هاووڵاتییەک لە زیندانی سنە بە تۆمەتی "کوشتن" ئێعدام کرا

19:34 - 9 گەلاوێژ 2720

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی "کوشتن" بە ناوی "مورتزا پیرخزری" تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی شاری سنە، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سنە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە بە دانی ٤٥ ڕۆژ موڵەت لە هەمبەر دانی ٢ میلیارد تمەن دیە دواکەوت، بەڵام بەرپرسانی زیندان لە ناکاو ئەو حوکمەیان جێبەجێ کردووە.

ئەو زیندانییە بە تۆمەتی "کوشتن"، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ، لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بە ناوی "سەعید محەممەدی‌فەر" خەڵکی شاری کرماشان، بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە، گوێزرابوونەوە.

مورتزا پیرخزری، دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەسبەسەر و لە لایەن دەزگای قەزاییەوە، بە قیساس مەحکووم کرابوو.

هەتا ئێستا  هەواڵی ئێعدام کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی سنە، لە لایەن میدیاکانی حکوومەتییەوە، ڕانەگەیەندراوە.