هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیی پارلەمانی ئێران لە چ كەش و هەوایەكدا؟

19:41 - 23 سەرماوەز 2711
Unknown Author
هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیی پارلەمانی ئێران لە چ كەش و هەوایەكدا؟

عومەر عینایەتی

هەروەك دەزانین كۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوی 34 ساڵ دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه و دەسەڵاتی زاڵی یاسای ئیسلامیدا، هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری و پارلەمان و دەست نیشان كردنی سەرۆكی پاریزگا و فەرمانداریی شار، لەژێر كاریگەریی فیلتێری ویلایەتی فەقیه و مەجلیسی شارەزایان (خبرەگان) و شۆرای باڵای دەست نیشان كردنی بەرژەوەندییەكان حكوومەت بەڕێوە چووە. ئەمەش بۆتە هۆكارێك كە بۆشاییەكی بەرچاو لەنێوان گەل و دەسەڵات بێتە ئاراوە. نابێ ئەوەش لەبەرچاو نەگرین كە رێژەی دانیشتوانی ئێران لەچاو‌ 34 ساڵی رابردودا 2 بەرامبەر بووە. حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كە خۆی بە نوێنەری شیعەی هەموو دونیا دەزانێت و تەنانەت دەسەڵاتی ولا‌یەتی فەقیه خۆی بە نوێنەری خودا و ئیمامی زەمان دادەنێت و دەسەڵاتی زاڵی ئایینیی بۆتە هۆكارێك كە هەركەس ئەگەر ناڕەزایەتییەك لە بەرامبەر پرسە چارەنووس سازەكانی كۆمەڵگای فرەنەتەوەی ئێران وەكوو زمان و تایبەتمەندییە كولتووریەكان، كێشەی بێكاری.... بەنێوی دژی خودا (محارب) و دژی شۆڕش و بەرژەوەندییەكانی حكوومەت، لە زیندانەكاندا سزای لە سێدارە دان یان زیندانیی درێژخایەن بەسەریاندا دەسەپێنرێت. لەلایەكی دیكەوە، ترس و تۆقاندن بەدەست هێزی سوپای پاسداران كە گۆپاڵی هێزی دەسەڵاتە، بۆتە هۆكارێك لەناو ئێراندا كە وەكووو سیستمێكی ئیلیگاریشی خۆی داسەپێنێت و هەموو ماف و ئازادییەكانی مرۆڤی ئەو كۆمەڵگایە پێشێل بكرێت و شیرازەی كۆمەڵگا بەتەواویی هەڵبوەشێتەوە. هەرچەند بە رواڵەت لەناو خۆی دەسەڵاتدا، ناكۆكیی بەرەی توندئاژۆ و‌بەرەی بەناو میانەڕۆ لە ململانێی دەسەڵات دان، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامانج، راگرتنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەژێر ناوی یاسای بنچینەییدا خۆیان دەبیننەوە، نموونەی هەرە بەرچاو هەڵبژاردنەكانی سەركۆماری و ساختەكاریی لەژێر چاودیری ویلایەتی فەقیه و ناكۆكییەكانی بەناو بزووتنەوی سەوز و لە ئاكامدا بە لاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری ئێرانی لێكەوتەوە.‌لەم سیستمەی ئێراندا بۆ زیاتر زاڵ كردنی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا هێزی سوپای پاسداران و بەسیجی هێنایە سەرشەقامەكان و بە دڕندانەترین شێوە خەڵكیان سەركوت كرد.

گەندەڵی و دزی و راو رووتی دەست و پێوەندەكانی نێو ئێران گەیشتۆتە رادەیەك كە هەژاری، بێ ئەخلاقی، گیرۆدە بوون بە مادە سڕكەرەكان، بێكاری لەناو كۆمەڵگا بە شێوەی بەرچاو كۆمەڵگای تەنیوەتەوە‌ كە ئەمە بۆتە هۆكارێك كە زۆربەی رۆشنبیران و كەسانی پسپۆڕ و مێشكی كارا و تەنانەت بەشێك لە ناڕازیانی ناو دەسەڵات سەرمایەكانی خۆیان رەوانەی دەرەوە بكەن و ئێران بەجێ بێڵن. هەروەها ئەم قەیرانانە وای لێهاتووە وەكووو ئاوری بن كا، لە كەمینی دەسەڵات دایە و بۆتە هەڕەشەیەك بۆ سەر حكوومەت كە راپەڕینی ئەمجارەی گەل دەتوانێت پێداگر بێت لەسەر‌ رووخانی یەكجاریی سیستمی كۆماری ئیسلامی.

جێگای ئاماژەیە كە بڵێین، لە كاتێكدا ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ بگاتە رادەیەكی جەماوەری و دەسەڵاتی ئێران بەهێزی چەكداری هاووڵاتیان سەركوت بكا و‌خوێنی گەل بڕژێنێت، ئەوا سیاسەتی نێودەوڵەتی ناتوانێت لە ئاست ئەم پێشێلكاریانەدا بێدەنگ بێت. بەپێی ئەو یاسایەی كەلە رێكخراو‌ی نەتەوە یەكگرتووكان لەم دوایانەدا پەسند كراوە، ئەگەر حكوومەتێك بیهەوێت بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی، میللەتی خۆی قەتڵ و عام بكات و مافی هاووڵاتییانی پێشێل بكا، یاسای نێودەوڵەتی رێگا بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەدا هێزی سەربازی بنێرێت و نموونەی هەرە بەرچاو و زیندوو وڵاتی \"لیبی\"یە.
هەروەها ئێران لە ئاست سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە گەمارۆ دایە كە وەكوو وڵاتێكی جیهانی سێهەمی دەیهەوێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و ئەمەش لەگەڵ بنەماكانی دەسەڵاتی زلهێزانی دونیادا ناگونجێ‌ و بۆتە هۆی مەترسی لە ئاستی بازاڕی ئابووری و نێودەوڵەتی و هەروەها لە ‌رۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەر بۆیە پێداگریی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی كە وەكووو وڵاتێكی جیهانی سێهەمیی وابەستە دەتوانێت زور مەترسیدار بیت بو ئاسایشی جیهانی، بەتایبەت كە ئێران وڵاتیكی ئایینیە و خۆی وەكوو نوێنەری باوەڕی شیعە دەزانێت، گوشارە نێودەوڵەتییەكان تاڕادەیەك گەیشتۆتە ئاستێك كە ئەگەر ئێران پێداگر بێت، دەكەوێتە بەر پەلاماری هیزی سەربازیی ناتۆ. هەرچەند كە ئێران وەكووو گەورەترین وڵاتی تیرۆریستی و پشتیوانی تۆڕ و رێكخراوەكانی تیرۆریستی لە ئاست دونیا دایە،‌ دەتوانێت گەورەترین قەیران دروست بكات لە رۆژهەڵاتی ناڤین و جیهاندا، هەربوێە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەیهەوێت بە هەستیارییەك لەگەڵ ئێران هەڵسوكەوت بكا، چونكە ئێران وڵاتیكی فرە نەتەوەیە و جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی وەكووو عێراق و ئەفغانستان. لەلایەكی دیكەوە نایانهەوێت ئێران لە دەست بدەن بەهۆی نزیك بوونەوەی ئێستای ئێران لەگەڵ رووسیە و چین لە بواری ئابورییەوە، بەڵام ئێران ماوەی سەدەیەكە لە ململانێی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وەكوو هێزیك رۆڵی گرینگی گێڕاوە.
لە بارودۆخی ئاوادا ئێران بەرەو پێشوازیی هەڵبژاردنی پارلەمانی دەچێت كە هەم ترسی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە پێشە و هەم قەیرانی سیاسیی نێودەوڵەتی كە دەبێ ئێران خۆی ئامادە بكات بۆ ئەگەری هەر رووداوێك لەم هەڵبژاردنەدا. هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی پارلەمان‌ دەتوانێ بو سیستمی كۆماری ئیسلامی چارەنوس ساز بێت و لەلایەكی دیكەوە، چاوەڕوانیی كۆمەڵگای ئێران لە دەسەڵاتی سیستمی كۆماری ئیسلامی بە هەموو ئیتنیكەكانیەوە، لەناو خۆی ئێران بە شێوەیەك دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت و دەسەڵات گوێ رایەڵی ویست و داخوازییەكانی گەل بێت‌‌.
ئەم هەڵبژاردنە زۆر جیاوازە. بەپێی ئاڵۆزیەكانی ساختەكاریی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری و ناڕەزایەتیی جەماوەری، لە ئێستادا دەتوانێت هەوێنێك بێت بۆ پەرەسەندنی ئەمجارەی ناڕەزایەتیی لەناوخۆی ئێران و پشتیوانیی وڵاتانی دەرەكی و ئۆپۆزیسیون لە دەرەوەی ئێران، بەتایبەت لە بواری بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكانی پارلەمان و سنوردار كردنی نوێنەرایەتیی جەماوەر.

بەپێی ئەم راستیانەی كە ئاماژەمان پێكرد، ئێستا دەتوانین بڵێین ئایا ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت روویەكی راستەقینەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بینێتە ئاراوە،‌ بۆ مان یان نەمانی؟

دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند بەشدا بهێنینە بەرباس:

یەكەم: دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ متمانە ببەخشێتە گەلانی ئێران و قبووڵی راستییەكان لە روانگەی فرە نەتەوەییەوە و دانپێیانان بە ویست و داخوازییەكانی ناوخۆی ئێران، بۆ ئەوەی لە پشتیوانیی ناوخۆیی سود وەرگرێت و لە بەرامبەر‌ ئەگەری هەر ناڕەزایەتییەك كە ساڵانە پشتگوێ خراوە دەسەڵات دەبێ پابەندی بەڵێنەكانی بێت.
دووهەم: ئەوە خەڵكی ناوخۆی ئێرانە بە هەموو ئیتنیكەكانەوە دەتوانن بریاڕ لەبارەی هەڵبژاردن یان بایكۆت كردنی بدەن .
سێهەم: لە كەش و هەوای ئێستادا كە كۆماری ئیسلامی لەژێر گوشار و گەمارۆی نێودەوڵەتیی دایە و دەیهەوێت لە پشتیوانی جەماوەریی سوود وەربگرێت، دەبێ كارئاسانیی بكات بۆ خۆ پاڵاوتنی كەسانی سەربەخۆ ‌و رێگا خۆش بكات بۆ سازدانی كەش و هەوایەكی تەندروست و راوێژكاریی كە بەبێ ترس و د‌ڵەڕاوكێ گەل بتوانێت لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداری بكات.


چوارەم: هێشتا بەرەی ئۆپۆزیسیون خاوەنی ستراتیژیی هاوبەش نین كە بتوانن وەڵامدەری ویست و داخوازییەكانی ناوخۆی ئێران بن كە گەل راستەوخۆ لەناو رووداوەكان دان.
پێنجەم: دەبێ كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ملكەچی هەموو ویست و داخوازییەكانی خەڵك بێت.
شەشەم: بەسەرنج دان بەم هەلومەرجە لە هەڵبژاردنەكانی خولی نۆهەمی پارلەماندا دەبێ ئامانجەكان دیاری بكرێن كە هەموو تاكێكی كومەڵگا خۆی تێدا ببینێتەوە، وەكوو ماف و داخوازیی كەلە چەند خاڵدا دەتوانین دەست نیشانی بكەین.
1- خۆ پاڵاوتنی كەسانی سەربەخۆ كە جێگای متمانەی گەل بن و بەربەستێك نەیەتە ئاراوە لە لایەن دەسەڵاتەوە.
2 - پێكهێنانی كەشوهەوایەكی تەندروست كە بۆ هەموو ئەوكەسانەی خۆیان دەپاڵێون و دواتر پڕوپاگەندە و ململانێ دەكەن.

دەستنیشانكردنی ئامانجەكانی خولی نۆهەمی پارلەمان:

1- ئازادیی خوێندن بەزمانی دایك بۆ هەموو ئیتنیكەكانی ناوخۆی ئێران، بەپێی مادەكانی 15 و 19 و 25ی یاسا، ئازادیی بیروڕا و ئایین و زمان مسۆگەرە.
2- ئازادیی دەربڕینی بیرو باوەڕ.
3 - ئازادیی رۆژنامە‌ و گۆڤار.
4- ئازاد كردنی زیندانییە سیاسییەكان.
5- كاركردن و پەرەپێدان بۆ ژێرخانی ئابووری.
6- دەبێ دەسەڵاتی ئێران كار ئاسانی بكات بۆ كار و بنبڕ كردنی دیاردەی بێكاری.
7 - دەبێ دەسەڵات بەرپرسیار بێت لە بەرامبەر دیاردەی گیرۆدە بوون بە مادە سڕكەرەكان.
8 - دەبێ دەسەڵاتی ئێران لەو شوێنانەی‌ ئەندامان خۆیان دەپاڵێون، نووسینگەی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە كە رێكخراوەكانی ناوچەیی و جەماوەر بتوانن بە ئاسانی لەگەڵ نوێنەر و هەلبژاردەی خۆیان راوێژ بكەن.

9 - دەبێ دەسەڵاتی ئێران رێگا بدات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سیستمی ئیداری، كەس و خەڵكی ناوچە خۆجێییەوە كاروبارەكانی ناوچەی خۆیان بەڕێوە ببەن.
لە بەشێكی دیكەی ئەم تەوەرەدا دەتوانین بڵێین هەرچەند لەناو خۆی ئێران و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناڕەزایەتییەكان پەرەی سەندووە و تەنانەت قەڵغانی موشەكیی هێزی ناتۆ چوار دەوری ئێرانی گرتووە و ئەگەری زەبری هێزی سەربازیی ناتۆ لە ئارادایە،‌ بەڵام رووخانی دەسەڵاتی ئێران بەدەست دەوڵەتانی دەرەكیی دەتوانێت ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناڤین زیاتر بكات، بەو پێیەی كە هێشتا ئۆپۆزیسیۆنەكان خاوەنی پڕۆژە نین و هەروەها گرفتی سەرەكیی ئیتنیكەكانی ناوخۆیی كە لەناو ویلایەتەكاندا پێكهاتەیەكی دوو میللیەتین، دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستە من ناتوانم هاودەنگ بم لەگەل هەر هێزێكی دەرەكیی بۆ ئەگەری رووخانی ئێران و هەر هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن بیهەوێت هاودەنگ بیت لەگەڵ دەستتێوەردانی هێزی دەرەكی، ئەوە لە داهاتوودا دەبێ خەڵكی ئێران باجەكەی بدەن.

هەروەها ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەناو خۆدا پەرە بستێنێت، دەبێ خەڵكی ئێران بۆ خۆیان بە دەست نیشان كردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە هەموو نەتەوەكانی ناوخۆی وڵات پێك بێت.

لە كۆتاییدا دەبێ ئاماژە بكرێ كە پاراستنی كەرامەتی كۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەرتەشە و بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەگەری كارەساتەكانی سەر دەستی سوپای پاسداران و بەسیج كە مانەوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بیانهەوێت بە هەموو شێوەیەك خەڵكی ئێران سەركوت بكەن.