هێرشی سەلەفییەکی توندڕەو بۆ سەر کاسبکارێک لە سنە

11:27 - 15 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەرمانان، سەلەفییەکی توندڕەو بە ناوی "ئارەش" لە شارەکی "حەسەناوا"ی سنە، بە شمشێر هێرشی کردووەتە سەر دووکاندارێک بە ناوی "فوئاد ڕەحیمی".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو سەلەفییە توندڕەوە سەرەتا بە قسەی ناشیرین و بێڕێزیکردن بەو کاسبکارە کوردە و دواتر بە شمشێر، بە مەبەستی کوشتن پەلاماری ''فوئاد ڕەحیمیـ''ـی داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئەنجامی هێرش و بێڕێزیی ئەو سەلەفییە، ''فوئاد ڕەحیمـ''ـیش لەگەڵ ناوبراو تیكهەڵچووە.

سەرچاوەی ئاگادار لەو ڕووداوە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمە سێهەمین جارە کە چەند کەسێک لە گرووپە سەلەفییەکان هێرش دەکەنە سەر دانیشتووانی ئەو شارەکە.

''ئارەش'' یەکێک لە سەلەفییەکانی حەسەناوایە و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و هەر جارە پاش سکاڵای خەڵک لەو سەلەفییە، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، دوای دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، ناوبراویان ئازاد کردووە.