هەزاران بەلووچ و کوردی بێبەری لە کارتی پێناس

14:58 - 16 بەفرانبار 2714
Unknown Author
که یوان دروودی

لە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٣، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران هەواڵێکیان لەسەر بێناسنامە بوونی نزیک بە بیست هەزار کەس لە دانیشتوانی بەلووچستان بڵاو کردەوە.

ئەو هەواڵە لەزاری \"عەلی واست هاشمی\" بڵاوی کرایەوە کە ئاماژەی بەبوونی رێژەی٢٠هەزار بەلووچی بێ ناسنامە داوە کە زۆربەیان لە شارستانی \"چابەهار\" دەژین و بەپێی ئەزموونی رای گشتی لە ئامارەکانی دەرکەوتوو لە کۆماری ئیسلامی، دەشێت کز کردن و ساختەکاریشی تێدا هەبێت.

لە بەراوردێکدا لەگەڵ دونیای ئەمڕۆ، بۆمان دەردەکەوێ کە هەژاریی کولتووری تا چەندە بەستێنی چەوساندنەوە بۆ داگیرکەر دابین دەکات، کاتێک کە خەڵکانێک لەژێر چەوسانەوەدا لە بەڵگەی پێناساندنی خۆیان بێبەشن ــ دەشێت هەر نەشزانن کە دەبێ بیانبێ ــ و لە لایەکەوە کۆمەڵێک کەس لەبەر مافی ئەوان لە زیندانەکاندان.

هەواڵێکی هاوشێوەی ئەو کارەساتە بەر لە سەردانەکەی خامنەیی بۆ کرماشان لە رێکەوتی ٢٠ی رەزبەری ١٣٩١ لەلایەن هەواڵدەرییەکانی \"میهر\" بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتبوو کە بەهۆی سەفەری خامنەیی ئاواییەکانی \"چەم نوزەی خواروو، چەم نووزەی ژوورو و چەم مار\" دۆزراونەتەوە و ئەم حەشیمەتە سەدان کەسییە هێچ بەڵگەیەکی پێناسیان نییە و ئاو و بەرق و رێگاوبانیان بۆ دابین نەکراوە. ئەمە لە حاڵێکدا کە ئەم خەڵکە کە سەرجەم نزیک بە هەزار کەس بوون لە ٥٠ کیلۆمیتریی کرماشان دەژیان و تەنیا یەک خوێندەواریان هەبوو کە لە زیندان فێری خوێندن ببوو.

شۆرای دەورەیی مافی مرۆڤ و پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران

میکانیزمی تاوتوی کردنی دەورەیی جیهانی، وەک سەرەکیترین میکانیزمی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراوە و هەر چوار ساڵ جارێک بۆ پرژانەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان پێک دێت و دەکرێ وەک تاقە رێکخراوێک ناوی لێدەبرێ کە داکۆکیکاری راستەقینەی گەلان و خەڵکی چەوساوەی جیهانە.
هەرلەم پەیوەندییەدا، لە دانیشتنی دەورەیی شورای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ بابەتی \"سووکایەتی بە نەتەوە بندەستەکان\" وەکوو کەیسێکی تایبەت خرایە بەر راوراوێژ و وەک راسپاردەیەک درایە نێردراوانی کۆماری ئیسلامی.

واتە ئەو بابەتە تا رادەیەک گرینگە کە بەشێکی گەورەی داواکاریی کۆمەڵگای جیهانیی لەخۆ گرتووە، بەڵام ئاخۆ تا ئێستا نەتەوەکان لە گرینگیی ئەو بابەتە بۆ حاکمییەت و نەتەوەی سەردەست ئاگادار بوون؟

لەو داواکارییەی شورای دەورەیی مافی مرۆڤ لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، ناوی \"ناوەندەکانی دەنگ و رەنگی\" رێژیم بۆ چەند جار دووپات بووەتەوە کە دەرخەری گرینگیی بنەڕەتیی ئەم ناوەندەیە کە وەک \"تریبونی کۆماری ئیسلامی\" لەلایەن هەڵسووڕاوانی مەدەنیی سەربە نەتەوە بندەستەکان ناوی لێ دەبرێ.

بەڵام ئایا خەڵکێک کە لە بێبەشیی خۆی لە ناسنامە کەمتەرخەمە ــ دەشێت هەر نەیشزانێ ــ لەباری وریایی و ئاستی رۆشنبیرییەوە بەو وردەکارییانە دەزانێت وا کۆماری ئیسلامی و حکوومەت بۆ خنکاندنی بێ دەنگی نەتەوەکان کەڵکی لێیان وەرگرتووە.

ئایا ئێستا بێناسنامەیی زیاتر لە ٢٠ هەزار بەلووچ و کورد لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا ناتوانێ ببێتە جێی پرسیار بۆ ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ و بەڕاستی ئەگەر هەواڵدەرییەکانی سەربە حکوومەت ئەوەیان دەرنەدەخست؛ ئەو خەڵکە کەی هەستیان بەو مافەی خۆیان دەکرد؟

ئایا بەو دەرکە دروستەی کە لە کۆمەڵگای نوێ و تێگەیشتن لە خۆ و دەوروبەر هەیە و ئەو نۆرمە نێونەتەوەییانە کە لە کۆڕێک وەک دانیشتنی دەورەیی شورای مافی مرۆڤ دەبێتە بڕیار و راسپاردە؛ دەکرێ چاوەڕوان بین کە ئەم کۆمەڵگە خۆی لەباری \"لەخۆ تێگەیشتن و ژینگە\" رێک بخات؟

بە دیوێکیتردا، لە نێوان خۆدئاگاهی نەتەوەی بندەست و کۆمەڵگاکەی و حاکمییەت و کۆمەڵگای جیهانی، بۆشاییەکی گەورە وەبەرچاو دەکەوێ کە وادەکات حاکمییەت زۆر بە ساکاری لەبەرامبەر زەختی ناوەندە نێودەوڵەتییکان کە تا رادەیەکی هەرچەند کەم، رەوایی دەرکردنی راسپاردە و هێزی جێبەجێ کردنیان هەیە؛ وڵامی پێویست بداتەوە.

هەروەها، ئەجێندای ئەم رێکخراوە جیهانییانە تا رادەیەک بۆ کۆمەڵگەیەک دانراوە کە بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیبێ، بۆ ئەم مەبەستە یەک بەراورد دەکەین: لە کۆمەڵگەیەک کە هێشتا لەهەمبەر بێناسنامەیی سکاڵایەکی نییە، چۆن دەکرێ چاوەڕوانی تیگەیشتن لە \"مافی چارەی خۆنووسین یان خوێندن بە زمانی دایکی و مافی هاووڵاتیبوون\" بین؟ کەوابوو پردێکی پەیوەندی لەنێوان خەڵک و ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییانە نییە و تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەم دانیشتنانە تەنیا مشتومڕێکی فۆرمالیتەیە.

هەربۆیە بارهێنانی هاووڵاتیان (آموزش شهروندی) کە بێ ئەمە هیچ رێگایەک بۆ دەرباز بوون لەم داخراویەی کۆمەڵگە نییە، گرینگتر لە نووسینی سکاڵا، مانگرتنی زیندانیان و .. لە ئەمڕۆدا دەنوێنێ.

سەرچاوەکان:
ئارشیڤی ماڵپەڕی کوردستان میدیا
هەواڵدەریی میهر
گرتەی ویدیۆی وتووێژەکانی رامین جەهانبەگلوو

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرە و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.