نێرگزی چییە و؟ چون منداڵەکانتان لە نێرگزی دەپارێزن ؟
15:24 - 19 جۆزەردان 2716
Unknown Author
رەزا شوان
لە ئەمڕۆدا، زۆر دەربارەی ( نێرگزی ) دەبیستین، دەڵێن فڵان کوڕ یا فڵانە کچ نێرگزییە .. زیاتریش لە نەخۆشییەکانی تر، پزیشکانی دەروونی و دەروونناسان پێوەی سەرقاڵن .. بە دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پراکتیکی و تاقیکردنەوەی زانیاری لە لایەن پسپۆران و شارەزایانی ئەم بوارەوە ئەنجام دراون .. جەخت لەسەر ئەم راستییە دەکەنەوە کە تووشبووان بە نێرگزی لە جیهاندا لە زیادبووندایە .. بە زۆریش لە نێو لاواندا، بە تایبەتیش لە نێو لاوانی وڵاتانی رۆژئاوادا .. شارەزەییان رێژەی تووشبووان بە نێرگزی لە (١ % ) دادەنێن .. ئەم رێژەیەش بە پێی وڵاتان و چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی و رێنمایی و ئاراسەکردنی منداڵان و، باردۆخی خێزانی و، ژینگەی کۆمەڵایەتی و، ئابووریلە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە .. تەنانەت پلەی تووشبوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیوازی هەیە .
نێرگزی چییە ..؟ ئەم زاراوەیە لە چییەوە هاتووە .. ؟ :
نێرگزی زاراوەیەکە، بە واتا زیادەڕۆیی لە خۆخۆشەویستی و سەرسامبوون بە خود، تا رادەی خۆئەوینداری .. زیادەڕۆییە لە بە خۆنازین ولە گەورەکردنی چەمکی خود ..نێرگزی هێندەش خۆی بە باڵا و گەورە دەزانێت تا ئەو رادەیەی کەبە ( شێـتی گەورەیـی ) ناودەبرێت .. زەقترین دیاردەی تووشبووش بە نێرگزیش ( خۆپەرستی ) و ( کەس نەویستی ) یە .سەر زمان و بن زمانی نیرگزی، لە قسە و باس و وتەکانیدا، دووبارەکردنە و دەبارەکردنەوەی وشەی ( من ) ە .. ( من و دوایش هەر من .. منی باڵا .. منی نموونەیی .. منی پێشەنگ .. منی هەموو شتێک ... هتد ) .. کەسی نێرگزی لە هەموو شتێدا خۆی بە : جوانترین، یەکەمین، باشترین، گەورەترین، بلیمەترین، داناترین، بە توانترین، شارەزاترین، جیاوازترین، بێوێنەترین، ... هتد، کەس دەزانێت .. نێرگزی کەسێکی ئیرەییبەر و، هەلپەرست و، بەرژەوەندیپەرست و، دووڕوو و، درۆزن و، سفڵەیە و، بێشەرمە و، هەڵەشەیە و، خەیاڵبازە و، هەرزەگۆیە .. رێز بۆ کەس دانانێت، هەمووان لە خۆی بە نزمتر و، بە کەمتر و، بە خزمەتکاری خۆی دەزانێت .
دەبێت دان بەو راستییەشدا بنێین، کە کەم یا زۆر، لە بوارێکدا یا زیاتر، نێرگزی لە هەمووماندا هەیە .. نێرگزی بەشێکی سروشتییە لە دەروونی هەموو مرۆڤێکدا .. خۆخۆشەویستی و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو کەسێک پێویستە .. بەڵام پێویستە تەنک و بچووک بکرێتەوە و، لە خۆباییمان نەکات و لووتی خۆمان بە کێوی( قەندیل ) دانەکێشین .. پێویستە گرێدراوبێت بە لۆژیکی کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە .. چونکە زیادەرۆیی لە خۆخۆشەویستیدا خۆپەرستییە، لە رادەبەدەر بە خۆنازین و خۆبەگەورەزانین، هۆکارن بۆ دروستبوونی کەسێتی نێرگزی، کە توانای بە کۆمەڵایەتی بوونی نییە .
نێرکزی یەکێکە لە قۆناغەکان و، هەموو کەسێک بەم قۆناغەدا تێدەپەڕێت .. لە ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا .. منداڵانی بچووک خۆیان بە تەوەر و ناوەندی بایەخپێدان و خۆشەویستی دەزانن، بە ئەوان بێت هەمووان ئاوڕی لێبدنەوە و خۆشیان بوێ و لە خزمەتیدابن . بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەم حەزیان کاڵدەبێتەوە و .. خەڵکانی تر بە تەوەر و ناوەند دەزانن و، خۆشیان بە تاکێکی کۆمەڵ دەزانن .. واتا مرۆڤ بە خۆخۆشەویستی دەستپێدەکات و، لە دوایش کەسانی تری خۆشدەوێت .
ریژەی نێرگزی لە نێو کچاندالە قوناغی هەرزەکاریدا، لە کوڕان زیاترە .. رۆژانە کچانی ئەم قۆناغە دەچنە بەردەم ئاوێنە و لە خۆیان دەڕووان .. بەڵام لە دوای شووکردن و منداڵبوونیان، نێرگزیان نامێنێت .. ئااسیی دەبنەوە .. کەمتر لە کوڕان مۆرکی نیرگزیان تێدا دەمێنێتەوە .
یەکەمین کەس کە لە رووی دەروونییەوە، زاراوەی نێرگزی بەکارهێنا، شرۆڤەکاری دەروونی، زانای نەمساوی ( سیجمۆند فرۆید ) بوو، لە ساڵی (١٩٠٥)دا، فرۆید دامەزرێنەری قوتابخانەی شیکارە دەروونییەکانە ..فرۆید هەر لە ئەفسانە یۆنانییەکەوە زاراوەی نێرگزی وەرگرتووە .
فرۆید بە واتایەکی دیاریکراو نێرگزی بەکارهێناوە، ئەوەیە کە هەر هەموومان ئارەزووی نێرگزی یا خۆخۆشەویستیمان هەیە .. ئەمە حەزێکی سروشتییە و پێویستە تێربکرێت .. ئەمە قۆناغێکە لەقۆناغەکانی گەشەکردن .. لە دواییدا پێشدەکەوێت بۆ خۆشەویستی کەسانی تر.
سایکۆلۆژیای خودیش لە هیچە ناڕویت، چونکە دەروون ( ناخ ) بەبێ دەرەوە هیچ قەوارەیەکی نییە، خودیش لە میانەی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتییەوە گەشە دەکات .. بەڵام کاتێ کار بگاتە ئەوەی، کە ئەو کەسە هەموو جیهانی دەرەوە لە خۆیدا بەدیبکات .. تەنهاش بەرژەوەندی خۆی بوێت .. ئەم کارە دەگۆڕێت بۆ زیادەڕۆیی و خۆبەگەورەزانین و دەرچوون لە قەوارەی خۆی لەسەر حیسابی کەسانی دەورووبەردا، بەبێ هیچ بنەمایەکی بابەتی .. لەم دۆخەدا دەشێ ئەم کەسە بە کەسێتیەکی نێرگزی ناوبەرین .
کەسێتی : بریتییە لە لە کۆمەڵە خەسڵەتێکی جەستەیی و دەروونی ( بۆماوە و وەرگیراو ) ، لە داب و نەریتەکان، بەهاکان، سۆزداری، پاڵنەرەکان، ئارەزووەکان، ئامادەباشییەکان، بیروڕا، باوەرەکان، بیرۆکەکان، تواناکان، هۆش .. بە تێکەڵبوونی ئەم پێکهاتانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا،کەسێتی مرۆڤی سروشتی پێکدەهێنن .. یا بە واتایەکی تر، کەسێتی تاک، لە هەڵویستە جیاوازەکاندا و، لە سیما بایولۆژییەکانی کەس و، لە رەوشتە گشتییەکان و، تایبەتییەکان پێکدێت .. لەم رووەشەوە هەریەکە لە پێگەیاندنی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی دروست لە منداڵیدا، ژینگەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و شارستانی،... هتد.
کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە بنیاتنانی کەسێتیدا هەیە .. بۆ نموونە ئەوەی کە لە ئەوروپادا دەژی، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەژی، لە رووی زمـان، نەریت، هەڵسوکەوت، کولتوور، ئازادی، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و شتی تر .
ئەگەر پێکهاتەیەک یا چەند پێکهاتەیەکی مرۆڤ تێکبچن، ئەو مرۆڤە تووشی شەڵەژان و نەخۆشی دەبێت .. رەفتاری جیاواز و دژەباو سەریان لێ هەڵدەدەن .. کارێکی ئاسانیش نییە، کە بتوانین بە ئاسانی رەفتار و هەڵسوکەوتە ناسروشتی و ناباوەکانی مرۆڤ هەڵبسەنگێنین .
وشەی نێرگزی لە چییەوە هاتووە ؟
زاراوەی ( نێـرگزی )لە یەکێک لە ئەفسانە یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە، ئەفسانەکەش بە چەند شێوەیەک دەگێڕنەوە و بە چەند شێوەیەکیش داڕێژراوە، بەڵام هەموویانلە مەبەستێدا یەکدەگرنەوە ، بە کورتی شێوە باوەکەی ئەفسانەکەتان بۆ دەگێڕینەوە .. تا بزانن کە نێرگزی لە چییەوە هاتووە .
( کیفیسۆس ) ی رووبار و، پەرییەکی شین بە ناوی ( لیـرۆب ) هاوسەرگیرییان کرد، کوڕێکیان بوو، ناویان ( نارسیسۆس ) یا ( نێرگیسۆس ) .. کوڕێکی زۆر جوان نازدار و شیرین بوو .. بەڵکو لە جوانیدا لە رادەبەدەر بێوێنە بوو .. ژنە فاڵچییەک کە ناوی ( تریـزیاس) بوو، ئاگاداری کردنەوە
ئەگەر نێرگیسۆس بییەوێت تەمەنێکی درێژ بژیت .. نابێت بە هیچ کلۆجێک لەسەر رووی ئاوداسەیری رووخساری خۆی بکات .. ئەگینا دەستبەجێ دەمرێت .
کە تەمەنی ( نێرگیسۆس ) گەیشت بە شانزە ساڵان، بوو بە هەرزەلاوێکی جوانی ئەوتۆ .. بە دەیان کچ ئەوینداری بوون .. لە ناو ئەو کچانەدا، پەرییەک بە ناوی ئیکۆ \" دەنگـدانەوە \"کە کچێکی زۆر جوان بوو .. ئیکۆ لە رادەبەدەر ئاشق و شەیدای خۆشەویستی نێرگیسۆس بوو ..بەڵام نێرگیسۆسی لەخۆبایی، خۆشەویستییەکەی رەتکردەوە و ئاوڕی لە ئیکۆ نەدایەوە .. ئیکۆ لە سوێدا، رۆژ لە دوای رۆژ لەڕ و لاواز وبێهێز دەبوو .. تا رۆژی کەوت و مرد .
بەڵام ( ئیفرۆدێت ) ی خواوەندی خۆشەویستی و جوانی، سزایەکی سەختی نێرگیسۆسی دا، بەوەی کە نێرگیسۆس کەوتە داوی خۆشەویستیی خۆیەوە، لە رادەبەدەر سەرسام و ئەوینداری خۆی بوو .. ئاگای لە دنیا نەما .. رۆژی چووە دیار گۆلە ئاوێک و وێنەی رووخساری خۆی لەسەر ئاوەکە بینی هێندەی تر هۆگر و سەرسامی خۆی و وێنەکەی بوو .. ویستی باوەش بە وێنەکەیدا بکات .. کەوتە ناو گۆلەئاوەکەوە و خنکا .. بەڵام خواوەندەکان بۆ بیرەوەری، لاشەکەی نێرگیسۆسیان کرد بە گوڵێکی پەلک سپی و چاوزەردی زۆر جوان و بۆنخۆش، لە رۆخی گۆلەئاوەکەدا رووا و، خۆی لارکردەوە لە ئاوەکەی دەڕوانی، ئەم گوڵە هەر بە ناوی نێرگیسۆسەوە بە ( نـێرگز )ناودەبرێت .
لە کوردستانی شیرینی ئێمەشد، نێرگز بە شاگوڵ و بە سیمبول و بە مژدەبەخشی بەهاری رەنگین و قەشەنگی کوردستان ناسراوە .. جوانترین گوڵئ کوردستانە .
بۆیە ئێستاش هەرکەسێک، زیادەڕۆیی لە خۆخۆشەویستی و، لە خۆهەڵنان و، لە خۆهەڵکێشان بکات و، پۆز لێبدات و، هەر خۆی بە شایانی هەموو شتێک بزانێت و.. کەسانی تر بە کەمتر لە خۆی بزانێت .. لە راستیشدا شایەنی ئەم ستایش و هەڵنانە نەبێت .. پێی دەڵێن کەسێکی نێرگزییە .
دیاردەکانی تووشبوون بە نێرگزی :
١ـ کەسێتی نێرگزی لە رادەبەدەر سەرسامی خۆیەتی و، خۆی زۆر خۆشدەوێ و خۆهەڵکیشە و لەخۆباییە و خۆپەرست و کەس نەویستە و لووت بەرزە و خۆی لە هەموو کەسێ بە زیاتر دەزانێت.
وشەی ( من) پانتاییەکی زۆر لە قسەکانیدا دەگرێتەوە .
٢ـ وا دەزانێت لە هەموو کەسێک جوانتر و شۆخ و شەنگترە .. بە ڵکو خۆی بە شاجوانی جیهان دەزانێت .. وا هەست دەکات هەموو جوانی جیهان لە ئەودا کۆبۆتەوە .
٣ـ هەست بەوە دەکات کە ئەم تەوەری هەموو باسەکانە .. پێویستە هەموو کەسێ رێزی لێبگرێت .
٤ـ وا هەست دەکاتکە هەموو شاعیران و پەخشاننووسان و نووسەران تر ئیلهام لە جوانی و لە بەهرەکانی ئەمەوە وەردەگرن .. بیرۆکەکانی ئەمەیان کردۆتە هەوێنی نووسینەکانیان .
٥ـ خۆی بە بلیمەترین و بە شارەزاترین کەس لە هەموو بوارەکاندا دەزانێت .. دان بەوەدا نانێت کە کەس لەم زیرەکتر و بلیمەتر و شارەزاتر و داناتر هەبێت و، بتوانن شان لە شانی ئەم بدەن .
٦ـ زۆربڵی و چەنبازە .. قسە بە بەرانبەرەکەی دەبڕێ و .. قسەش هەردەبێ قسەی ئەم بێت .
٧ـ زیادەڕۆیی لە هەڵنانی بەهرە و توانا و کارەکانی دەکات .. گەر شتێکی ساکار و ئاسایشی ئەنجامدابێت .. زیاد لە پێویست هەڵی دەنێت .. هەردەم شتەکانی خۆی بە باشتر دەزانێت .
٨ـ خۆی بە جیاواز دەزانێت .. وا هەست دەکات لە هەموو کەسێ جیاوزتر و تایبەتی ترە .
٩ـ بەرژەوەندی پەرستە و، پەیوەندییەکانی و زمانلووسی لە پێناوی مەرامەکانیدایە .. یەگینا لە دڵەوە ئەو لەخۆی زیاتر کەسی تری خۆشناوێت ،
١٠ـ کەسێتی نێرگزی، چکۆسییە ( حەسوودە ) .. ئیرەیی بە هەموو کەسێک دەبات .. حەز بە سەرکەوتن و پێشکەوتن و هەبوونی کەس ناکات .
١١ـ نیرگزی سەرکەوتوو نییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا، تەنها ئەوکەسانەی دەوێت کە دەستەمۆی بیر و باوەڕی ئەمن .
١٢ـ نێرگزی وشک و سارد و سڕە و، کەم پێدەکەنێ و، سۆز و بەزەیی بۆ کەس نییە .
١٣ـ هەڵەشە و هەرزەگۆیە و قسەی زەق و ناخۆشە .. بۆیە کەس بە ئاسانی هاوڕێتی ناکەن .
١٤ـ خەیاڵبازە و لە جیهانێکی خەیاڵی و زیندەخەوندا دەژی، بە خەیاڵ دەیان پرۆژە بنیات دەنێت.
١٥ـ وا هەست دەکات کە نموونەییە و دەبێت هەردەم یەکەمین بێت و لە پێشەوەی پێشەوەدا بێت .. دەبێت هەردەم سەرکەوتووبێت و، دۆڕاندن و شکستی قبوڵ ناکات .. رووحێکی وەرزشی نییە .
١٦ـ هەرگیز گلەیی و رەخنە و لۆمە لەکەس قبووڵ ناکات و کەلەڕەقە و دان و هەڵەکانیشدا نانێت.
١٧ـئامۆژگاری و رێنمایی لە کەس وەرناگرێت .. تەنانەت گەر نزیکترین کەسیشی بن .. چونکە ئەمە بە نەنگی دەزانێت و .. خۆی لە ئاستێکدا دەزانێت کە لە هەموو کەسێ زاناتر و داناترە .
١٨ـ حەز بە خۆدەرخستن وخۆبردنە پێشەوە دەکات .. بۆ ئەوەی سەرنجی بدەنێ و لێیبڕوانن .
١٩ـ شەیدای پایە و پلە و دەسەڵاتە .. بۆ ئەم مەبەستەش رێگای چەوتیش بێت دەیگرێتەبەر .
٢٠ـ رووگرژ و مۆنە و .. تا رادەیەک رەشبین و بێ هیوایە .
٢١ـ هۆشیاری دەروونی نییە، تا بتوانێت رووبەڕووی کێشەکانی بێتەوە .
٢٢ـ سفڵەیە و چاکە و پیاوەتی لەبەرچاو نییە .
٢٣ـ رەزیل و چاوچنۆکە و بەخشندە نییە .. هەمیشە دەیەوێت وەردەبگرێت و نەبەخشێت .
٢٤ـ حەز بە زیانی کەسانی تر دەکات .. حەزدەکات نەخۆش بکەون، بمرن .. بە بۆچوونی ئەو، تا کەسانی جیاوازی وەکو ئەو هەڵنەکەوێت .
٢٤ـ بێ بەڵێن و درۆزن و فشەکەریشە .. جێی بڕوا و متمانەی خەڵکی نییە .
٢٥ـ بۆ ئەوەی جێی سەرنجی کەسانی تربێت .. ئارایش دەکات و خۆی جوان دەڕازێنێتەوە و .. جلوبەرگی جوان لەبەردەکات و.. بۆنی خۆش بە خۆیەو دەکات .
٢٦ـ ئەگەرچی نێرگزی لە رووکەشدا وا خۆی دەردەخات کە باوەڕی بە خۆی هەیە.. بەڵام لە راستیدا هەست بە بێ نازی و بە بێ خوشەویسی و بێ دڵنیایی دەکات .
٢٧ـ لە پاڵ نێرگزیشدا، هەندێ نەخۆشی تر و،تووشبوونی نەخوازراوی تر سەری لێهەڵئەدەن وەکو :خەمۆکی، دوودڵی، گۆمان، خووگرتن بە مەیخوارنەوە، بە ماددە هۆشبەرەکان، گۆشەگیری .
٢٨ـ نێرگزی کەسێتییەکی هەستیارە و بە سادەترین شت تووڕە دەبێت .
چۆن منداڵەکانتان لە تووشبوون بە نێرگزی دەپارێزن ؟
هەموو منداڵان لە قۆناغەکانی یەکەمی گەشەکردنی تەمەنیاندا نێرگزیان تێدایە، بەڵام ئەم جۆرە نێرگزییە کە لە قۆناغی منداڵیدا هەیە، ئاسایی و سروشتییە، ئەمەش ئاماژە نییە کە ئەم منداڵە تووشی نێرگزی بووە .. منداڵان لەم قۆناغەدا هەست بە گرنگی خۆیان دەکەن و، واش هەست دەکەن کە تەوەری هەموو شتێکن و، جیهان بە دەوری ئەوەندا دەخولێتەوە .. منداڵان لەم قۆناغەدا، شتەکانی خۆیان زۆر خۆشدەوی و دیان پارێزن، حەزیش دەکەن ببن بە خاوەنی هەموو شتێک، بە خاوەنی دایک یا باوکیان، بە بابەتەکانی یارییەکانیان، دەبینین دەڵێ : \" هەر هەموو شتێک هی منن ، ئەمە و ئەوە، هی منن ، ... ) بە هەرشێوەیەکیش بێت حەزدەکەن کە سەرنجی دەوروبەرەکانیان بە لای خۆیاندا رابکێشن .. لەم قۆناغەدا ( من )لایان بەهێزە، خۆیان زۆر خۆشدەوێت .. لەگەڵ گەورەبوونیاندا دوای چەند ساڵێک، رادەی خۆخۆشەویستییان کاڵدەبێتەوە و، تێگەیشن و هەست و سۆزداریان گەشەدەکات و، بازنەی سۆزداری و خۆشەویستییان فراونتر دەبن و، خۆخۆشەویستییان دەگۆڕێت بۆ گشتخۆشەویستی، لە سەرەتاوە دایک و باوک و خوشک و برا و، خزم و کەسوکاریان خۆشدەوێت .. ئینجا دراوسێ و هاوڕێ و کۆمەڵگا و نیشتمان و، هەموو جیهانیان خۆشدەوێت.
گۆڕانیش لە سۆزداری و خۆشەویستییان، دەگەڕێتە و بۆ گەشەکردنی هۆش و هەستیان، بۆتێکەڵبوونیان بە کۆمەڵ و، بە کۆمەڵایەتی بوونیان، زۆر رەفتار و شت لە کۆمەڵگاوە وەردەگرن .. ئەم دیاردانەش دەبنەخەسڵەتە سروشتییەکانی کەسێتییان .
بەپێی ( تێۆری رەوشتی تازە ) کە هەریەکە لە ( دۆلار و میلەر ) قسەیان لەسەر کردووە، لە بارەی پکهێنانی رەفتارەکانی منداڵان، ئاماژەیان بە گرنگی ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵان کردوون، چونکە قۆناغەکانی یەکەمی ژیانی منداڵیزۆر گرنگن بۆ پێکهێنانی کەسێتی ئایندە .لێرەدا ( دۆلار و میلەر) هاوڕان لەگەڵ تیۆری شیکاری دا، جیاوازیشن لە گەڵ ( فرۆید ) دا، پەیوەندی بەوەوەشەوە هەیە کە دەکرێ رەوشت لە ئایندەدا راست بکرێتەوە
مەترسی لەوەدایە، لە ئەنجامی چەند هۆکارێکی نەرێنی و، پەروەردەیەکی سەقەتدا، ئەو نێرگزییە سروشتی و ئاساییەی منداڵان، درێژەی پێبدەن و بگوێزرێتەوە بۆ قۆناغەکانی هەرزەکاری و کامڵی و، ببێتە نەخۆشی نێرگزی و، دروستبوونی کەسێتی نێرگزی .
هۆکارەکانی بە نێرگزی بوونی منداڵان :
ئاماژە بە گرنگترین ئەو هۆکارە نەرێنییانە دەدەین کە دەبنە هۆی بە نێرگزی بوونی منداڵان :
١ـ هۆکاری پەروەردەیی : نابەڵەدی و نادروستی لە پەروەردەکردنیمنداڵاندا، لە ماڵەوە و لە قوتابخانەدا کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ژیانی منداڵان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوویان دەبێت .. توندوتیژی و سەرکوتکردن و سەرکوێرکردن، لۆمە و سەرزەنیشتی نابەجێ و، بڕوانەکردن بە توانای منداڵان .. ئەمانە رەفتاری نەرێنین و منداڵان هەست بەوە دەکەن کە کەس خۆشیان ناوێن و رێزیان لێناگیرێت .. دەبێتە هۆی ئەوەی پێویستییان بە ستایش و هەڵنان هەبێت ..
بەشێکی زۆری منداڵان قوربانی پەروەردەیەکی سەقەتن .. بە تایبەتیش لە لایەن دایکان و باوکانەوە .. تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری خێزانەکان پەیڕەوی ( پەروەردەی سەپێنەر ) دەکەن .. دایک و باوک ومامۆستاکان چییان بوێت، دەبێت منداڵەکان و قوتابییەکانیان ئەوە جێبەجێ بکەن .. گوێ بە خواست و ئارەزوو و توانای جەستەیی و دەروونییان نادەن .. کاتێک کە منداڵان بڕوایان بە خۆیان نەمێنێ و رێز لە حەز و بەهرە و تواناکانیان نەگرن .. کوێرانە گوێدێری داواکارییەکانی گەورەکانیان دەبن و، ناچاردەبن جێبەجێان بکەن .. دەترسن و هەست بە کەموکوڕی دەکەن و .. هەموو دەسەڵاتدارێکیش بە خۆسپێن دەزانن .. لەم شێوازە پەروەردە نادروستەدا، هەموو شێوازەکانی توندڕەوی لێدەکەوێتەوە.
بۆیە پێویستە هاوسەنگی لە پەروەردەکردنی منداڵاندا پەیڕەوی بکەن، بەپێی توانا راستییەکانیانیمنداڵەکانتان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و بواری گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ بڕەخسێنن .. بۆ ئەوەیمنداڵەکانتان بڕۆیان بە خۆیان و، بە توانا و بە بەهرەکانیان هەبێت و، بتوانن بە هەوڵ و بە کۆششی خۆیان هەندێ لە کارەکانیان راپەڕێنن .. پێویستە پانتاییەکی ئازادی باشیان بدەنێ .. تەنانەت ئەگەر ئەنجامێکی هەڵەش بەدەست بهێنن .. تاقیکردنەوە و ئەزموون فێری زۆر شتیان دەکەن .. بەڵام گەر دایکان و باوکان، هەر بە چاوی بێدەسەڵاتی و دەستەوستانییەوە لە منداڵەکانیان بڕوان .. لە هەموو شتێکدا پشت بە ئەمان ببەستن و چاویان لە دەستی ئەمان بێت کە پاروویان بۆ بکەن .. لە داهاتوودا منداڵەکانیان دووچاری کێشەی ئەقڵی دەبن .
٢ـ هۆکاری دەروونی : زۆر لە دایکان و باوکان زیادەڕۆیی لە ستایش و لە هەڵنانی منداڵەکانیان دەکەن، زیاد لە پێویستیش ناز و نوزیان هەڵدەگرن و، زیادەڕۆییش لە هەڵنانی زیرەکی و توانا و بەهرەکانیان دەکەن، بە جیاواز لە هاوڕێکانیان ناویان دەبەن .. بەبێ هۆیەکی بەجێ دەستخۆشی و ئافەرین بارانیان دەکەن .. چیان بوێ و، وڕک لە چیبگرن بۆیان دابین دەکەن .. بە تایبەتیش لەگەڵ منداڵی یەکەمیاندا، یا دوا منداڵیان، یا منداڵی تاقانە، یا کوڕێک لە ناوا چەند کچێکدا، یا کچێک لە ناو چەند کوڕێکدا، کە مامەڵەیەکی تایبەتییان لەگەڵدا دەکەن .. هیچ داوایەکیان بە ( نا )رەتناکەنەوە . ئەم جۆرە پەروەردە و رەفتارە هەڵەیە .. وا لەو منداڵان دەکەن کە لامێژبن و تەنها پشت بە دایک و باوکیان ببەستن .. ئەم دایک و باوکە دوورنەبین و بیرتەسکانە چاوپۆشی لە هەڵەکانی منداڵەکانیان دەکەن ..
لێیان ناپێچنەوە .. ( رۆژێک دادەیەک لە باخچەی ساوایان وتی : \" یەکێک لە کوڕەکانی باخچەکەمان فێرببوو رۆژانە لە کچێکی هاوتەمەنی خۆی دەدا .. ئێمەش ناردمان بە دوای دایکی کوڕەکەدا و، ئەم رەفتارەی کوڕەکەیمان پێوت .. دایکی کوڕە منداڵەکە.. وتی : \" جا با لێیبدات، ئەم کچە ئامۆزای خۆیەتی و، بەشی خۆیەتی، با لە ئێستاوە، بە سەریا زاڵبێت .. \" ) ئا ئەم جۆرە ئەقڵییەت و پەروەردە سەقەتەی چەشنی ئەم دایک و باوکە نابەڵەدانەیە ، کە منداڵەکانیان دووچاری لە خۆبایی و خۆبەزیاترزانین و خۆبەجیواززانین و حەزی زاڵبوون و نێرگزی دەکەن .. منداڵەکانیان لەسەر ئەم رەفتارە نادروستانە رادێن و، داوای ستایش و هەڵنان و نازپێدانی زیاتر و زیاتر و پشتگیری زیاتر دەکەن .. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوونی منداڵان بە نێرگزی .
زانای دەروونی ( لۆک هاید ) دەڵێ : \" کاردانەوەی ئەرێنی و زیادەڕۆیی، پێویستە پەیوەستبن بە رەفتاری باشی منداڵەوە .. لە جیاتی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ناهەستی و خۆتەنی هەڵبچنرێت \"
هەر لەم بارەیەوە زانای دەروونناس ( برۆمیلمان ) دەڵێ : \" دایکان و باوکان، کە پشت بە شێوازی زیادەڕۆیی لە پەروەردەی منداڵەکانیان دەبەستن، لەو باوەڕەدان کە منداڵەکانیان زۆر زیرەکن، بەڵام لە راستیدا لە منداڵانی تر زیرەکتر نین \"
پێویستە ستایش یەکسان بێت بەو کارە جوانانەی کە منداڵ ئەنجامی دەدات و، بە راستی کارەکەی شایەنی ئافەرین و دەستخۆشی بێت، زیادەڕۆیی لە ستایشکردنی نەکرێت و، کارە ئەنجامدراوەکەشی زیاتر لە قەوارەی خۆی گەورە نەکرێتەوە . کورد وتەنی : \" هەموو شتێ بە خوێ خوێش بە مانا \"
بە پێچەوانەشەوە، فشاری دەروونی و بێبەشکردنی منداڵ لە خۆشەویستی و سۆزداری و ئازادی و نازو رێز .. توند وتیژی و ئازاردانی جەستەیی منداڵان، ئەم منداڵانە توینیسۆز و خۆشەویستی و ئازادی دەبن ، ئەم رەفتارە نابەجێیانەش لە دەروون و هۆش و ژیانیانی منداڵاندا رەنگدەدەنەوە و، رقیان لە هەموو کەسێک دەبێتەوە و، دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و، رق و توڕەییان بەسەر دایک و باوک و کەسانی تردا ببارێنن .
٣ـ هۆکاری چاولێکردن : دەڵین : ( دایکان ئاوێنەیەی منداڵانن )دەوترێ : \" لە پشت هەر منداڵێکی لە خۆبایی و نێرگزییەوە .. دایکێکی نێرگزی هەیە .. \" .. بێگومانلەزۆر کار و هەڵس وکەوت و رەفتار و رەوشت و خوودا، منداڵان چاو لە دایک و باکیان دەکەن و زۆر شت لەوانەوە فێردەبن، بە تایبەتیش کچ چاو لە دایکی و، کوڕیش چاو لە باوکی دەکات .. بۆیەش وتراوە : ( دایک ببینەوە و، دۆتە بخوازە )، ( کوڕی باوکی خۆیەتی )، ( دایک و باوک گوناه دەکەن، فرزندە گیرودە دەبێ \"
منداڵان هەمیشە دایک و باوکیان بە نموونە و بە پێشەنگی خۆیانیان دەزانن .. دەشێ دایکێک یا باوکێک تووشی نێرگزی بووبێت .. یا دایک و باوکێکی سارد وسڕ و وشک .. ئەم دایکە یا باوکە نیرگزییانە، کاریگەرییان لەسەر منداڵەکانی بێت .. دەشێ منداڵەکەشیان لە ئەنجامی سەرسامبوون و چاولێکردن لە دایک یا باوکیان تووشی نێرگزی ببێت .. ئەگەرچیش رەمەکی (ویراسە : جینات ) هۆکارێکی لاوازە لە گواستنەوەی نیێرگزیدا .. بەڵام لێرەدا بە رێگای ( وەرگرتن و چاولێکەری ) یەوە منداڵ تووشی نێرگزی دەبێت .
٤ـ ( کێشەیەکی ناکاوی ) : دەشیش هۆکاری نێرگزی منداڵان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە پێشتر دووچارت خراپە یا ( کێشەیە ناکاوی) هاتووبێت، بۆ نموونە لە لایەن دایک و باوکیییەوە، یا خزمەکانییەوە، یا مامۆستاکانییەوە، یا هاوڕێکانییەوە، ئازار درابێت و نەتوانێت لە یادی بکات .. ئازاری دەروونی دەدات و .. بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکات .
٥ ـ جێگیرکردنی چەمکی ( لە هەڵە بەدەرن ) : ئەو دایک و باوکانەی، کە منداڵەکانیان بە جیواز و لە منداڵانی تر دەزانن و، لە هەموو شتێکدا بە یەکەمین و پێشەنگ و بە نموونەییان دەزانن و پێیان دەڵێن ( ئیوە لە هەڵە بەدەرن ) و ( ئێوە خەتابارنین ) .. ئەم هەڵانە، منداڵان تووشی لە خۆبایی و خۆپەرستی و لووتبەرزی و خۆ بە جیاوازانین دەکەن .. هەرگیز ئامادە نین دان بە هەڵە و بە شکستییەکانیان بنێن و .. گلەیی و لۆمە و رەخنە و ئامۆژگاریش لە کەس قبووڵ ناکەن و، نابێت کەسیش پێیان بڵێت : ( کل بە بەری چاوتانەوە هەیە ) ئەم شێوازە پەروەردەییەی منداڵان، سەقەتە و بەرەو خۆبەگەورەزانین و نێرگزی دەیانبات .
دەشێش دایک و باوکان بێ ئەزموون و نابەڵەدبن و، باگراوندێکی رۆشنبیریی ئەوتویان لەم بوارەدا نەبێت و .. هەستیش بەوە نەکەن کە زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان و نازپێدانی منداڵەکانیان، چ ئاکامێکی نێگەتیڤیان لێدەکەوێتەوە .. یا شتێکی ئەوتۆیان دەربارەی کەسێتی نێرگزی نەبیستبێت ..
پیویستە ئەوەش بڵێین، تەوای بەرپرسێتی تەنها لە ئەستۆی دایکان و باوکان دا نییە، لەم رووەوە تەنها لۆمەی ئەوان ناکرێت .. چونکە خۆپەرستی و نێرگزی لە خەسڵەتەکانی کەسێتی مرۆڤن و، لە ئەنجامی چەندین هۆکاری تێکەڵبوو بەیەکتری پێکدێن .. لەوانەش هۆکاری ژینگەیی و رەمەکی ، بەڵام دەشێ رەوشت و رەفتاری دایکان و باوکان ئەم خەسڵەتانە گەورەتربکەنەوە .. لە جیاتی ئەوەی کە پلەی ( رێزگرتنی خود ) لە لای منداڵ بەرزبکەنەوە .. ئەمان بەبێ مەبەسەت و بەبێ درکردن بەشداری لە بەرزکردنەوەی پلەی ( خۆپەرستی )ی منداڵەکانیان دەکەن .. بۆیە هەردەم پشکی شێری تووشبوونی منداڵان بە نێرگزی دەخرێتە ئەستۆی دایکان و باوکان .
گرنگترین توێژینەوەی پراکتیکی دەربارەی نێرگزی منداڵان :
گرنگترین توێژینەوە کە دەربارەی سەرچاوە و هۆکارەکانی نێرگزی منداڵان ئەنجامدراوە.. ئەو لێکۆڵێنەوە پراکتیکییەیە، کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری دەروونناسی ( ئیدی برۆمیلمان ) لە زانکۆی ( ئەمیستیردام )و زانکۆی (ئۆتریخت )ی هۆڵەنەدی، و توژێنەری دەرونناسی پرۆفیسۆر ( براد بۆشمان ) مامۆستای پەیوەندییەکان و زانیاری دەروونناسی لە زانکۆی(ئۆهایۆ)ی ئەمریکی ئەنجامییانئەنجام دران .. لێکۆڵینەوەکەش لە گۆڤاری ( بروسیدنگس ) ی سەر بە ئاکادیمییەی ئەمریکی بۆ بۆ زانیاری بڵاوکرایەوە .. پرسیارەکاندەربارەی سەرچاوە و هۆکارەکانی ( هەستی خۆبەزیاترزانین لە لایەن منداڵان ) بوو .. پرسیار ( ٥٦٥) منداڵی کوڕ و کچ کرا، کە تەمەنیان لە (٧) ەوە بۆ (١٢)ساڵان بوون .. هەروەهادەربارەی هەمان بابەت پرسیار ئاراستەی دایک و باوکی ئەو منداڵانە کران، لێکۆڵینەوەکەش لە کۆمەڵیک پرسیاری دیاریکراو پێکهاتبوو، پرسیارەکانیش دەربارەی چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردنی منداڵان بوون .. ئەو هۆکارانەش کە یارمەتی گەشەکردنی خەسڵەتی نێگزی لە منداڵاندا دەدەن وەکو ( چەند جیاوازتری لە منداڵانی تر ؟ ) .. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەر شەش مانگجارێک دەکرا و، بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژەی هەبوو .. لێکۆڵینەوەکە ئاماژەشی بەوە کردووە، کە منداڵانی ئەم قۆناغە دەتوانن خۆیان هەڵبسەنگێنن .
پرۆفیسۆر( براد بۆشمان )وتی : \" حەوت ساڵان، ئەو تەمەنەیە کە منداڵان توانای هەڵسەنگاندنی خۆیان و، ئەوشییان هەیە، کە خۆیان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد بکەن .. پێش ئەم تەمەنە منداڵ ناتوانێت لە نێوان خۆی و هاوڕێکانیدا جیاوازی بکات \"
پرۆفیسۆر ( ئیدی برۆمیلمان ) وتی :\" منداڵانی نێرگزی، هەست بەوە دەکەن، کە زیاتر جیاوازن، هەوڵی ئەوەش دەدەن کە جێی سەرسامی کەسانی تربن \" وتیشی : \" ئەو منداڵانەی کە سەرنج و سەرسامی و ستایش بەدەست ناهێنن، کە هەوڵیان بۆ دەدەن، یا رووبەڕووی رەتکردنەوە و لۆمە دەبن، بە زۆری مەیلی رەفتاری دوژمنایەتیان هەیە \"
بە وتەی توێژەران سەرەتای حەزی خۆبەگەورەزانین لە لای منداڵان، لە نزیک هەشت ساڵان دەست پێدەکات..لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەشیان بۆ دەرکەوت و ئاشکرایان کرد، کە ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان پێیان وتوون : : \" ئێوە لە کەسانی تر باشترن .. \" \" ئێوە لە ژیاندا، شایانی شتی زیاتر لە ئاساین \" ئەم منداڵانەی کە دایک و باوکیان زیادەڕۆییان لە هەڵنان و جیاوازیاندا کردبوون، دووچاری نێرگزی ببوون و، زۆریش هەستیاربوون بەرانبەر بە رەخنە، ئاستی بەشداریکردنی وێژدانییان نزمتر بوو، لە چاو منداڵانی ترەوە .
( برۆمیلمان) وتی : \" کەسوکاریان لەو باوەڕەدان کە ئەوە شتێکی باشە کەبە منداڵەکانیان دەڵێن ئێوە جیاوازن .. بەڵام لە راستیدا نێرگزیان لا گەورەتر دەکەنەوە \"، \" کاکڵەی ئەم لێکۆڵێنەوەش ئەوەیە کە وشەی راست و دروست بە منداڵەکانتان بڵێن \"
( برۆمیلمان ) وتیشی : \" کاتێک کە لەم بوارەدا دەستم بە توێژینەوە کرد، وام دەزانی کە پێویستە بە منداڵ بوترێ کە ئەو زۆر لە کەسانی تر جیـاوازە .. بەڵام هەستم کرد کە ئەمە هەڵەیە \"
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش ساغ بۆتەوە، کە ئەو منداڵانەی لە جیاتی زیادەڕۆیی لە هەڵنان و ستایش، باوکیان خۆشەویستی و سۆز و رێزیان بە منداڵەکانیان بەخشیون، ئاستی هەستکردنیان بە بایەخی خود بەرزتربوون .
توێژینەوەکە جەختی لەسەر ئەوەش کردووە، کە ( نێرگزی )، ( زیاد هەستکردن بە بەهای خود ) ناگرێتەوە .. ناشبێت ئەم دوو شتە تێکەڵ بە یەکتری بکرێن .
لێکۆڵینەوەکە بەوە کۆتایی هاتووە، کە هاندان باشترە لە زیادەڕۆیی لە هەڵنان و ستایش و گەورەکردن .. پێویستیشە رێز لە خودی منداڵان بگیرێ، دایکان و باوکان راستگۆبن و، زیادەڕۆیی لە ستایش و نازپێدانی منداڵەکانیان نەکەن، بۆ ئەوەی دووچاری نێرگزی نەبن .. چونکە کەسێتی نێرگزی زیان بە خۆی و، بە کەسانی تر و، بە کۆمەڵگاکەی و، بە نیشتمانەکەشی دەگەیەنێت .
چارەسەری نێرگزی:
کیشەکە لەوەدایە کە کەسێتی نێرگزی دان بەوەدا نانێت کە دووچاری نێرگیزی بووە .. لە راستیشدا، چارەسەری نێرگزی ئەوەیە، کە خۆی بناسێت و، لە خۆی رازی بێت، راستیی خۆی قبووڵبکات و، خۆی بە جیاواز نەزانێت، خاکی و کۆمەڵایەتی بێت، گەشبین بێت و رەشبین نەبێت، بە شێوەیەکی ئاسایش لە رەوتی ژیان بڕوانێ .. پەروەردەیەکی دروست و هاوسەنگ بکرێت و، دایک و باوک چاوپۆشی لە هەڵە و رەفتارە نابەجێیەکانی ناکەن، بە شیوەیەکی دانایی لەسەر کارە جوانەکانی ستایش بکرێت و، لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکانیشی سزا بدرێت .. لە لایەن خێزانەوە بە باشی چاودێری بکرێت و، رێنمایی و ئاراسەی راست و دروستی بکەن، دوور لە تووڕەیی و توندوتیژی .. ئەگینا هیچ دەرمانێکی تایبەتی نییە، کە بۆ چارەسەری نەخۆشی نێرگزی دروستکرابێت.
دایکان وباوکانی دڵسۆز و میهرەبان :
وەکو دەڵێن هەردەم ( خۆپـاراستن باشترە لە چارەسەرکـردن ) بۆ ئەوەی جگەرگۆشەکانتان، دووچاری نەخۆشی نێرگزی نەبن و، ناهۆزە نەبن و لە هاوڕێکانیان و کۆمەڵگاکەمان دانەبڕێن .. زانستییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن .. زیادەڕۆیی لە ستایش وهەڵنان و نازپێدانیان مەکەن .. لە خۆتەن ئافەرین و دەستخۆشیان لێ مەکەن .. پاداشتەکانیان بە پێی کار و رەفتارە باشەکانین بن ، پێیان مەڵێن :( ئێوە لە کەسانی تر جیاوازترن )، ( ئێوە نموونە و پێشەنگی هاوڕێکانتانن )، ( ئێوە زیرەکترین و ئازاترین کەسن )، ( ئێوە جوانترین و شیرینترین کەسن و بێوێنەن ) ، ( دەبێ ئێوە پێشکەون و منداڵانی تر دواتان بکەون )، ( دەبێت ئێوە یەکەمینی قوتابخانەکەتان بن و لە هەموو وانەکاندا بەزترین نومرە وەربگرن ) ،( ئێوە .. ێێوە .. هتد ) .. بە کۆمەڵایەتیان بکەن .. هانیان بدەن کە پەیوەندی هاوڕێتی لە گەڵ منداڵانی بگرن ، بە پێچەوانەشەوە .. ئازادییان لێمەگرن و چێژی خۆشی و شادی منداڵییان لێ تاڵ مەکەن، سەرکۆنەیان مەکەن و، خۆشەویستییان پێببەخشن و، رێز لە را و لە بۆچوونەکانیان بگرن .. مافەکانیان و پێداویستییەکانی گەشەکردنو پێشکەوتنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەن .. باشتر لە هەموو ئەوانە، خۆتان پێشەنگ و نموونەیەکی زۆر باشبن، لە هەموو رەفتار و هەڵسوکەوتەکانتاندا، چونکە منداڵەکانتان چاو لە ئێوە دەکەن و .. ئێوە ئاوێنەی ئەوانن و .. خۆیان لە ئێوەدا بەدیدەکەن .
نێرگزی دوولایەنیشە :
لێکۆڵینەوەیەک، کە لەلایەن زانکۆیەکی ئینگلتەراوە ئەنجامدراوە .. گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی ، بەشێک لە زیرەکەکان و سەرکەوتووە باڵا ئەکادیمییەکان، کەسێتی نێرگزین، لەو کەسانەن کە خۆیان خۆش دەوێت .. خۆخۆشەویستی خودیش لە لەیەن کەسەوە، بڕوا بەخۆبوونی بەهێزتر دەکات .
هەموو دەسەڵاتپەرستە دیکتاتۆرەکان نێرگزین :
ئەگەر بە ژیاننامە و کردەوە خوێناوییەکانی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرە فەرمانڕاواکاندا بچینەوە .. ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەموویان تووشی نەخۆشی نێرگزی بوونە .. کورسی پەرست و لە خۆبایی بوون .. لەوانەش : ( ستالین، هیتلەر، ئەتاتورک، بسمارک، سەدام حوسێن، موعەمەر قەزافی، زین ئەلعابدین، حوسنی موبارەک، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، بەشار ئەسەد، کیم جۆنگ ئۆن )
کتێبێکیش بە ناوی ( دەسەڵاتپەرستان ) لە نووسی نووسەری ئەمریکی خاتوو ( مۆریال میراک ڤایسباخ ) دەرچووە، نووسەر باس لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە دژی چوار لە سەرکردە ستەمکارەکانی عەرەب دەکات ئەوانەش ( حوسنی موبارەک، موعەمەر قەزافی ، زین ئەلعابدین عەلی ، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ) .. کتێبی ( دەسەڵاتپەرستان )شیکارێکی دەروونی بۆ ئەو چوار سەرکردەیە دەکات کە لابردنیان ئامانجی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی ساڵی ( ٢٠١١)بوون .
( مۆریال میراک ڤایسباخ ) لە میانەی شرۆڤەکاری دەروونی بۆ کەسێتی ئەو سەرکردە ناوبراوانە و زۆر دەسەڵاتپەرستیان، پرسیار گرنگ دەکات پرسیارەکەش ئەوەیە : ئایا تێکچوون و ناتەواوییەک لە کەسایەتییاندا هەیە .. کە بە هۆی بەرکەوتە ناکاوییەکانی منداڵێتییان تووشبوونە .. ؟ یان بە کارتێکردنی خێزانەکانیان و دەوروبەری کۆمەڵایەتییانەوە .. ؟ یان ئەمانە هەموویان لە بنەڕەتدا تەندروستن، بەڵام دەسەڵاتپەرستی تێکیدان و لەڕێ دەریکردن .. ؟ بۆ ئەوەی بە باشی لە باری سایکۆلۆژییانەوە تێبگەین .. پێویستە رەوانەی پزیشکی دەروونی بکرێن .. بۆ ئەوەی بە وردی و بابەتییانە کەسێتیان هەڵبسەنگێنرێن .
نووسەر ئاماژە بە ئەوەش دەکات، کە سەرۆک کۆماری لیبیا ( موعەمەر قەزافی ) زیاد لە پێویست کەسێتییەکی نێرگزی و هیستیریا و شێتی گەورەییبوو .. بە پلەی دووەمیش حوسینی موبارەک دێت .. نووسەر لەسەر بەرگی یەکەمی یەکەمی کتێبەکەیدا وێنەی ئەو چوار دیکتاتۆرە عەرەبەی داناوە،بەڕیزەوە ( موعەمەر قەزافی، حوسینی مبارەک ، زین ئەلعابدین ، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ) نووسەر بە درێژی باس لە هۆکارەکانی نێرگزی و دەسەڵاتپەرستی یەک بەیەکی ئەو چوار دیکتاتۆرە عەرەبە دەکات .. دەبوایە نووسەر لە سەرووی هەموویانەوە وێنەکەی گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێنی دابنایە و، باسی لە نێرگزی و دەسەڵاتپەرستی ئەم دیکتاتۆرەش بکردایە .. کە لە هەموویان زیاتر نێرگزی و دەسەكاتپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ بوو .. تەنانەت نزیکتری کەس و هاوڕێی خۆشی لە ناوبرد .. نێرگزی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵی، کە کۆمەڵێک هۆکاری خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی تووشی نێرگزی و لە خۆبایی و دوژمنکاری کردن .. ئەوە بوو تۆڵەی خۆی لە بێتاونان کردەوە .. بە تایبەتێ ژینۆسایدکردنی گەلی کوردمان و وێرانکردنی کوردستان .
خوێنەرانی بەڕێز .. نێرگزی باسێکی فراوان و فرە لایەنە .. ناتوانین لە کورتە باسێکی وادا بە تەسەلی باس لە هەموو لایەنەکانی بکەین .. گەر حەزبکەن دەتوانن شتی زۆرتر و زۆرتر دەبارەی کەسێتی نێرگزی و هۆکاری زیاتری تووشبوون بە نێرگزی بخوێننەوە .
ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.