نەتەوەی کورد لەسێبەری پێناسەیەکی جیهانی

13:52 - 21 گەلاوێژ 2715
Unknown Author
ژیلا مستاجر

هەستی شانازی کردن بۆ هەر تاکێک لەسەر هەمو بابەتەکان پێناسەیێکی تایبەت بەو کەسە ی هەیە، هەر بۆیە دەڵێین شانازیکردن روانگەیێکی تاکە کەسی هەیە و چەمکێکی نیسبیە.

شانازی کردن لە هەمو فەرهەنگەکاندا بەمانای حاڵەتێکە کە مرۆڤ لە بەردەوامی و بە درێژایی ژیان بە هۆی سەرکەوتنەکانیەوە کە خۆی یەکێک لە وەدیهێنەرەکانی بوەو راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ بەشداری لەو سەرکەوتنە کردووە، شرۆڤە دەکرێت.

دەتوانین بڵێین کە زۆر جار مرۆڤ گەورەیی کەسایەتی خۆی بە ژمارەی شانازیەکانی و هەروەها بە جۆر و مەزنی شانازیەکانی دادەنێت کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چۆنیەتی و چەندیەتی بابەتی شانازیەکەی، بۆ نمونە دەتوانین بڵێن وەرزشوانێکی نێو دەوڵەتی شانازی زۆرتر بەخۆی دەکات لە وەرزشوانێکی نێوخۆیی وڵاتەکەی یان مامۆستایەتی لە زانکۆیێکی ئاست بەرزدا شانازی زۆرترە لە مامۆستایێکی قوتابخانەیێکی بچوک. هەرکام لەمانەش بەپێی نرخێک وەدی هاتوون کە نەفەر بۆی داوەو بەو ئاستە گەیشتووە بویە هەرتاکێک مافی هەیە بە داراییەکانی خۆی چ مادی و چ مەعنەوەی فەخر بکات.

لە روانگەیی دەرونناسیشەوە زۆر بە قازانجی مرۆڤە کە لانی کەم جار جار هەمو دەسکەوت و داراییەکانی هەڵبسەنگێنێت و بزانێ کە لە بارودۆخی ئێستای دا چ فاکتەرگەلێک دەتوانن پێناسەی شانازییەکانی بکەن.

سروشتیە کە کات و شوێن دەتوانێ ئەو هەستە لای مرۆڤ بگۆرێ و پێویست نەکا لەسەر بابەتێک کە پێشتر مانۆرمان لەسەر دەدا، سوور بین و چیدی بارودۆخ بۆ جۆری شانازی ئێمە لەبار نەبێت، بۆنموونە دەتوانین بڵیێن کە پێشتر ئێمە بە تەواو کردنی قۆناغێک لە خوێندن شانازیمان دەکرد،ئێستا شانازی لەوەدایە کە خوێندن کۆتایی نایێ و ئەوکەسە کە هەر لە خوێندن و برینی قۆناغەکان بەردەوامە شانازی کردنی زیاتر لێ دەوەشێتەوە.

بە باس کردنی هەستی شانازی کردن دەمهەوێ بابەتێک بووروژێنم کە وەکو هەمیشە کورد و تاکی کورد لەوانەیە لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکاتەوە.

شانازیکردن بە نەتەوە

نەتەوە وشەیێکە بە کۆمەڵێک مرۆڤ کە فەرهەنگ و مێژوو زمان و نیشتمان و هەروەها دەوڵەتێکی هاوبەشیان هەیە یان دەیانهەوێ دەوڵەتێکی هاوبەش دروست بکەن دەوترێ .

کورد وەکو هەمو نەتەوەکانی دیکەی جیهان لە پێناسەی سەرەتایی نەتەوە دەردەچێت و بە نەتەوە دەناسرێت. (جیا لە بیری دەوڵەتانی داگیرکەر)
لە جیهان بینێک دا کە لەوانەیە لە لایەن ئەو نەتەوانە وە کە هیچ کات لە مێژووی خۆیاندا بەرەورووی هیچ ئاستەنگ و بەگشتی ستەمی داگیرکەر نەهاتوون، باس کراوە، دەوترێت کە شانازی کردن بە نەتەوە شتێک جیا لە دواکەو تووی نیە.

ئەمە لە حالێکدایە کە ئێمە(کورد) ساڵەهای ساڵە و بە بەردەوامی شانازیمان بە نەتەوەی خۆمان کردووە و هەردەم کورد بوونی خۆمان کردووەتە لکی چاوی دوژمنان.

لەهەر بەشێکی کوردستانی داگیرکراو و هەرێمی کوردستان دا ئەگەر بمانهەوێ پرسیار لەسەر ئەم حاڵەتە بکەین بە دڵنیاییەوە خەڵکی کورد لە رادەبەدەر بە کورد بونی خۆیان شانازی دەکەن و هەروەها بەردەوام ئەم شتەمان لە راگەیاندنەکان دا بۆ جیهانیان سەلماندووە.

لەم حاڵەتەدا پرسیار دێتە پێش کە ئایا نەتەوەی کورد دوا کەوتووە؟

ئایا نەتەوەی کورد بەم بابەتەوە نابێتە گاڵتەی دەستی پێشکەوتوانی بواری فیکری و فەلسەفی و سیاسی جیهانی؟

دەزانین کە هیچ مرۆڤێک پێش لە دایک بوونی تەنانەت تا ماوەیێکی زۆر دوای لەدایک بوونیشی مافی هەڵبژاردنی نیە،مرۆڤ ناتوانێ هەڵبژێرێت چ کات و ساتێک،لەچ شوێنێک یان لە چ بنەماڵەیێک و نەتەوەیێک لەدایک ببێ بۆیە دەڵێن کە شانازی کردن بە هەرکام لەم چەمکانەوە شتێکی بێ مانایە و کەسانێک لەباری فکریەوە دواکەوتوبن کاری وا دەکەن بۆ نمونە ئێمە شانازی بە ڕێکەوتی لە دایک بوونمان بکەین لەوانەیە زۆربەی هاورێیانمان بە کەسێکی گەمژە ناومان ببەن.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئێمە(کورد) وەکو هەمو نەتەوەکانی دیکە خاوەن جیهانبینیێکی تایبەت هەین و زۆر جار کە هەل رەخساوە دەرمانخستووە کە شانازی کردن بە ئەو چەمکانەی کە خۆمان لە هەڵبژاردنیان بەرپرسیار نین،شتێکی هەڵەیەو بەردەوام رووی تێکۆشانی سیاسی و فەرهەنگیمان تێکەڵاو بوونی هەردەم زۆرتر لە گەڵ نەتەوەکانی تری جیهان دا بووە و سەلماندوومانە کە گەلی کورد بەهیچ شێوەیێک نەیویستووە کە خۆی بە گەورەتر و لێهاتوتر لە نەتەوەکانی تر دابنێت.

کەوابو لێرە لە بیر و کرداری کوردان دا ناتەباییێک هەیە ...

کورد لە سەراسەری مێژووی پڕ لە فەراز و نشێوی خۆیدا بە سەدان جار ژیانی تاڵی ژێردەستی داگیر کەری ئەزموون کردووە،هەستاوەتەوە و داوای مافی خۆی کردووە،بۆ وەدیهێنانی مافەکانی دەستی داوەتە چەک،شەری کردووە، مافی وەر گرتووەتەوە، دیسان مێژوو دووپات کراوەتەوە و بە جۆرەهای جۆر خیانەتی لێ کراوە وبەردەوام لەیەک پارچەییەوە لەت لەت کراوەو کەوتووەتەوە دەستی داگیرکەران و قەد کۆڵی نەداوە و ژێر دەستە بوونی پێ قەبووڵ نەکراوە، بۆیە گڕی خەباتی ئازادی خوازانەی بەردەوام بەتین بووە.
کەم نەتەوە دەتوانن داواکەری ئەوە بن کە هاوچەشنی مێژووی کوردەکانیان ئەزموون کردووە.

خۆراگرتنەکانی کوردان لەمەڕ ستەمی داگیرکەران کە بە شێوازگەلی جۆراو جۆر روبەرویان دەکرێتەوە ئەگەر جێگای شانازی کردن نەبن،بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین کە بێ ئینسافی مان کردووە.

نەتەوەیێک کە بەهەمو تواناکانیەوە لەبەرابەری داگیرکەرەکەیدا خۆی لە لەناوچون دەپارێزێت ئایا دەمانهەوێ ئەو هەستە کە زۆرجار دەبیتە هۆی ورە بەرزی لە ژێر ناوی رۆش نبیری لێی ووەر گرین.

هەموان دەزانین کە داگیرکەرانی کوردستان بەهەمو توانایی نیزامی و فەرهەنگی وفیکری خۆیەوە ویستوویە ودەیهەوێ کە کورد بتوێنێتەوە بۆ نمونە بەشێوەی ئاسیمیلاسیۆنی زمانی،زمانەکەی لەناو ببات و دەبینین کە کوردان بەهەمو هێزە بچوکەکانیانەوە هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی هەمو ئەو فاکتەرانە کە پێناسەی نەتەوە بونیانە.

نمونەی هەرە گرینگی ئەم حاڵەتە، دەتوانین بە دڵ فروانیەوە ئاماژە بە بەرخودانی کوردان لە رووبەرو بوونەوەی لەگەڵ دەولەتی خەلافەتی ئیسلام دا واتە داعش بکەین کە بە گیانبازی هەزاران مرۆڤی کورد لە چەند بەشی کوردستانە وە و هەوەها بە بەشداری هەمو کوردەکان توانیویانە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆیان و نەتەوەکانی دەورو بەریان بکەن.ئەمە ئەرکێکی نیشتمانیە، بەڵام زۆر کەس لێی هەڵ دین ،کەسانی ترهەڵی دەبژێرن و ئیمە مافمان هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکانمان بە خواستی خۆمان شانازی بکەین.

ئایا دەتوانین ئەو مافە رەوا نەبینین؟

راستە کوردەکان خۆیان هەڵیان نەبژاردووە کە کورد بن بەڵام بە درێژایی مێژوو خۆیان هەڵیان بژاردووە کە کورد بمێنن و لە پێناو کورد مانەوەیان سەدان جۆرە هەزینەیان داوە،خوێن رژاوە و خەباتی سووریان بۆ کردووە.

ئەم چەمکە یەکێک لە دیارییە کانی داگیرکەرانە کە لە راستیدا بە هاتن و بوونی ئەوان لە فەرهەنگی کورد دا دروست بووە،دەنا ئەگەر لە کوردستان داگیر کەر نەبێت،کوردەکان بە ئازادی بژین و بتوانن جگە لە پاراستنی نیشتمان و پێناسە نیشتمانیەکانیان،بیر لە پێشکەوتن و دەرفەتی ئەوەیان ببێ کە خۆیان لە بوارەکانی دیکەی ژیان دا پەروەردە بکەن و تواناکانیان وەدەر بخەن ،بە دڵنیاییەوە شانازی بە هەڵبژاردەکانیان و سەرکەوەتنەکانیان دەکەن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە