ورمێ؛ ئازادیی سەفیە مامەش‌پوور بە دانانی بارمتە هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی دەسبەسەرکرانی گوڵاڵە مورادی

12:02 - 1 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی "سەفیە مامەش‌پوور"، خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شیوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکی ئازاد کراوە.

هاوکات لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەفیە مامەش‌پوور، ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی "گوڵاڵە مورادی"، ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ، سەفیە مامەش‌پوور، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

سەفیە مامەش‌پوور، خێزانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی کوژراوی سپای پاسداران لە پیرانشارە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ژنە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.