۆڕی قووڵی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێکهێناوە چاو لێدەکرێت.

یەکێک لەو هۆکارانە کە بۆ نووسینی ئەم وتارە هانیدام، ئەوە بوو کە لە پاش ڕووخانی بلوکی ڕۆژهەڵات و کەمڕەنگ بونەوەی مارکسیسم و دەسهەڵگرتنی بەشێک لە پارتە مارکسیستیەکان لە بیر و باوەڕیان و رووکرنە ناسیۆنالیزم، کاپیتالیزم و هەوڵدان بۆ نزیک‌بونەوە لە ڕۆژئاوا بوو. من ئەو ئاڵوگۆڕانەم پێ باش و بەكەلکن ، بەڵام ئەو کرانەوەیە پلان و بەرنامەو پڕۆگرامی پێویستە و پیموانیە کە تەنیا بە نزیکە بونەوە لە ڕۆژئاوا پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە چارەسەر بکرێت.

لەم وتارەدا گرینگی بەو پرس و بابەتانە دەدرێت کە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان کاریگەریان هەبووە!
ئەگەر چاوێکی خێرا بە بەرنامە و پڕۆگرامی پارتە سیاسیەکانی کوردستاندا بخشێنین، ئەوا بێشک کۆمەڵێک پرس و بابەت و پڕۆژە دەکەونە بەرچاومان کە هەر کامیان لە فەلسەفەیەکی هزری و زانستی تاییبەت سەرچاوەیان گرتوە کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ئەم هزرانە هیچکات بێ کێشە نەبوونە، بەڵکە وەک هەڵکردنی با، کۆمەڵێک پرس و بابەتی سیاسی و زانستی وروژاندووە وئاڵوگۆڕی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئیتر بەشێک لەو ئاڵوگۆڕانە بە قازانجی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێناسەکراوە وبەشێکی تریشی کارەساتی لێکەوتووەتەوە.

ئەمجارە هەوڵ دەدەم کە باس لە سەر یەکێ لە گرینگترین هزرەکانی مرۆڤ بکەم، کە وەک مەکتەبێکی زانستی و سیاسی پێناسە دەکرێت. هاوکات وەک بنەمای شۆڕشی پێشەسازی و پێشکەوتنەکانی مرۆڤ و تێکۆنۆلۆژی سەردەمیش چاوی لێدەکرێت. واتا لیبراڵیزم.

لیبرالیزم، ئەو هزرەی کە دەیهەوێت لە کوردستان گەشە بکات
هەنووکە ئەم هزرە نوێیە دەیهەوێت لە ناو کۆمەڵگای کوردستان گەشە بکات، دیارە، چمکی لیبرالیزم لە چوارچێوەی پرس و بابەتی دیکە باس کراوە، بەڵام، لیبرالیزم وەک چەمک و فەلسەفە و تێکەڵکردنی بە پرسی نەتەوەیی گەلەکەمانەوە شتێکی نوێیە.

تا ئێستا چەندین هۆکار لە سەر جێکەوتنی ئەم هزرە لە کوردستان ڕێگر بونە، یەکێ لە گرینگترین هۆکارەکان ئەوە بووە کە کوردستان لە بەرەی دژ بە ئیمپریالیزم و هەروەها کاریگەری یەکێتی سۆڤیەت و ئیدئۆلۆژیی سوسیالیستی و مارکسیستی لە سەر بووە. هەڵکەوتی جۆگرافیایی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانێتی، کوردستان وەک ناوچەیەکی فەقیر و بێ کەسپ و کار هەمیشە دژ بە کۆ کردنەوەی سەرمایە و چەوساندنەوەی چینی زەحمەتکێش بووە. دیارە سەرهەڵدانی حێزبایەتی لە کوردستان کە بە رادەیەک هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتوبر(١٩١٧) لە رووسیە و پاشتر هاتنەئارای بەرەی سوسیالیستی بە رێبەریی یەکێتی سوڤیەت و گاریگەریان لە سەر بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و بەتایبەت حێزبە کوردی‌یەکانیش ،لایەنێکی دیکەی ئەو رووکردنەی بزووتنەوەی کوردە لە بەرەی\"دژی ئیمپریالیستی\" . بەکورتی دەتوانم بڵێم لە سەردەمی سەرهەڵدانی جوولانەوەی مودێڕن (واتا خەبات بە رێبەری و پێشەنگایەتی حێزبی سیاسی) بزووتنەوەی کورد و حیزبەکانی خۆیان لەبەرەی دژی ئیمپریالیستی و دۆستایەتی لەگەڵ بەرەی سوسیالیزمی مەوجود پێناسە کرد، ئەگەرچی ئەو بەرەی سوسیالیستیەش قەت بەشێوەی جیدی ئاوڕی لە کورد و مافەکانی نەدایەوە.

هەروەها شيوە سیستەمی نوێی جیهانیش لە سەرەوەی هەموانەوە سیستمی کاپیتالیستی و بورژوازی کێشەی زۆری بۆ نەتەوەی کورد خوڵقاندووە. ئەگەر چاو لە دۆخی سیاسی کوردستان بکەین دەبینین لە کۆتایی شەڕێ یەکەمی جیهانی‌دا، لەلایەک رووسیە خەریکی سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی کومونیستەکان بە رێبەریی لینین بوو. لەلایەکی دیکەش دەوڵەتانی سەرکەوتوو(بریتانیا فەرانسە و تا رادەیەک ئامریکا) لە دابەشێنەوەی ناوچەکانی ژێڕ دەسەڵاتی عوسمانی تێکشکاو، چەندین وڵاتی تازەی بێ ناسنامەیان پێك هێنا، بەڵام کوردستانیان دانستە لە نێوان سێ وڵات دا دابەش کرد و زۆرتررن غەدر و ستەمیان لە کورد کرد. هەروەها گەر سەرنجی سەردەمی شەڕی سارد لە نێوان دوو بلوکی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت بدەین، ئەوا بۆمان ڕون دەبێتەوە کە تەنیا پرسێک کە لەو سەردەمەدا بە تەواوەتی لە بیر کرابوو پرسی کورد و مافی نەتەوایەتی ئەم گەلە بوو. ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە بلوکی ڕۆژهەڵات لە چەند بوراێکدا گرنگی بە پرسی کورد داوە، دیارە ئەوەش تەنیا بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیاز و دابینکردنی بەرژەوەندی خۆی لە لایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە بووە.

بلوکی ڕۆژئاواش وەک هاوپەیمانی داگیرکەرانی کوردستان دەهاتە ئەژمار و لە سەردەمێکد دا بە شێوەی شاراوە لە گەڵ بەشیک لە هێزەکانی کوردستان پێوەندی هەبووە، بەڵام ئەو پێوەندیانە بە شێوەی شاراوە لە ژێر کاریگەری یەکێ لە وڵاتە داگیرکەرییەکەی کوردستاندا بووە، بۆ نمونە ڕێکخراوی جاسوسی ئەمریکا واتا “سیا “ پێوەندی لە گەڵ یادزیندوو مەلا موستەفا بەرزانی دا هەبووە، بەڵام ئەو پێوەندیە تا ئەو کاتە بەردەوام بوو کە ڕەزایەتی شای ئێرانی لە سەر بوو. ئەوەی کە پێویستە لەو پێوەندیەدا ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە هەر دوو بلوکی ئاماژە پێکراو دوستی کورد نەبونە و وەک مۆرەی سوتاو لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا یاریان بە چارەنوسی گەلی کورد و سەرکردەکانی کردووە.

ئەوەی باسکرا دەکرێ وەک کاریگەرترین پڕۆسە و هۆکار و لەمپەری سەر ڕێی جێگیربوونی هزری لیبرالیزم لە کوردستاندا بێتە ئەژمار. دیارە لەو نێوانەدا نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە خۆمانیش زۆر بەداخەوە بەهۆی دواکەوتوویی و ناتەباییە ناوخۆیەکانمان نەمانتوانی لە کاتی کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی وەک گەلێکی جیدی کە داوای وڵات و نیشتمانی خۆی دەکات بینە مەیدان.کە حاسڵی لەبیرکردنی رێککەوتنامەی \"سیڤەر\" و سەپاندنی رێککەوتنامەی \"لۆزان\" بوو بوو بەسەرماندا.

واتای لیبرالیزم:

چمکی لیبرالیزم وەک هزرێکی نوێ مەزنترین ئاڵۆگۆڕەکانی جیهانی لە گەل خۆیی هێناوە.
وشەی لیبرالیزم مانای ئازادیخوازی دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی فەلسەفی هەوڵ بۆ شیکردنەوەی ئەم چمکە بدەین ئەوا گەلێک مانا و چەمک و واتا لە خۆ دەگرێت، کە هەر کام لەمانە ڕوانگەی و ڕەهەندی جیاوازی لێ دەبێتەوە.
لیبڕالیزم Liberalism وەک فەلسەفەی نوێی نوێ لیبڕاڵی هندێک پێوەری تاییبەتی لە خۆی دەگرێت، کە پێویست بەوە دەکات بە باشی چاویان پێدا بخشێنینەوە، لیبڕاڵیزم Liberalism وەک هزرێکی نوێی مودێڕن کە پێش لە مودێڕنێتە، پۆست مودێڕنیزم و گلۆبالیزم هەنگاوی ناوەتە نێو دوونیای پێش ئێمە، کەواتا لیبڕاڵزمی نوێ یا نێولیبراڵیزم، هزرێکی نوێیە کە وەک دایکی چەرخی پیشەسازی دێتە ئەژمار.

شۆڕشی ڕینیسانسیش بەرهەمی هزر و ئەندیشەی لیبڕاڵی بووە.
لەق و پۆکانی لیبرالیزم لە مەکتەبی سیاسەت لەوانەیە لە یەک جیاواز بن، بەڵام چەند تەوەرێکی هەیە کە بە پێوەری سەرەکی لیبرالیزم بە ئەژمار دێن، لیبرالیزم لە دەرەوەی ئەم پێوەرانە واتا و فەلسەفەی سیاسی خۆی لە دەست دەدات، لەو پێوەندیەدا دەتوانم ئاماژە بە ئازادی هزر، کەمکردنەەی دەسەڵاتی حکومەت، برەودان بە دەسەڵاتی یاسا، دیلۆگ لە نێوان ئەندیشەکان، بازاڕی ئازاد و کۆکردنەوەی سەرمایە، هەروەها سیستمێکی شەفاف و ڕونی حکومەتی.
کێشەکانی لیبرالیزم و پێکهاتەکانی:

لیبرالیزم Liberalism چەند کێشەیەکی هەیە کە دەبێت بە ڕوونی و بە شەفافی باسی لە سەر بکرێت و وڵامی ڕەخنە گرانی ئەم چمکە بەباشی و بەتوکمەیی بدرێتەوە. مەبەست لە جێگیرکردنی سیستمی لیبڕاڵی لە کوردستان چییە!! ئەمە خۆی لە خۆیدا وڵامێکی سادەی هەیە. ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوە کوردستان ببێتە وڵاتێکی پیشە سازی، بەڵام ئایا ئەم وڵامە توکمەیە. وڵامی ڕەخنەگرانی ئەم چمکە بێگومان نە‌یە، ئەو وڵامە تەواو کەر نییە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ چوونە ناو باسێکی فەلسەفی و شیکردنەوەی ڕەهەندەکانی لیبرالیزم.

لیبرالیزم (Liberalism)وەک ئەندیشەیەکی مودێڕن کۆمەڵێک پرس و بابەت لە خۆ دەگرێت کە کاریگەری لە سەر هەموو پرسەکانی نێو کۆمەڵ دادەنێت. هەر بۆیە دەبیت فەلسەفیانە و بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی ناوچەکە باسی سەر بکرێت و خۆ لە هەر جۆرە شی کردنەوەیەکی سادە بۆ ئەم بابەتە ببوێریت.

لێرەدەا هەوڵ دەدەم لە سەر چمکە بنەڕەتی و ئەساسییەکانی لیبراڵیزم بدوێم و فەلسەفەی لیبرالیزمLiberalism شی بکەمەوە. باسەکەم ڕەهندەکانی ئەو چمکە لە گرینگرتین قۆناغەکانی لیبرالیزمLiberalism و هەروەها مێژووی نوێی لیبرالیزم (نێو لێبراڵیزم) دەگرێتەوە و دەچمە ناو ناخی چەمک و ڕەهەندی لیبرالیزم Liberalism.
لیبرالیزم Liberalism مێژووێکی کۆن و دڕێژی هەیە، ئەگەر چاو لە نوسین و باوەڕی فیلسوفە گەورەکانی جیهان بکەین، ئەوا بێ شک ڕەنگ و بۆی هزری لیبڕاڵی Liberalism لە چەمک و ڕەهەندی جیاواز و لە قالب و شکڵی دیکە، لە ناو باوەڕی ئەوان دا دەبینین. هەروەها سەرەتاکانی ئەم هزرە لە ناو نوسین و فەلسفەی ئەوان دا بەدی دەکرێت. ئەم هزرە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو ئاڵوگۆڕی بە سەر دا هاتووە و گۆڕانکاری لە هزرو واتایدا کراوە.

بەگشتی رەنگە تا ئێستە لە خوێنەریش روون بووبێتەوە، لیبرالیزم Liberalism ئەندیشەیە، چمکە و هزرە. زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین کە دەڵێن لیبرالیزم ئیدئۆلۆژییە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لیبرالیزم Liberalism ئیدئۆلۆژی نییە. ڕەخنە، کە هۆکاری ئاڵوگۆڕ و گۆڕنکارییە، لە چوارچێوەی ئازادی هزری مرۆڤ خۆی دەگونجێنێت و بە بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتوری لیبڕاڵی پێناسە دەکرێت. لە ڕەوتی پێشکەوتندا ئەم ئەندیشەیەش خۆی نوێ دەکاتەوە و قۆناخ بە قۆناخ گۆڕانکاری بە سەر دا دێت. بەڵام هیچ کات ئەم هزرە ڕوو بە سوسیالیزم نەچووە. لە بەر ئەوە لە فەلسەفەی خۆی دووردەکەوێتەوە و خۆیی تووشی قەیرانی گەورە دەکات.

دژبەرانی ئەم هزرەش لەم کەلێنەی نێوان ئەم دوو چمکە کەڵکوەردەگرن و پێیان وایە کە لیبرالیزم ئیدئۆلۆژیە ! دیارە لە سەر چەمکی لیبرالیزم کەڵکی نێگەتیڤیش وەرگیراوە و ئەوەش کاریگەری لە سەر ڕوانگەی دژبەرانی هەبووە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتە سەرمایە و سەرمایەدار دەورێکی ئەرێنی دەگێڕن و دەسەڵاتیان بە سەر بازار و کایەی سیاسی ئەو وڵاتەش هەیە و بیروبۆچونی کومونێستی ـ سوسیالیستیش برەوی پێنادرێت و ڕێگری لێ دەکەن.

هەنووکە ڵیبڕالیزم لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان لە گەڵ قەیران ڕوبەرووە و زۆر جاریش لە بەر ڕۆژئاوایی بوونی ئەم هزرە، لە لایەن هندێک وڵاتەوە دژایەتیکراوە. بەڵام قۆناغە جیاوازەکانی لیبڕالیزم Liberalism واتا مودێڕنتە، پۆست مودێڕنیزم و بە تاییبەت گلۆبالیزم لە کۆتایەکانی سەدەی بیست‌ویەکم توانی بەشیکی زۆر لە وڵاتانی دونیا بتەنێت و پەرە بە ئەم هزرە نوێیە بدات.

نوێ لیبڕاڵیزم لە گەل ئەوەدا کە نوێ ترین هزری مرۆڤایەتیە، بەڵام بێ کێشە نەبووە، لە بەشیکی زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە بە شێوەی سیستمی لیبڕاڵی دامەزراون قەیرانی چینایەتی دروست کردووە، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا لە شاری نیۆیورک کە بە دەوڵەمەنترین شاری دونیا دێتە ئەژمار شەوانە یەک میلیۆن کەس بە سکی برسی دەخەون، یان لە وڵاتێکی وەک هیند کە بە گەورەترین دێموکراسیی جیهان دەناسرێت بە ئاسانی هەست بە چینایەتی بونی کۆمەڵگا دەکرێت.

بۆ نمونە ئەگەر لە وڵاتێک خاوەنداریەتی تایبەتی (Private Property) بوونی نەبێت و سەرمایە ئازاد نەبێت و دەسەڵات کونترۆڵی سەرمایە بکات، دژوارە باس لە دامەزراوەی لیبڕاڵی لەو وڵاتە بکرێت.

مەترسی لیبڕاڵەکان لە مەڕ کۆمونیزم:

لیبرالیزم لە ئیستادا بە قەیران تێپەڕ دەبێت، هاوکات بەرهەمهێنەری کۆمەڵگای چینایەتیە، لە گەڵ ئەوەشدا ئازادییە تاکە کەسی و سیاسیەکان بەرفەراوان دەکات. ئەگەر باس لە سەر کۆمەڵگای کوردستان بکەین، ئەوا جۆرە بێ باوەڕییەک لە نێوان بەرەی لیبڕاڵ و بەرەی چەپی تۆخدا دەبیندرێت، بە هەر حاڵ ئەوە کاریگەری دەورانی شەڕی نێوان بلوکەکانی لە سەرە و پێویست بەوە دەکات کە پێوەندیەکان ئاسایی بکرێنەوە و وەک جیاوازی هزری چاویان لێبکرێت و کەلتوری فرە چەشنی و فرە گەرایی ڕێکبخرێت. بە گشتی بەرەی ڕاست و لیبڕاڵەکان لە هەمبەر ئیدئۆلۆژیی مارکسیسم و پارتە چەپە تۆخەکانی کوردستان هەست بە مەترسی دەکەن و کاریگەری ئەو ئەزمونە تاقیکراوەی ڕابردویان لە سەرە.

ئەگەر هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لەبەرچاو بگرین و لە گەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵگەی خۆماندا ڕوبەڕو بین، ئەوا بێشک سیستمێکی سۆسیالیستی بە باشترین چارەسەر بۆ کوردستان دەزانین. تا ئەو جێگایەی کە من ئاگاداری ڕاوبۆچونی لیبڕاڵ و دیموکراتەکان بم، ئەوانیش هەمان بیر کردنەوەیان هەیە و پێیان وایە کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دەتوانێت باشترین ئەلترناتیڤ و سیستمی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی بۆ کوردستانی داگیرکراوی ئەمڕۆی پێ بێت. بەڵام هۆکارێکی گرینگ ڕێگری لەم کرانەوەیە دەکات، ئەوەش هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، کاریگەری ڕوداوەکانی شەڕی سارد لە سەر پارت و ڕێکخراوەکانی لیبڕاڵ و دیموکرات لە کوردستانە ئەوان دەڵێن کە ئەگەر گرینگی بە بیر و بۆچونە سۆسیالیستیەکان بدەین، ئەوا ئەو دەرفەتە بە کومونیستەکان دەدەین کە بە سەر کۆمەڵگادا زاڵ بن و خۆیان وەک پارت گەلێکی سۆسیالیست دەربخەن و بەو شێوەیە کۆمەڵگا توشی قەیرانی پتر بکەن، چونکو هەست بە ئەو مەترسیە دەکەن کە شۆرشی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە لاڕێدا بچێت و کومونیستەکان دیکتاتۆری بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و هێز لە دەست دامەزراوە دیموکراتیەکان وەربگرن.
ئاشکرایە کە سوسیالیزم و کۆمونیزم لە هندێک خاڵ دا نەبێت ئیتر لە یەک جیاوازن، بەڵام کێشەی بنەڕەتی لیبڕاڵەکان لە کۆمەڵگای کوردستان لەهەمبەر سوسیالیزم ئەوەیە کە کۆمونیستەکانی کوردستان خۆیان بە سوسیالیست لە قەڵەم دەدەن، ئەوەش سیمای سۆسیالیزم ناشیرین دەکات. مرۆڤێکی سوسیالیست هەمیشە باوەڕی بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ هەیە و لەو پێناوەدا خەبات دەکات. بە بۆچونی من کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی هەمیشە بە کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران پێناسە دەکرێت. پێچەوانە، مرۆڤی کۆمونیست بە مرۆڤێکی هەڵ پەرەست و تینوی دەسەڵات دێتە ئەژمار و بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات هەموو پێوەرە مرۆڤایەتیەکان دەخاتە ژێر پێ و بناغە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا لاواز و لەرزۆک دەکات.

بۆیە شیمانەی مەترسی لە سەر کۆمونیستەکانی کوردستان دەکرێت، چونکە بەرژەوەندیخواز ڕاهاتوون و هەر کات هەست بەوە بکەن کە لە گەڵ قەیران ڕوبەڕوو دەبن ئاڵۆگۆڕی ڕووەکی واتا زاهیری بە سەر خۆیاندا دەهێنن و خۆیان لە چوارچێوەی قاڵبیکی تر دا نیشان دەدەن و بەو شێوەیە یاری بە بیر و باوەڕە مرۆڤایەتیەکان دەکەن. (ئەمە بۆچونی من نیە! تەنیا ڕوانگەی مرۆڤێکی لیبڕاڵ و دیموکراتم لە مەڕ مەکتەبی کومونیسم پیشان داوە)

سوسیال دیموکراسی:

پرسێکی دیکە بە ناوی سوسیال دیموکراسی هەیە. ئەمە، کۆمەڵێک لە پێوەرە پێکهێنەرەکانی لیبڕالیزم Liberalism لە چوارچێوەی سوسیالیزم دا دەگونجێنن و لە هەمان کاتیش دا خۆیان بە پارێزەری چینی کرێکار و نەداری کۆمەڵگا دەزانن و لەو پێوەندیەدا خۆیان بە بەرپرس و ماف پارێزی ئەو چینانە پێناسە دەکەن. ئازادی پێکهێنانی سەرمایە و خاوەنداریەتی لە گرینگترین ئامانجەکانی باوەڕمەندانی ئەم هزرەن. ئەمە لە بنەڕەت دا پەرە بە سیستمی کاپیتالیستی دەدەن، بەڵام لە چوارچێوەی فۆرمێکی نوێ و بە شکڵێکی دیکە سیمایەکی بە تەواو سۆسیالیستی بە کاپیتالیسم دەبەخشن. هاوکات هیچ باوەڕێکیان بە سوسیالیزمیش نییە، بەڵکە بە جۆرە چەواشەکاریەک دژ بە سوسیالیزم و هەروەها بە گۆڕانکاری ڕووەکی لە سەر پانتای لیبرالیزم پێناسە دەکرێت. بەداخەوە بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان خۆیان لەو پانتایە دا دەبیننەوە..

کێشەکانی بەردەم لیبرالیزم لە کوردستان:

ئەو خاڵانەی کە لیرەدا پێویستە ئاماژەیان پێبکەم ئەوەیە، کە وڵاتیکی وەک کوردستان پێویستی بە پیشەسازی و پێشکەوتن و ئاوەدان کردنەوە هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە دەبێت خۆی لە بازنەی وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهانی سێوم ڕزگار بکات، وە پڕۆسەی پێشکەوتن و نوێ و نوێبونەوە تێپەڕێنێت و وەک وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو خۆی پێشبخات.

لە لایەکی دیکەشەوە ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە بوژانەوەی هەیە، داگیرکەران لە هەموو بوارەکاندا ژیانی مرۆڤی کوردیان شێواندووە و نەتەوەیی کوردیان چەوساندووەتەوە، ئەم گەلە دەیهەوێت لە ژیانیدا گۆڕانکاری پێک بێت و هەست بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئارامی بکات. ئەم خەڵکە دیسان لە پاش ئازادی و رزگاری ناتوانن، جیاوازییە چینایەتییەکان ببینن، رێژەیەکی یەکجار زۆری حەشیمەتی کوردستان لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەژین و پتر پێویستیان بە یارمەتی ئابووری و پێداویستیە مرۆییەکان هەیە و دژی هەر چەشنە بوار ڕەقساندنێکن بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندان کە خۆیان زێتر دەوڵەمەند بکەن. کێشەی هەرە لاواز و هەرە بنەڕەتی لیبڕالیزم Liberalism لێرە دایە کە ناتوانێت خۆی لە گەڵ داخوازیەکانی خەڵک ڕێک بخات و ئاڵوگۆڕی پێویست بە سەر ژیانی ئەوان دا بهێنێت.

ئەزمونی باشور بۆ ڕۆژهەڵات:

زۆر لایەن پێیانوایە کە ئەزمونی باشوری کوردستان، ئەزمونێکی گونجاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەزمونی باشوری کوردستان بۆ ئێمە وەک کورد پیرۆزە و شانازیشی پێوە دەکەین. بەڵام خەڵک ناڕازین و ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەزمونی حکوومەتداری لە باشوور سەرکەوتوو نەبووە. ئەزمونێک کە خەڵک ناڕازی ڕابگرێت و نەتوانێت وڵامدەری ویست و داخوازی گەلەکەی بێت، ئەزمونێک کە جیاوازی چینایەتی پێک بهێنیت و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بە سەر ژیانی هاوڵاتیانی خۆیدا نەهێنێت، چۆن بە ئەزمونێکی سەرکەوتوو پێناسە دەکرێت! بە بۆچونی من ئەو ئەزمونە سەرکەوتوو نەبووە و پێویست بەوە ناکات کە لە وڵاتێکی دیکەدا کەڵکی لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە ئەزمونی کۆریای باشور ئەزمونێکی سەرکەوتووە بۆ کۆریای باکور.

بەڵام ئەزمونی باشوری کوردستان بۆ ئێمە لە ڕۆژهەڵات ئەزمونێکی سەرکەوتوو نییە. ئێمە ئەزمونی شەری ناخۆ و برا کوژی و گەندەڵی و سامانی سروشتی بە هەدەردانمان ناوێت، کەواتا با ئیتر ئەو ئەزمونە بە بەرنامەی داهاتوومان نەکەین. ئەوانەی کە ئەزمونی باشوری کوردستان بە ئەزمونێکی ڵیبڕاڵی پێناسە دەکەن لە هەڵە دان. لە ڵیبڕاڵیزمدا، سیستمی حکومەتی شەفافە و گەندەڵی بوونی نییە، یاسای توکمە بوونی هەیە و لە هەموو شتێک لێکۆڵینەوە دەکرێت. زۆربەی ئەو وڵاتانە کە دامەزراوەی لیبڕاڵیان تێدا جێگیرە وڵاتانێکی فیدڕاڵین. ئەوەش بۆ ڕێگرتن لە دروست بونی هەر جۆرە گەندەڵییەک و تاپۆ کردنی دەسەڵاتە. گەورترەترین دیاردەی دەسەڵاتێکی لیبراڵ دەساودەست بوونی دەسەڵاتە لە رێگەی هەڵبژاردن و پارلەمانێکی بەهێز و سەربەخۆ بوونی سیستەمی دادوەریە کە بەداخەوە هیچیان لە باشوور بەو شێوە نین.

ڕوانگەی من لەو پێوەندیەدا:

دادپەروەری کۆمەڵایەتی تاکە ڕێگایە بۆ ئەوە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئابووری و ژیانی خەڵک ببوژێنێتەوە و پاش ئەو قۆناغە پەرە بە بیری لیبرالیزمی سنوردار لە کۆمەڵگا بدرێت. پێش هەر جۆرە زەمینە فەراهەم کردنێک بەو مەبەستە، دەبێتە هۆی پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی چینایەتی. بۆ ئەوە کە پێشگیریمان لەو پڕۆسە وێرانکەرە گرتەبێت، پێش هەموو شتێک دەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی باڵ بە سەر وڵاتدا بکێشێت.

ئەگەر کۆمەڵگاکەمان ببێتە کۆمەڵگایەکی چینایەتیی بەو واتایە دێت کە ئێمە نەمانتوانیوە ئاڵوگۆڕی پێویست لە کوردستان پێک بهێنین و کێشەی کۆمەڵایەتی لە ئەمڕۆ پتر دەبێت و کۆمەڵگاکەمان توشی قەیرانی مەزنتر دەکات.

بۆ نمونە، لە وڵاتی هیند پێش ئەوە کە پڕۆسەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێپەڕێنێنن بناغە گشتیەکانی لیبرالیزمینان جێگیر کرد. هەنوکە دۆخی ژیانی بەشێکی زۆر لە خەڵک ئەوەندە نالەبارە کە وای لە خەڵکی فەقیر کردووە بۆ بژێوی ژیان کچەکانیان بفرۆشن. هاوکات لە شارگەلێکی دیکە دەوڵەمەندی وا دەبینیت کە دەسەڵاتی بە سەر هەموو یاسا و ڕێسای شارەکەدا زاڵە.

کەواتا لە پڕۆسەیەکی هاوشێوەدا لیبرالیزم Liberalism وەک چەمک و هزرێکی نوێ نەک هەر سەرکەوتوو نابێت و پەرە بە ئابوری و باش بونی دۆخی ژیانی خەڵکی نادات، بەڵکە دەبیتە هۆی ئەوەکە سونەتە کۆنەکان زیندوو بکرێنەوە و خەڵک لە نالەبارترین دۆخدا ژیان بکەن. نمونەیەکی دیکە، لە کۆمەڵگەی ئێرانی ئەمڕۆ، سیستمی ئابووری ئازادە و \"خاوەنداریەتی تایبەتی\" هەیە، دەبینین لە کوردستان یان لە شارەکانی دیکەی ئێران خەڵک گورچیلەی خۆی دەفرۆشێت، خەڵک تووشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دەبن، ئەمنییەت و ئاسایش نییە.

گەورەترین کێشەی کۆمەڵگاکانی جیهانی سێوەم ئەوەیە کە بە سیستم و کەلتورێکی سونەتی ژیان دەکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی وڵات هەولومەرج و دۆخی ژیانی خەڵک لە بەرچاو ناگرن و سیستمێک لە کۆمەڵگا جێگیر دەکەن کە لە گەڵ دۆخی ڕاستەقینەی ناو کۆمەڵ ناگۆنجێت. بۆ نمونە لە وڵاتە ئیسلامیەکان کەلتور و داب و نەریتی و شێوە ژیانی خەڵک سونەتیە، بەڵام بەداخەوە سیاسیەکان کەڵک لە چەند پێوەری جیاواز کە هیچ پێوەندیەکی بە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانەوە نییە وەردەگرن. لە وڵاتی ئێرانیش سیستمەکە ئیسلامیە و ژیانی خەڵکەکەشی سونەتی و ئایینیە. من لە گەڵ گۆڕانکاری بەرین و کاریگەر دا هەم، بەڵام پێموایە دەبێت پێش هەموو شتێک زەمینەی بۆ فەراهەم بکرێت و کەلتورەکەی جێگیر بکرێت.

ئەویش لە ڕێگای پێکهاتنی ڕێکخراو و سەندیکا و هەروەها لە قوتابخانە و زانکۆکان و بەتایبەت میدیاکان دەبێت کاری لە سەر بکرێت.کە ئەویش ئەتکی دەسەڵاتە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتەکان تەنیا لەفیکری قایم کردنی خۆیان و بەرژەوەندی خۆیاندان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و خەڵک بۆیان گرنگ نی‌یە. پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران واتا لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی پەهلەوی بەبێ لە بەرچاو گرتنی دۆخی کولتوری و شێوە ژیانی خەڵک، دیکتاتۆری لائیک داسەپا بە سەر ئەو وڵاتەدا، لە ئاکامدا شۆڕشی گەلانی ئێران پێک هات، لە بەر فاسد بونی ئەو ڕژیمە دڕندەیە خەڵکی ئێران دەنگی بە کۆماری ئیسلامی دا و ئیستا دەبینیت کە ئەو وڵاتە سەدان ساڵ بەرەو پاش گەڕاوەتەوە. یان ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە عەرەبیانە کە شۆڕشیان تێدا بەڕیوە چوو بکەین، دەبینین کە سیستمی سیاسی ئەو وڵاتانە لە سیستمێکی لائیک و دیکتاتۆر پێک دەهات کە گەندەڵی لە ئەو پەڕی خۆیدا بوو. ئاکامی ئەوەی ناوی بەهاری عەرەبی لێنرا،بە داخەوە بەستەڵەکی فاندامنتاڵیزم و ئیسلامی سیاسی هاتە سەرکار. کە لە ڕاستیدا بەهاری عەرەبی بوو بە جەهەنمی عەرەبی. بە بۆچونی من هەموی ئەو کێشانە لە بێ پلانی و لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جێگیرکردنی سیستمێکی سیاسی نامۆ بەو شێوە سەقەتە و بە بچڕ بچڕی، ئاکامەکەی داڕمان و بشێوی بە شوێن خۆییدا دەهێنێت. هەروەها، بە هەڵگرتنەوەی پڕۆژەی ناتەواو ە تێپەڕاندنی بە فیلتری ئایین و کەلتور و تێکەڵ کردنی بە ژیان وکۆمەڵگەی سونەتی بە خۆدزینەوە لە چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان پێناسە دەکرێت. هەر وەک ئاماژەم پێکرد، چارەسەر لە ڕەوتێکی ئارام و هێمن کە لە ناخی کۆمەڵگا بکۆڵێتەوە و کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو کۆمەڵگایە بخاتەپێش دیدێکی ڕەخنەگرانەوە و لەو نیگایەوە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەکان بدات.

کاتێک کۆمەڵگای کوردستان لەو کێشانەی کە لە سەرەوە باسم کرد بە دوور دەبێت کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێگیر بێت و هەوڵ بۆ بونیادنانەوەی ئابووری وڵات بە شێوەیەک کە دۆخی ژیانی خەڵک لە بەرچاو بگرن و لە بە چینایەتی کردنی کۆمەڵگا پێشگیری بکەن. من هێژمونی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی بە ئازادی و پێوەرە مرۆییەکان هەڵدەبژێرم تا جێگیر بونی کۆمەڵگایەکی لیبڕاڵی بە هزری چینایەتی. لە دەرەوەی ئەم بازنەیە پێویست بە لێکۆڵینەوە و دیاڵۆگ و گفتۆگۆ دەکات کە وڵامی ئەم پرسانە بداتەوە و بە مەنتیق ڕێگەی چارەسەر بدۆزێتەوە.