هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

22:24 - 4 رەشەمه 2720

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شوان پشتوار"، کوڕی عەبدولڕەحمان، تەمەن ۳۹ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە، بە دانانی بارمتەی ٥۰۰ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغی دادڕەسییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ۲٥ی ڕێبەندان، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

شوان پشتوار، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندان، بە تۆمەتی "چالاکیی مەزهەبی"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.