هیلالی شێعی خەریکە خۆی دەکاتە براوەی شەڕەکە؟

12:49 - 14 رێبەندان 2714
Unknown Author
کەیهان یووسفی

رۆژەڤی باسی ئەم رۆژانە، شەڕی نێوان کورد و تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی یان هەمان داعشە. پرسیارێک کە رەنگە بۆ ئێمەی کورد زۆر جار بێتە ئاراوە ئەوەیە کە بۆچی هێرشەکانی داعش چڕ بۆتەوە سەر هەرێمی کوردستان؟
ئەگەر لانیکەم یەک ساڵ بگەڕینە دواوە، بیرمان دەکەوێتەوە کە شەڕی داعش و بەرەی شەڕی داعش، کورد و کوردستان نەبوو. بۆچی داعش هەڵمەتی بۆ سەر کوردستان هێنا؟ کێ قازانج لە گۆڕینی ئەم ئاراستەی شەڕەی داعش دەکات؟ خودی داعش یان لایەن و هێزێکی دیکە؟
بنەمای بۆچوونی سەلەفیەت و فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی سوننە دژایەتی کردن لە گەڵ کوففار و تایبەتی‌تر لەگەڵ بیدعەتەکانی نێو ئیسلامە. واتا ئەوانەی خوێندنەوەیەکی هەڵەیان لە ئیسلام هەیە و وانەکانی قورئان و ئامۆژەگارییەکان و نەریتی رەسووڵی ئیسلامیان تێکداوە و بەڵاڕێدا بردووە. خەباتی سەرەکیی ئەوان یان جیهادی سەرەکیی ئەوان لەگەڵ ئەم رەوتانە لە ئیسلامە. لەمپەری سەرەکی بەرانبەری ئەوان بێگومان ئیسلامی شیعییە لە ناوچەکە. ئەگەرچی خۆیان ئامریکا و رۆژئاوا بە دوژمنی سەرەکی خۆیان پێناسە دەکەن.

لە ٩٠کاندا بێنلادەنی سەرۆکی رێکخراویی تیرۆریستی ئەلقاعیدە داوای هاوپەیمانیەتی لە ئێرانی ئیسلامی شیعی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ رۆژئاوا و ئامریکا. بەپێی بەڵگەکان ئێران هاوکاری لۆجستیکی و ئیتلاعاتی ئەلقاعیدەی کردبوو تا کاتی کوژرانی بینلادەن و ئەلقاعیدە هاوپەیمانی ئێران بوو لە شەڕی دوژمنێکی هاوبەشدا.

ساڵی ٢٠١١ کە کاریگەری بەهاری عەرەبی! سووریاش دەگرێتەوە، رێژیمی بەشار ئەسەد مەترسی رووخانی لە سەر دەکەوێت. هۆشدارێکی جیددی بۆ ئێران، کە سووریا بە قووڵایی ستراتژیکی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار. ئێران بە گشت هەوڵەکانیەوە تێدەکۆشێت پێش لە رووخانی ئەسەد بگرێت، لە ناردنی پاسدارانی هێزی قودس بۆ راهێنان و شەڕی راستەوخۆ لەم وڵاتە، دانی پارە و چەکوچۆڵ بە هێزەکانی بەشار ئەسەد، دەرکردنی فەرمان بۆ حیزبۆڵڵا بۆ پەیوەست بوونی هێزەکانی بە بەشار ئەسەد، بە کارهێنانی هێڵی ئاسمانیی عێراق و لە رێگەی نووری مالیکی و شیعەکانی ئەم وڵاتەوە بۆ ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەسەد و .....

سوپای ئازادی سووری خەریک بوو بەهێز دەبوو و رۆژئاواش پاڵپشتی دەکرد، بەڵام ئەوەی لە ناکاو سەری هەڵ دا و بوو بە ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانەکە سووننەی رادیکاڵی گرێدراوی ئەلقاعیدە بوو کە ساڵانێک لە هەرێمی سوننەی عێراق خۆیان پەروەردە کردبوو(دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە). ئەم هێزە سەرەتا هێرشەکانی بەرەوڕووی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کردەوە و دوایی ناوچە سوننەکانی عێراقی داگیر کرد و چەن جارێک موژدەی داگیرکردنی بەغدای بڵاو کردەوە و هێرشەکانی بەرەڕووی ناوچە شیعەکان کردوو و جیهادی دژی شیعە و دەسەڵاتی شیعی راگەیاند.

ئەم هەڵوێستە و پەلاماردانەش باشترین بیانوو بوو بۆ دەستێوەردانی هێزەکانی ئێران و هاتنە نێو خاکی عێراق بە مەبەستی پاراستنی برا شیعەکانیان و مەزارگەی ئیمامە شیعەکان.

راگەیاندن و دەسەڵاتی کوردی لەو کاتەدا بانگەشەی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستانیاندەکرد و بە جۆرێک بەرپرسانی پلە یەکەمی هەرێم داعشیان وەکوو رزگارکەری ناوچە دابڕاوەکان و جێبەجێکەری ماددەی ١٤٠ دەزانی، بێ لایەنی خۆیان راگەیاند لە شەڕی نێوان دەسەڵاتی ناوەندنی و دەوڵەتی ئیسلامیدا.
بەڵام بە ناکاو هاوکێشەکان گۆڕدرا. داعش هێرشی کردە سەر کوردستان و کارەساتی شەنگال و جەلەولای لێکەوتەوە.

دەکرێت بەم چەشنە وێنا بکرێت کە کوردستان هەمان دوژمنی هاوبەشی دوو گوتاری شیعە و سوننەی توندڕەوە کە لە ئەفغانستانیش ئەوانی هاوپەیمان کرد؟
هێرش بۆ سەر کوردستان تێچوویەکی بێ دەسکەوتی زۆری بۆ داعش بە دواوە بووە و توانی هێزە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان پەلکێشی عێراق و سووریا بکات. بەبێ شک شەڕی کوردستان شەڕی دۆڕانە بۆ داعش، بەڵام ئەوە هیلالی شیعییە کە خەریکە باشترین قازانجی لێ دەکات.

هەنووکە دەسەڵاتی شیعی عێراقی و هەرێمی شیعەکانی عێراق پارێزراوە و شەڕەکە دوور کراوەتەوە لەوان، دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گوتاری رووخانی ئەم دەسەڵاتە کە پێشتر کۆدەنگی لە سەر بوو هەر لە بیرچۆتەوە، ئێران کە بە رووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد خەریک بوو هێژمۆنی و رۆڵگێڕی خۆی ز یاتر لە هەموو جارێک لە ناوچەکە لە دەست بدات و مەترسی و هەڕەشەی دەرماڵی پێگرتبوو، خۆی و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر سەپاند و گۆڕەپانی رەمبازێن باشتر لە جاران بۆی رەخسا و ئەوەی خەریکە گوشار دەکەوێتە سەری و لە ژێر گوشاردا دەبێت لە خواستەکانی پاشەکشە بکات و رێگای سازان لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و دراوسێەکانی بگرێتە پێش، کورد و هەرێمی کوردستانە. داعشیش کە گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر هیلالی شیعی لە ناوچەکە، لە سەر خوێنی کورد خەریکە لاوازتر دەبێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.