هاووڵاتییەکی کورد بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

13:53 - 31 بانەمەڕ 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیرج سۆفی محەممەد" کوڕی "ئیبراهیم" و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی "شێخلوو"، بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوونی لە گرووپە سەلەفییەکان"، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، بەڕێوە چوو و ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بەو هاووڵاتییە کوردە لە زیندان ڕاگەیەندرا.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە ٨ مانگ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

"ئیرج سۆفی محەممەد"، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە هەمبەر ناڕوونبوونی چارەنووسی، مانی لە خواردن گرتبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی ئینساروئیسلام" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێوە بە ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە ساڵی ٩٧، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.