هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بەسەر ٢٠٠ سەر مەڕی هاووڵاتییەکی کورددا گرت

13:49 - 9 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەرپێڵ زەهاو بۆ هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر ٢٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کورددا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی بەفرانبار ٢٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"کەچەڵ ماران\"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو لە خاڵی سنووریی \"باوکەڕۆ\" لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: چەند رۆژ پێش ئێستا ئەو هێزانە دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٠٠ سەر مەڕی هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی ئەو ناوچەیەدا گرتبوو.

لەم ساڵی هەتاویدا هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی نزیک بوونەوە لە سنوورەکان لە دەیان خاڵی سنووریی ناوچە کوردنشینەکان دەستیان بەسەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییاندا گرتووە و دواتر لە کوشتارگاکان سەر بڕدراون.