نوێنەرانی پێڕەوی مەزهەبی سوننە لە مەجلیس، نامەیەكی ئیعترازییان بۆ عەلی خامنەیی نارد

12:58 - 28 بەفرانبار 2711
كوردپا: نوێنەرانی مەزهەبی سوننە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران نامەیەكی ئیعترازییان لە پێوەندی هەڵاواردنە مەزهەبی و ئیتنیكییەكان بۆ رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران نارد.

ماڵپەڕی پەیكی ئێران بڵاوی كردۆتەوە، لە سەرەتای نامەكەدا هاتووە، ئێوە بە بەردەوامەی باس لە برایەتیی و پێكەوە ژیان دەكەن و یەكیەتیی و یەكپارچەیی بۆتە دروشمتان، بەڵام ئەمە لە حاڵیك دایە كە كردەوەكان لە ئاست لێدوانەكاندا پێكناكۆكییەكی بەرچاویان پێكەوە هەیە.

لە درێژەی نامەكەدا نووسراوە، بەداخەوە هەتا ئێستاش مادەكانی 12، 15 و 19 كەلە یاسای بنەڕەتیی حكوومەتی ئێراندا هاتوون جێبەجێ‌ نەكراون.

ئەو نوێنەرانە لەو نامەكەیاندا باسیان لەوە كردووە، بەپێی بەندی 115‎ی یاسای بنەڕەتی هیچ هاووڵاتییەكی مەزهەبی سوننە ناتوانێت كاندیدی پۆستی سەركۆماری بێت و ئەمە بۆ خۆی هەڵاواردنێكی گەورەیە.

لە درێژەی نامەكەدا نووسراوە، زۆربەی شارە گەورەكانی ئێران لە بوونی مزگەوت و ناوەندی ئایینی مەزهەبی سوننە بێبەشن و هەتا ئێستا لێپرسراوانی پێوەندیدار هیچ هەنگاوێكیان لەو پێوەندییەدا هەڵنەهێناوەتەوە.