هاووڵاتیەكی شاری روانسەر چارەنووسی ناڕوونە

13:54 - 14 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: هاووڵاتیەكی روانسەری دوای نزیك بە یەك مانگ لە دەستبەسەر كرانی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانی ئەو شارەوە، هیچ زانیارییەك لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كیانووش وەیسی لە رێكەوتی 17‎ی مانگی رەزبەرەوە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانی شاری روانسەرەوە دەستبەسەر دەكرێت و هەتا ئێستا زانیارییەك لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا 278 هاووڵاتی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان لەلایەن هێزە نیزامی ـ ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

حوكمی بەشێك لەو دەستبەسەر كراونە یەكلایی كراوەتەوە و بەشێكی دیكەش هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

لە كۆی گشتیی ئەو دەستبەسەر كراوانی هەتا ئێستا 8 كەسیان حوكم بەبێ‌ تاوانبوونیان دراوە و ئازاد كراون.

تەنیا لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا 9 هاووڵاتیی كورد دەستبەسەر كراون.

ئەو هاووڵاتیە كوردانە بە تاوانی جوراوجۆری وەكوو هەوڵدان بە دژی تەناهی نیزام، چاڵاكیی مەدەنیی و فەرهەنگی و هەروەها چاڵاكیی كرێكارییەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی كوردپایە، دەكرێ‌ لەو رێژەیەش زیاتر بێت.