هۆکاری ڕێژەی زۆری دیاردەی تەڵاق لە نێو کوردانی دانیشتووی هەندەران

20:09 - 8 بەفرانبار 2714
Unknown Author
دڵسۆز یاری

بەر لەوەی بڕۆمە نێو باسەکەوە، لەراستیدا و بە بڕوای من پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و لێک جیابوونەوە بە مافی سەرەتایی تاکەکانی هەموو کۆمەڵگەیەک دەزانم. ئەم بەشە لە مافی ژیانی تاک زیاتر لە نێو وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوودا دانی پێدانراوە و هەردوو حاڵەت وەک یەک چاوی لێ دەکرێ بەبێ ئەوەی لە بەهای مرۆڤەکان و کەسایەتی ئەوان کەم بکات یان زیاد کات. بەڵام لە نێو کۆمەڵگە داخراو و گرێدراوەکان بە نەریتە کۆن و باوەرە ئاینییەکانەوە جیاوازە.

لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە گرینگرین قۆناغی ژیان وەک خاڵێکی سەرکەوتن بۆ تاک بە ئەژمار دێ و جیا بوونەوەش وەک خاڵی شکستی تاک و بە تایبەت شکستی ژنان حیسابی بۆ دەکرێ.

لە حاڵەتی یەکەم دا کاتێک دوو مڕۆڤ پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، گیر و گرفت لە نێوانیاندا سەرهەڵئەدات و دواتر ناتوانن پێکەوە بسازێن و درێژە بە ژیانی هاوبەش بدەن، بە پشت بەستن بە یاسا کە مافی هەردوو لا دەپارێزێ و ڕەچاو کردنی ڕێز و حورمەتی بەرانبەر و بەبێ کێشە لێک جیادەبنەوە، بەڵام لە حاڵەتی دووهەم دا ئەو باسە بەو شێوەیە نییە و زۆر جار بیندراوە کە نەتەنیا بە شێوازێکی زۆر توند و تیژ کۆتاییان بەو ژیانە هاتووە، بگرە دواتر زۆر کێشەیتری لێکەوتۆتەوە.

ئەو کێشانە چین کە لە نێو کۆمەڵگە داخراوەکاندا دەبنە کۆسپی سەر ڕێگەی ژیانی هاوبەش و لەبنەڕەتدا ژیان لە مرۆڤەکان تاڵ دەکات، بەتایبەتیش لە هەندەران؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە کۆمەڵگەکەمان بە جوانی شی بکەینەوە و لە هەموو قوژبنێکەوە لەی بروانین.

کۆمەڵگەی کوردی وەک هەموو کۆمەڵگەیەک خاوەنی دوو چەمکی\" ئایین و کولتوورە\". زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی موسلمانن و کۆمەڵگەیەکی موسلمانیش، پیاو سالارە. واتە پیاو فەرمان دەر دەکات و ژن پیویستە جێبەجێی کات. لەم بەشەدا ژنان لە مافەکانیان بێ بەشن، پیاوان چارەنووسیان بۆ دیاری دەکەن. بە دوو ژن بە شایەتێک حیسابیان بۆ دەکرێ و بە دوو خوشکیش برابەشێکیان پێ دەبڕێ. لە ئایین ئیسلامدا ژنان مافی ئازاد بیرکردنەوەیان نییە، مافی ئەوەیان نییە کە ئازادانە لەگەڵ پیاوان بدوێن، هەموو ئەمانەش ئاستەنگن بۆ ناسین و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیان. پاش پێکهێنانی ژیانیش، ژنان ئەرکێکی قورس دەخریتە سەرشانیان و ئەویش ماڵ و ماڵدارییە. بۆیە هەرگیز دەرفەتێکی ئەوتۆ وەگیریان ناکەوێ تا بتوانن چاویان بکەنەوە و بە باشی لە قۆناغەکانی ژیان بڕوانن .

بەداخەوە لە باری کولتووریشەوە، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی داخراو و گرێدراو بە نەریتە پیاو ساڵارییەکانە، بۆیە تەنانەت ئەوانەی غەیرە موسلمانن یان باوەریان بە هیچ ئایینێکیش نییە، دیسانەوە بە جۆرێک ئەم نەریتەیان پەسەند کردووە . هەربۆیە ژیان لەوڵاتانی یاسامەند و ئازاد بۆ ئەم دەستەیە لە بنەماڵەی کوردی دژوارە. لێرەوەیە کاتێک بنەماڵەیەکی کورد سەفەری وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات کە لەودا مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافی بنەماڵە پارێزراوە، دەکات (وڵاتێکی ئەرووپی)،لەگەڵ کێشە و ململانێی ژیان بەرەوروو دەبەن و لە ئاکامدا پەنادەبەنە بەر جیابوونەوە( ئەم باسە رێژەییە). ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە کە گرنگترینیان لەبەرچاو نەگرتنی مافی ژنانە، ژنێک کە لەنێو خۆی وڵات بەبێ ویست و خواستی خۆی لەگەڵ کەسێک دا ژیانی پێکهێناوە کە هیچ جۆرە سۆز و خۆشەویستییەکی بۆی نەبووە، تەنانەت چەوسێندراوەتەوە و بە وەدەست هینانی ئەم دەرفەتەش زۆر ئاسان لە هاوسەرەکەی کە رۆژێکی خۆش لە بیرەوەرییەکانی ژیانی دا بوونی نییە، جیادەبێتەوە.

هۆکارێکیتری جیابوونەوەی هاوسەرەکانی کورد لە هەندەران، شێوازی خراب هەڵسوکەوتکردنی پیاوان لەگەڵ ژنانە، تەنانەت ئەگەر بە خۆشەویستی و رازی بوونی هەردووکیان بەیەک گەیشتبێتن. لەم حاڵەتەدا پیاو بە هەمان شێوازی کوردستان هەڵسوکەوت دەکات، رێگری لە چوونەدەرەوە و بەشداری لە خولەکانی فێربوونی زمان و کار و خوێندن و پێگەیشتنی هاوسەرەکەی دەکات، ژیانی لێ ناخۆش دەکات و بێ ئەوەی خۆیان بیانهەوێ کەلێن دەکەوێتە نێوانیان و دەرئەنجامی ئەم هەڵسوکەوتەش جیابوونەوەیە.

هۆکارێکیتر ئەم کێشەیە خراب کەڵک وەرگرتنی ژنان لەم دەرفەتانەیە، بە واتایەکی‌تر ژنان بەبێ ئەوەی حیساب بۆ هەست و شعووری پیاوەکەیان بکەن، بە جۆرێکیتر ئەو ئازادییە دەقۆزنەوە کە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواری یەک ناگرێتەوە. ئەمان بەباشی نەیانتوانیوە لەو ئازادییە تێبگەن و بەرێگای خراب دا دەڕۆن. رەچاوی داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری ناکەن و جیابوونەوە بەدوای خۆیدا دێنێ.

بەدەر لەو هۆکارانەی سەرەوە کەباسمان لێوە کردن و کۆمەڵێک هۆکاری لاوەکیتر کە بۆ باس کردن نابن، بەرچاوترین هۆکار لەڕوانگەی منەوە زەواجی پۆستییە.

زەواجی پۆستی بە زواجێک دەگوترێ کە کچ و کور بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن و توانیبێتیان بەباشی یەکتر بناسن و لە موراڵی یەکتری تێگەیشتبن، تەنیا لە پێناو گەیشتن بە وڵاتانی پێشکەوتوو مل بەو زەواجە دەدەن . دیارە نامهەوێ هەموو ئەو کەسانە بەوە تاوانبار بکەم کە ئامانجی سەرەکیان گەیشتن بەم وڵاتانەیە،بەڵام بە پێی ئەو حاڵەتانەی بەرۆژانە لەگەڵیان بەرەوروو دەبینەوە و بەچاوی خۆمان دەیان بینن، زۆرترین رێژەی ئەو کەسانەی بەم شێوازە بەیەک گەیشتوون، نەیانتوانیووە لە درێژەپێدان بە ژیانی هاوبەش سەرکەوتوو بن . ئەمان لە باشترین حاڵەتدا تا چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا وێنەیەکی هاوسەری ژیانیان دەبینی، ئێستاش بە هۆی گەشە کردنی دونیای مەجازی، جار و بار دەتوانن لەرێگای سکایپە و یان تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیتری وەک فەیسبۆک،بۆ چەند خولەکێک پێکەوە بدوێن.

ئەمجۆرە ناسین و بەیەک گەیشتنە کێشەی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە ناوخۆی وڵاتن، بە دیدێکیترەوە لەم وڵاتانە دەروانن، لای ئەوان ئێرە بەهەشتێکی تەواوە و مرۆڤەکان هیچ جۆرە کێشەیەکی ماڵی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و ... نییە . ئەوان بۆ گەیشتن بەم بەهەشتە تەنانەت گوێ بە جوانی، جیاوازی تەمەن، شایستەگی لە بەرێوەبردنی ژیان و زۆرشتیتری گرنگ و پێوەنددار بە دوو هاوسەرەوە نادەن. بەگەیشتنیان هەموو ئەو راستیانە بە چاوی خۆیان دەبینن، لەگەڵ گیر و گرفتی \"زمان، خوێندن، تەنگ و چەلەمەکانی نەداری و هەروەها داب و نەریتەکوردەوارییە نەمرەکانی ئێرە\" بەرەوو روودەبنەوە و تازە بە تازە هەست بەوە دەکەن کە ئەو بەهەشتەی ئەوان بەشوێنیدا وێڵ و ئاوارە بوون، بوونی نییە و بۆیە وردە وردە لەو ژیانە سارد دەبنەوە و بۆ ئەڵترناتیڤێکیتر دەگەرێن کە لە باشترین حاڵەتدا جیابوونەوە و سەرلەنوێ ژیان پێکهێنانەوەیە کە دیارە ئەم رێگە چارەیەش ناتوانێ ئەو کەسانە بۆسەر راستای ژیانی راستەقینەی خۆیان بگێرێتەوە، مەگەر ئەوەی بە هێمنی و ژیری خۆیان باسەکانی ژیان یەک بەیەک هەڵسەنگێنن، لێکدانەوەی دروستی بۆ بکەن و وەک مرۆڤێکی رئالیست لە کۆتایی دا بریارێکی دروست و سەرکەوتوانە بۆ ژیان بدەن.

بە هیوای خۆشی و بەختەوەری هەموو بنەماڵەکانی کوردی نیشتەجێی هەندەران و کوردستان

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە