هێرشە چەکداری و تەقینەوەکانی هەولێر هۆشدارییەک بۆ "پارتی دێموکراتی کوردستان"

12:33 - 11 رەزبەر 2713
Unknown Author
سیاوەش محەممەدی

تەقینەوەکانی هەولێر لە بەردەم ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان و هاوکات دەنگۆی سەردانی \"قاسم سولەیمانی\" فەرماندەی سپای قودس، لەقی دەرەوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ باشووری کوردستان و ئێستاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ڕاهێنان و جۆڵەی هێزە ئیسلامییە توندئاژۆکان لە شاخەکانی دەوروبەری \"پێنجوین\" لە سەر تۆڕە کۆمەڵاییەتیەکان و دواجار هەواڵی جۆڵەی چەند چەکدارێکی سەر بە گرووپە ئیسلامیە توند ئاژۆکان لە شاخەکانی دەوروبەری پاوە و سنووری هەڵەبجە دەتوانێ واتا و خوێندنەوەیەکی تایبەتی بۆ بکرێ، بە تایبەت گرنگی ئەم ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە جەمسەربەندی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵ و هەڵویستی لایەنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوای شۆڕش و توندوتیژیەکانی سووریە، دەر دەکەوێ.

تەنیا شەش ڕۆژ پێش تەقینەوەکانی هەولێر واتە لە ڕێکەوتی ٢٣/٩/٢٠١٣ ڕۆژنامە نووسی ئەمریکی \"دێکستر فیلکینز\" لە گۆڤاری نیۆیۆرکەری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بە ناو نیشانی \"سەرکردەی سێبەر\" باس لە ڕۆڵ و نەقشی قاسم سولەیمانی و هەیمەنەی بە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دەکات و لە ڕەستەیەکدا دەڵێ: \"قاسم سولەیمانی دەستی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەر داوە و زۆر جار لە ڕێگەی داواکارییەکانییەوە زۆر شتی بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا سەپاندووە\"، هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش خراوەتەروو: \" فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە کە ڕێگەی پێ بدەن خاکەکەیان بە کار بهێنێت بۆ ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی بۆ حکومەتی سوریا هەر لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: هیچ سەرکردەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت داواکاریەکانی سولەیمانی جێبەجێ نەکات، چوونکە دەبێتە کێشە بۆ دەسەڵاتەکەی\".

پەیوەندی و سیاسەتی دەرەکی هەرێمی کوردستان بە داخەوە دوور لە ئێستراتژییەکی نەتەوەیی و لەسەر ئەساسی حیزبایەتی دامەزراوە، بە شێوەیەک کە وڵاتانی دراوسێش زۆر جار حازر نین دانیشتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی بێت و زیاتر تێکۆشاون لەگەڵ بەرپرسە حیزبیەکان پەیوەندی بگرن و لەو ڕێگەیەدا ئاژاوە و پشێوی لە هەرێمی کوردستان بنێنەوە، هەر لەم بارەوە دەتوانین ئاماژە بە دوایین سەفەری نەوشیروان مستەفا دوای کۆتایی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکەین سەفەرێک کە هیچ پاساوێکی سیاسی و لۆژیکی نییە و تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی لایەنێک قەتیس بێتەوە، هەر لەم چوارچێوەدا بە داخەوە گورز لێ وەشاندن و گۆشار خستنە سەر هەرێمیش زیاتر لەسەر پەیوەندیە حیزبیەکانە، بە شێوەیەک کە زۆرجار دەبینین گەمارۆ یان گۆشاری کۆماری ئیسلامی ئێران یان تورکیە لە سنووری دەسەڵاتداریەتی حیزبەکان زیاتر ناترازێ، واتە هێندێ جار سنوورەکانی پارتی دادەخرێت و لە هەمان کاتدا سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی ئازادن و بە پێچەوانەش، بۆیە دەتوانین هەر لەسەر ئەم ئەساسە تۆڵە سەندنەوە یان ناردنی پەیامێکی توند ! لە لایەن بەرپرسانی ئێستخباراتی و سیاسی وڵاتانی دراوسێ بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری دەسەڵاتە حیزبەکان ببینین.

بە پێ \"زانیارییەکان\"، ژمارەیەکی زۆر چەکداری گرووپێکی ئیسلامی توندئاژۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتوونەتە ناوچەی هەورامان و بە نیازی پەڕینەوە لە سنوور و هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانن.

پاسگای “نیروو ئێنتزامی هیروێ” و بنکەی سپای پاسدارانی جێگیر لە \"دوو ئاو\"، هێزە پارێزەرەکانی \"بەنداوی ئێنحرافی سیروان\" ، پاسگای مەرزی \"هێرتا\" و مەودایەکی دوورتر پاسگا و بنکەکانی سپای پاسداران و هێزی ئێنتزامی لە \"مەڕەخێڵ\" و ... تەنیا بەشێکن لەو مۆڵگە و بنکانەی هێزە لەشکەریەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران لە شاخەکانی \"بەلەبزان\" و \"ماکوان\" و \"مەرەخێڵ\"، ئەو ناوچە شاخاوییە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار هێکتارە، دوای کۆتایی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق وەک ناوچەییەکی \"ئەمنیەتی\" کەوتوەتە ژێر ڕکێفی هێزە لەشکەری و ئەمنیەتیەکان و لە لایەن \"ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی\" کۆماری ئێسلامیش وەک ناوچەی پارێزراو ناسێندراوە!.

لە باری ژئۆپۆلوتیکیشدا بە هۆی هەڵکەوتن لە ناوچەی سنووری نێوان هەڵەبجە لە باشووری کوردستان و شارستانی پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەیەکی هەستیار و مەترسیدار ناسێندراوە، بە شێوەیەک کە لە چاوپێکەوتنێک لە نێوان یەحیا ئێلاهی فەرماندەی \"هەنگی مەرزی شارستانی پاوە\" و ئەحمەد غەریب محەممەد ئەمین فەرماندەی \"حەرەس حدوودی پارێزگای سلێمانی\" لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٢ ، لەسەر پاراستن و چاودێری و ئاڵوگۆڕی زانیاری دوولاینانە ڕێکەوتنێکی نهێنی دێتە ئاراوە .

ئەو ناوچە کە باسی لێ دەکرێ بە توندی لە ژێر چاودێری هێزە لەشکەری و نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە بوونی ئاوا گرووپێکی چەکدار و جۆڵەی لەشکەریان بە بێ ئاگاداری و ئاسانکاری بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران نایێتە ئاراوە.

بە گشتی شوێن و جۆری تەقینەوەکان و هێرشە چەکدارانەکەی ٢٩/٩/٢٠١٣ هەولێر و جیاوازی لەگەڵ کارە تێرۆریستیەکانی تری ئێراق، نووسینی ڕاپۆرتی گۆڤاری نیۆیۆرکەر تەنیا شەش ڕۆژ پێش تەقینەوەکە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری قاسم سولەیمانی و مەترسی گوێ پێ نەدانی، سەفەری سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان، هێنانی ئەو چەکدارە ئیسلامیە توندئاژۆ وانە بۆ سەر سنووری (پێنجوین) و \"هەڵەبجە\"ی باشووری کوردستان لە لایێک و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارتی دێموکراتی کوردستان لە ڕووداوەکانی سووریە لە لایەکی ترەوە دەتوانێ نیشانەی گرژی و دوورکەوتنەوەی \"پارتی\" لە سیاسەتەکانی دراوسێکەی خۆی واتە ئێران بێت، دووای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی دووبارەی \"پارتی\" تووڕە بوونی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە و بە شێوەیەکی عاجل نەوشیروان مستەفا بانگهێشتی \"کرماشان\" ! دەکرێت و چەند ڕۆژ دواتر بە هێرشێکی چەکدارانە و چەند تەقینەوەیەک ئەو توورە بوونە دەگاتە لووتکەی خۆی ، بە گشتی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەتوانێ ناردنی سیگنالێکی هوشیار کەرەوە بۆ \"پارتی\" و سیاسەتەکانی بێت !

بەڵام دوای تێپەر بوونی سێ ڕۆژ بەسەر ئەو ڕووداوە تێرۆریستیەی هەولێر، وێ دەچێ کە هێشتا بکەرانی ! ئەو ڕووداوە وەڵامی خۆیان لە پارتی وەر نەگرتبێت و بە تەمای کردەوەیەکی تری تێرۆریستی لە شاری سلێمانی بن! هەرچەند ئەو کردەوەیە \"بە پێ زانیاریەکان\"، بڕیارە لەبەر دەم دام و دەزگا حیزبیەکانی \"پارتی دێموکراتی کوردستان \" بچێتە ڕێوە، هەر بۆیە دووای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لەو تەقینەوانە هێشتا دۆخی شاری سلێمانی ئاسایی نەکراوەتەوە و سووڕانی \"باڵەفڕ\" بەسەر ئاسمانی سلێمانی، دانانی چەندین خاڵی پشکنین لەسەر شەقامە سەرەکیەکانی شار و گرتنە پێشی حاڵەتێکی توندی ئەمنیەتی دەتوانێ دەرخەری ئەم ڕاستییە بێت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.