هەڵوێستەکانی سایتی تابناک سەبارەت بە هەرێمی کوردستان

15:06 - 22 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
د. رەحیم سورخی

سایتی \"تابناک\" سەر بە موحسین ڕەزایی، سکرتێری\"مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام\" و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەک بەرپرسیاری \"فرۆشی نایاسایی نەوت\"! ناساندووە، کە ئاکامەکانی \"بڕینی بودجەی هەرێم\"بووە و \"باری ئابووریی کوردستان و عێراقیشیی تووشی هەڕەشە و مەترسی کردووەتەوە\".(۱۵ مرداد ۱۳۹۳).

\"دەوڵەتی عاقڵی نوێی عێراق!\" و\"ناوچەکوردنشینەکانی عێراق\"!

ئەم سایتە \"هەرێمی کوردستان\"یشی بە ئەدەبیاتی سیاسیی فارسەکان بە ناوی\"ناوچە کوردنیشینەکان\" ناو بردووە و بە \"وردە فەرمایشتان!\" ئامۆژگاریی کوردەکانی کردووە کە لە جیاتی \"هەست دەربڕین و هەیەجان و هەڵسەنگاندنی هەڵە، عەقڵانییەتی سیاسی بەکار بێنن و بە عەقڵی سیاسی دەوڵەتی ناوەندیی نوێی عێراق، ئەو ئاگرەی کوردستانی عێراقی گرتووەتەوە بکوژێننە!! لەوانەیە مەبەستیان لە دەوڵەتە عاقڵەکە نووری مالکی بێت، کە هێشتا بەهیچ نەبووە دەیەوەێت، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی پارلەمانی نوێ عێراق بداتە دادگا!!

نووسەری سایتی تابناک، تازە دەوڵەتی عێراق هەڵوەشاوە، کەچی لە خەیاڵی خۆیدا پینەی کردووەتەوە وپاشناوی \"عاقڵ\"یشی پێوە لکاندووە، کە گوایە کورد هیچ نازانێ، باشترە لەوان ڕاوێژ وەرگرێ!! ئەوان ئەگەر عاقڵ بان، بەقسەی ئێران خۆیان تووشی شەڕی تایفی و مەزهەبی نەدەکرد؛ جارێکی دیکە \"بەگوریسی ئێران نەدەچوونە چاڵ\"ی ناوەندچێتیی و پاوانخوازیی و گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان و لادانی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق. دیارە ئێران لە مالکی عاقڵتر شک نابات، چونکە ڕاست کۆپیی خۆیانە.سەرەڕۆ و کەلەڕەق و دیکتاتۆر.

ئێران باش دەزانێ بە دوای وەڕێخستنی شەڕی تایفی و ئایینی لە عێراق، کە بۆخۆی ئەندازیارەکەی بوو، لەپڕ کەوتە بەر دژە هەڵمەتی نەیارەکانی لە ناوچەکە، \"گڵۆڵەکەی کەوتە لێژێ\" و بۆی خڕ نەبووەوە.ئیبتیکاری عەمەلی لەدەست دەرچووە، رۆڵی لە عێراق بە تین و تاوی جاران نەماوە. بە پەلاماری تیرۆریستە هاوپیشەکانیان(دەوڵەتی ئیسلامی/داعش) دڵییان خۆش بوو کە بایانداوەتەوە سەر کوردستان. ویستیان دەورێک وەرگرنەوە، بەڵام، بەبێ ئەوان و بە زەبری پێشمەرگەی کوردستان سەریان لەبەرد کەوت و کوردپشتیوانیی جیهانیشی بەدەست هێنایەوە.

دەرفەت بۆ ئەمریکا و کورد:

ئەمریکا وەڵامی مالیکی نەدابوویەوە، هەم دەستێوەردانەکانی ڕووسیە لە ئۆکراین لەتام دەرچوو بوو، هەم لەغەزەش بە هۆی دەستەوەستان مانەوەی لەبەرانبەر ئیسڕائیل، دڵی دۆستە عەرەبەکانی لێڕەنجا بوو. دەرفەتێکی باشبوو، کێ هەڵبژێرێ؟ کورد؟ شیعە(ئێران)؟ عەرەبی سوننە(عەرەبستان و...)؟ کورد باشترین بەربژار بوو. \"ئەم بایە لەو کونەوە بێت\"، نەعەرەب دەبێ بە لیبڕاڵ و دیموکرات و نە ئێرانی ویلایەتی فەقیه واز لە فراونخوازیی خۆی دێنێ. شەڕی ئیسڕائیل و حەماس و حیزبوڵڵاش نابڕێتەوە. ئەمریکا هاوپەیمانێکی تریشی دەوێ، ئەمیش ژینوساید کراوە، وا خەریکە بەبەرچاوی موسڵمانانی جیهانەوە جارێکی دیکەش قانوونی کۆیلایەتیی و یاسای بەڕبەڕیەت بەسەریدا دەسەپێنرێ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی(داعشەوە) . هەم بە فریای کوردان گەیشت و هەم دەوری خۆی گرتەوە دەست لە ڕۆژهەڵات. ئێران تەونەکەی هەڵوەشەیاوە، لەلایەک لە سورییە گیرۆدەیە، لەلایەک لە عێراق باری نالەبار.ئیسلامیستە توندڕۆ و کۆنەپەرەستەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) و ئەلقاعیدە و حکومەتی ئیسلامی ئێران و دەست و پێوەندەکانی دەرفەتەکان دروست دەکەن.

فرۆشی نەوت یان پاوانکردنی دەسەڵات لەلایەن عێراقەوە

ئەم سایتە کێشەکە دەگێڕێتەوە بۆ فرۆشی نایاسایی نەوت. فرۆشی نەوت نایاسایی نەبووە، دادگای فیدراڵییش لە قازانجی کورد کێشەکەی یەکلا کردەوە، نەک مالکی. بڕینی بودجە هەڵەی گەورەی مالیکی بوو. جگە لەوەش ئەوە کوردستان بوو وەک نموونەی فرەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لە جیهان ناسرا، پێشنیاری ئۆباما و ڕۆژئاوا و جیهان ئەوەیە کە، عێراقییەکانی دیکە با چاو لە کورد بکەن. نەک دەوڵەتی ناوەندیی، دەوڵەتە گوێ لەمستەکەی ئێران. ئەگەر بە قسەی ئەوانەی لە ناوکوردانیشدا، لە ئێران نزیکن وهەر لەیەکەم ڕۆژدا تەپڵی شەڕیان (بۆ سەرکوتی سونەکان) لە ژێر ناوی (داعش) لێدەدا، بکرا بایە، ئەو دەم هەموو ئیبتیکاری عەمەل دەکەوەتەوە دەست ئێران. هەرێم دەبوو هەر فەرمایشتی \"حاجی\" جێبەجێ بکا. ئەمجارە دەوڵەتە هەرێمییەکان کە داگیر کەری کوردستانیشن \"دەستیان لە گۆزەداما\" و کورد لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان و بە ئیرادەی نەتەوەیی خۆی و دۆستانی توانی دەورێکی تازە بۆخۆی بگێڕێ و ئیرادەی جیهانیی کوردانیش یەکبخات. ئێران کەلێنێکی دیکەشی لێکرایەوە، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستێکیان بەداعش گەرمکردەوە.

بینیمان ئەوە نەک بۆ کوردستان مەترسی نەبوو، بەڵکوو ئێرانی هێنایە سەر هاوکاری کردنی زیاتر لەگەڵ هەرێم. کەواتە \"شەق دەزانێ قۆناغ لە کوێیە\". نەک سەرکزی و ملدان بۆ زۆر بڵێییەکانی ئێران.

بارزانی ڕۆژێک لەگەڵ داعش ڕۆژێک دژی داعش

سایتی تابناک، وادیارە دەیهەوێ هەمووڕۆژێک شتێکی لەبارەی کوردستان پێبێت، هەر بۆیە لە بابەتێکی دواتری(۱۸ مرداد ۱۳۹۳)، کە ئەمجار وادیارە تێگەیشتووە کە کورد خەریکە مەترسیی داعش تێدەپەڕێنێ، هەرچەند دەستەواژە سیاسییەکان دەخاتەوە جێی خۆی، هەرێم بە ناوی \"اقلیم کردستان عراق \" لە جیاتی ناوچە کورد نشینەکان ناو دەبات، بەڵام هێرشەکانی لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە و بە ناونیشانی\"بارزانی ڕۆژێک لەگەڵ داعش ڕۆژێک دژی داعش\"، دەنووسێ ، \"ئەمریکا لە بڕیارێکی درەنگ وەختدا، هەوڵەکانی بە دژی داعش پەرە پێدا...\" . سایتەکەی سەر بە موحسینی ڕەزایی وێڕای ئەوەی پێناخۆشبوونی خۆی لە بڕیارەکەی ئۆباما لە ئاوەلناوی \" درەنگ وەخت\"دا بەشێوەی هاوپێچ گەیاندووە، کە دیارە مەبەستی لە درەنگ وەخت ئەوەیە، بۆ زووتر لێی نەدەدا کاتێک کە لە بەغدا نیزیک بوون و لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سپای مالیکی شەڕیان دەکرد، دیسان دەکەوێتەوە وردە فەرمایشتان و کورد ئامۆژگاری دەکات کە \"شەریکێکی جێی باوەڕ بن بۆ پاراستنی یەکێتیی ئاو و خاک!\"، کە مەبەستی عێراقی سێ پارچەیە، هەوڵ بدەن!

خۆ هەرێمی کوردستان، گوێگرە داماوەکانی نوێژی جومعەی تاران نین، کە هەر گوێ بۆ \"ئیمام جومعە ژمارە کاتییەکانی ئێران\" شل بکەن. کورد خاوەن ئیرادە و مەرجەعی سیاسی خۆیەتی. ئەگەر شەڕ بکا، شەڕی خۆی دەکات. سیاسەتی دروست ئەوە بوو، کورد بەناوی شەڕی داعشەوە، شەڕی عەرەبی سوننەی عێراق نەکات، نەک ئەوەی کورد لەگەڵ داعش بێت. کورد هەر لەبنەماوە لەگەڵ فەلسەفەی وجودی داعش دژە. بەڵام، چونکە پیلانەکەی ئێران سەری نەگرتووە، دەیهەوێ بە لەگەڵ داعشبوون لێکیبداتەوە. واتە چونکە لەگەڵ ئێمە نەبوون لەگەڵ داعشن. باشە خۆ ئێوە لەگەڵ داعش هیچ جیاوازییەکتان نییە، داعش تیرۆریستە، ئێوەش تیرۆریستن، سەرچاوەی بیر باوەر و فەلسەفەشتان هەر یەکە. داعش کۆمەڵ کوژە ئێوەش وان. ئەی لە چی نیگەرانن؟

بەڵام ناوەرۆکی نیگەرانییەکانی ئێران کە سایتی تابناکیش راستەوخۆ هێناویەتەوە، ئەم قسانەی سەرۆکی هەرێمە کە لەکاتی شەڕی داعش و سونییەکان لەگەڵ مالیکیدا گوتی\" لە ژێرناوی خەبات بە دژی تیرۆریزمدا ناچینە شەڕی تایفی و مەزهەبییەوە.\". وا دیار بوو ئەمان دەیانویست\"مارەکە بەدەستی کوردان بگرن\" و لەو هەوڵەش سەر نەکەوتن، هەم سپای مالیکی ڕوخا، هەم کوردیش ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانی ئازاد کردەوە.ئێستا، کەواتە بۆچی سایتی تابناک سیاسەتەکانی بارزانی بە \"بێ سود\" ناو دەبات؟

ئەم سیاسەتە پەردە لەسەر پیلان و سیاسەتی هەمیشەیی خۆشیان لادەدا، بەوەی کە دەیانەوێ ڕێبەرانی کورد لەبەرانبەر یەکتر دابنێ و دەڵێ:\"تاڵەبانی نەخۆشە و ئۆجەڵانیش لە زیندانە، بارزانی دەیهەوێت وەک سەرۆکێکی هەمیشەیی کورد خۆی دەر بخات\". سایتی تابناک نازانێ ئەوە بڕیاری لانی کەم زۆربەی هەرەزۆری هێزەسیاسییەکانی کوردستان بوو، تەنانەت بەشێکی سەرەکی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیش. بەڵام بارزانی ،جگە لەوەی سەرۆکێکی جێگای ڕێزی کوردانە، وەک سەرۆکی هەرێمیش لە پێگەیەکی یاسایی و متمانەپێدراووەوە ئەو دەورە دەگێڕێ و نوێنەری یاسایی کوردە، نەک هەر سەرۆکی حیزبێک یان بنەماڵەیەک. کورد ئەو ڕێبەرانەشی لە بیر نەچووەتەوە، ئەوەگرێلاکانی ئۆجەڵان، پێشمەرگەکانی تاڵەبانی وبارزانی و قاسملوو بوون، لمبۆزی ترۆریستەکانیان لە گاشەبەردەکانی شەنگال دا . ئەوان دۆعا و نزای شێخەکانی لالش و پیرەکانی یارسان و کلێسەکانی هەولێر و داقوق و مینبەرەکانی کوردستانیان لە پشت بوو، نەک مەکر و ڕیای ژەهراوی عەمامە بەسەرەکانی قوم و تاران.

ئێران وا باشترە لە جیاتی ئەوەی نوسخەی وا خراپ بۆ باشووری کوردستان و عێراق هەڵپێچێ، باشترە، دان بە مافی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دابنێ.چی دیکە گەلانی ئێران بە قانوونی داعشییانەی خۆی ئەشکەنجە نەکات.

لە حاڵێکدا کە جیهان نیگەرانی مەترسییەکانی داعش بوو، لە ئێران سەلەفییەکانی ئێران و \"کەسانی بەڕواڵەت وەک داعش لە ناوچەی ئەردەوێڵ خەریکی ئەندام وەرگرتن و بانگکردنی خەڵک بۆ بە ئەندام بوون لەو گروپە بوون\".(بڕوانە:عصرایرانتاریخ انتشار: ۱۶مرداد ۱۳۹۳).