"ورمێ" یان "ئورمیە"؟!

16:31 - 24 خەرمانان 2712
Unknown Author
ئەسکەندەر جەعفەری

زۆر دەمێکە کە دوژمنانی گەلی کورد هەوڵ دەدەن فەرهەنگ و ئەدەب و میژووی کورد بسڕنەوە. وێنەی بەرچاوی ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەش، کوردستانی تورکیەیە. لە کوردستانی تورکیە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە هەتا ئێستا هەر کەسێک هاتووە، ناوێکی لەسەر ناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆی داناوە، واتە تورکەکان هەوڵیان داوە هەتا سیاسەتی بە تورکی کردنی هەرێمەکانی کوردستانی باکوور بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانهەوێ، بچێتە پێش. هەروەها لە کورستانی عێراقیش لە زۆر شوێن وەکوو کەرکووک و مووسڵ سیاسەتێکی وەکوو تورکەکان هەتا سەردەمی سەدام لەمەڕ کوردەکان گیرابووە بەر و ئەویش تەعریب کردنی هەرێمەکان بوو. دەتوانین بڵێین لە کوردستانی ئێرانیش سیایەتی تەفریس واتە بە فارس کردنی هەرێمەکان هەبووە و ئێستاش هەیە، بەڵام لە هێندێک شوێنی وەکوو سایینقەڵا و نەغەدە و ئورمیە، جگەلە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی کە فارسە، دژایەتیی کورد و ئازەریش بەداخەوە وەبەرچاو دەکەوێ و ئازەری بە پێچەوانەی کورد، پێی وا نیە کە دەبێ لەگەڵ کورد لە ئەو شارانەدا بژین و پێیان وایە کورد لەوێ مێوانە!!

بەداخەوە کەسانێک لەڕووی نەزانییەوە، پەرەیان بە وشەی تورکیی \"ورمێ\" دا.

وشەی ئورمیە، وشەیەکی \"ئەرمەنی\"یە، بەڵام بێجگەلە سەردەمی سمائیل ئاغای سمکۆ، ئیتر لە سەردەمی ئوورارتوویەکانەوە بگرە هەتا ئێستا، کورد و ئەرمەنی پەیوەنییەکی باشیان لەگەڵ یەک هەبووە. بە لەبەرچاو گرتنی چاوی تەماح تێکردنی تورکەکان لەو شارەدا جوان نیە کە پەرە بە وشەیەکی تورکی بۆ ئەو شارە بدرێ، چونکە ئەرمەنییەکان تەماحیان لە شار نەکردووە بەڵام ئازەرییەکان تەماحیان تیدایە.

دیارە ئێمە باس لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەین، بەڵام باش نیە مێژووی شاری خۆمان جیا لەوەی کە هەیە پێشان بدرێ.

ئەگەر لە رووی زمانەوانیشەوە چاوی لێ بکەین؛
1- لەباری مۆرفۆلۆژییەوە، وشەی ورمێ زەرەر لە زمانی کوردی دەدا، چونکە دواتر دیاری ناکرێ کە ئەو وشەیە لە چ شتێک پێکهاتووە. نەبوونی مۆرفۆلۆژییەکی بەڵگەمەندیش، پتەو و رەسەنایەتی بوونی ئەو زمانە دەباتە ژێر پرسیارەوە.

2- لەباری فۆنۆلۆژییەوە ئەو زمانە لەگەڵ کەموکووڕی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، چونکە بە حوکمی ئەوەی کە هیچ وشەیەکی سەربەخۆی خاوەن واتە لە زمانی کوردیدا نیە کە بە پیتی \"ێ\" کۆتاییپێ بێت، کە وابوو بە پەرەپێدانی وشەی ورمێ زەرەر لە زمانی خۆمان دەدەین.

3- لە کاتێکدا کە نەمانتوانی زمانی خۆمان لەباری مۆرفۆلۆژی و فۆنۆلۆژییەوە بپاریزین، لێکسیکۆلۆژیی زمانەکەمان بێ بایەخ دەبێ، واتە نەمانتوانیوە زمانی خۆمان لە هاتنی وشەی بێگانە بە دوور راگرین. ئەگەریش وشەی ئورمیە، \"ئەرمەنی\"یە، بەڵام لایەنی کەم باری مێژوویی زمان زەرەرمەند ناکا.

ئێمەی لە گوێی گادا خەوتوو و لە جێگای رەشدا نووستوو، ئەگەر بە هەڵە پەرە بەو وشەیە بدەین و فەرهەنگسازیی لەسەر بکەین، مێژوو بە باشی باسمان ناکا.

با هەموومان وشەی \"ئورمیە\" لە جیاتی وشەی \"ورمێ\" بەکار بێنین و خۆمان لەسەر ئازەربایجانی بوونی شارەکەمان جەخت نەکەین، بەڵکوو ئێمە باوەڕمان بە یێکەوەژیان هەیە.