هەدەپە و داهاتوو-مەسعوود رۆستەمی

15:45 - 22 جۆزەردان 2715
Unknown Author
مەسعوود رۆستەمی

دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا و تێپەڕاندنی بەربەست لە لایەن هەدەپە، ئێستە باس باسی ئەوەیە کە ئەم حیزبە لە داهاتوو ئەبێ چی بکات. ئایا پلانی هەیە بۆ ئەم قۆناخە یان نە؟ کۆمەڵێ کەس باس لەوە دەکەن کە هەدەپە ئەبێ بەرەو دەسەڵات باز بدات و لەوێەوە بۆ ئاسۆ بڕوانێ. کەسانێک ئاخاوتنی بەشداری نەکردنی دەمیرتاشیان وا لێکداوەتەوە کە ئەم حیزبە وەک هەر حیزبێکیتری کوردی لە کایە سیاسییەکاندا پێشاپێش دۆڕاوە. ئەم خوێندنەوەیە زۆر سادەیە:

یان بەشداری دەکەی یان دۆڕاوی! لە راستی دا ئەوە هەر ئەم شێوە بۆچوونەیە کە هەڵەی تێدایە. دەیان ساڵ نە دیاری(غیاب) کورد لە ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵات، ئەو ناوەندە کە کورد شوێن پێی هەموو کێشەکانی لەوێ دەبینێ، وای کردووە کە ئێمە کورد وەک تینووی بیابان هەر گەناوێکیش ببینین لە خواردنەوەی پارێز نەکەین. ئایا هەدەپە-ش دەکەوێتە ناو ئەم خوێندنەوە هەڵەیە؟

ئاخاوتنی رەهای دەمیرتاش بۆ بەشداری نەکردن لە دەسەڵات زۆر زیرەکانە بوو. بە پێچەوانەی تاقمێ لە نووسەرەکان کە نازانن چی دەبێژن، دەمیرتاش دەزانێ چی دەبێژێ و چی دەکات. دەمیرتاش دوای زەربەی یەکەم کە هەمان سەرکەفتنی بوو بۆ پەرلەمان، بەو قسەگەلیە زەربەی دووەمی لە ئاکپارتی و جەهەپە دا. کە وایە با راڤەیێکی ئەو ئاخاوتنەی دەمیرتاش بکەین و بزانین بۆ وای وت و ئایا سەرچاوەی ئەو ئاخاوتنە ناپوختەگی بوو یان پوختەگی سیاسی.
هیچ لایەنێکی دەرچووی پەرلەمانی تورکیا ناتوانێ حکوومەت پێک بێنێ. ئاکپارتی-بێ رۆیشتنە ناو وردە کاری- لایەنی دەسپێش‌خەری دەسەڵاتە.

هەرچەند سێ بژاردەی هەیە، بەڵام ئەگەری رێکەوتن لەگەڵ مەهەپە ئەگەر مەحاڵ نەبێ، بەعیدە. دوو لایەنێک کە دەمێنن هەدەپە و جەهەپە-یە. ئەگەر هەدەپە بۆ بەشداری دەسەڵات بە رەها قسەی نەکردبایە و منگە منگی بکردبایە، بە تەواوی دەیدۆڕاند. چونکە هەم ئاکپارتی و هەم جەهەپە دەیانزانی کە هەدەپە-ش دڵی پێوەیە بەشداری دەسەڵات بکات. لەم حاڵەتە دەستی ئاکپارتی باز دەبوو بۆ کایە کردن بە هەدەپە و جەهەپە. هەر کامیان زۆرترینی خواستەکانی ئاکپارتی قبووڵ بکات ئەوە ئاکپارتی لەگەڵیدا رێدەکەوێت. لەم حاڵەتە کێبەرکێ دەکەوێتە نێوان جەهەپە و هەدەپە. ئەم دووانەش پەیتا پەیتا لە خواستی خۆیان کەم دەکەنەوە تا چرای کەسکی ئاکپارتی وەر بگرن و بەشداری دەسەڵات بکەن: مۆعادڵەیێکی زۆر سادەی قانوونی عەرزە و تەقازا.

هەرچی هەدپە و جەهەپە خواستەکانیان دابەزێنن ئەوە روویێکیتری شکست یەخەیان دەگرێت کە هەمان دەنگدەرەکانیان بێ. بۆیە مەیلی هەدپە بۆ بەشداری لە دەسەڵات هەم دەبووە هۆی دۆڕاندن لە دەسەڵات و هەم ناو جەماوەر. هەدەپە زۆر زیرەکانە نەکەوتە ناو ئەم کایە کە ئاکامەکەی دەبوو بە دۆڕاو-دۆڕاو. بە پێچەوانە دەمیرتاش زیرەکانە کایەی بردنەوە-بردنەوەی هەڵبژارد.
 
دەمیرتاش بە موتڵەقی وتی بەشداری دەسەڵات ناکەین. ئەو لێدوانە هەم دەستی جەهەپە و هەم ئاکپارتی خستە خەنە. ئەوەی کە بەرگی بەرەندەی هەدەپە بوو ئەم پا ئەو پا نەکردنی بوو. دەمیرتاش هەر لە سەرەتا ئەم هەڵوێستەی گرت. بۆیە زۆر کەس پێیان وایە کە دەمیرتاش هەڵە دەکات. ئەو لێدوانەی دەمیرتاش جۆرێ دڵنیایی لای جەهەپە درۆست دەکات تا جەهەپە بە خواستێکی زۆرتر بڕوات بۆ لای ئاکپارتی. ئەگەر ئاکپارتی خواستەکانی جەهەپە قبووڵ بکات دەنەگەکانی بۆ دەورەیێکیتر هەرەس دێنێ و بەرەو لای هەدەپە دەڕوات؛ ئەگەریش قبووڵی نەکات ئەوە ناچار دەبێت بە دوای هەدەپە بڕوات و لەگەڵ خواستەکانی رێبکەوێت. لەو حاڵەتە هەدەپە زۆرترین خواستی خۆی بە سەر ئاکپارتی دەسەپێنێ کە هەم دەنگدەرەکانی ئێستای رازی کردووە و هەمیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگەکانی لە داهاتوو. 

هەدەپە لە جیاتی ئەوەی نێچیری ئاکپارتی بێت، بووە بە راوکەری ئاکپارتی. ئاکپارتی یان خواستەکانی جەهەپە قبووڵ دەکات و لە دوو لاوە دەیدۆڕێنێ، یان خواستەکانی هەدەپە قبووڵ دەکات و بازەم لە دوو لاوە دەیدۆڕێنێ. هەدەپە ئەگەر نەچێتە دەسەڵات شتێ لە دەست نادات و بگرە هەر سەرکەوتوو دەبێت.

چونکە وەکو ئۆپۆزسیۆن زۆرتر دەتوانێ داکۆکی لە مافی دەنگدەرانی بکات. هەدەپە ئەگەر لە دەسەڵات بەشداری بکات، ئەوە دەبێ زۆرترین خواستی دەنگدەران و مافەکانیان بچەسپێنێ، ئەگەریش بەشداری نەکات، ئەوە ئەتوانێ سینەدڕێ بکات بۆ مافی دەنگدەرەکانی؛ بە واتایێکیتر ئەگەر لە دەسەڵات بێ ئەوە مافەکان ئەچەسپێنێ و ئەگەریش لە ئۆپۆزسیۆن بێ ئەوە داخوازی دەبێ. لە هەر دوو حاڵەتیش براوەیە. هەدەپە بە پێچەوانەی حیزبەکانی باشوور هەموو شتێ لە دەسەڵات نابینێ. ئەوان دەزانن سیاسەت بەس یەک رووی نییە. نووسەرانی باشوور نابێ نانەکەی خۆیان بخەنە داوێنی هەدەپە. 

ئەو پێکەنینانەی دەمیرتاش بەس حیکایەت لە هەشتاد کورسی پەرلەمان ناکات و ئەو خەم و خەفەتەی ئەردۆگانیش بەس دؤڕاندنی چەن کورسی نییە. هەم دەمیرتاش دەزانێ ئێستە چ پێگەیێکی هەیە و هەمیش ئەردۆگان دەزانێ چ بەڵایێکی بە سەر دا هاتووە. ئێستە کاتی ئەوەیە کە بە بەرگەکانیان کایە بکەن. بەڵام تەکەی ئاس لای هەدەپە-یە. هەرچەند هەدەپە هەنگاوێکی بچووکی هەڵێناوە، بەڵام سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کردووە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە