نوێ ڕۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆماندا

20:10 - 28 رەشەمه 2712
Unknown Author
ئاسۆ کرماشانی

لە کەس شاراوە نییە کە کورد هەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی هەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبووە هەتا دوو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی (ئاوردوویی). بەپێی هەموو ئەو ھۆکارانە، کە هەم سرووشتی و هەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن.

مامۆستا هێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن.

لە مێژووی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش هەیە بە ناوی جەژنی مێهرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە.

بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێهرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا هێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر ئەو ناوی جەژنی مێهرەگانە دواتر بووەتە مێهرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێهرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێهرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. \"مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن \"بێڵن دانا\"، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

بۆچوونەکەی مامۆستا هێمن زۆر لە ڕاستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان و ئەربابەکانیان نووسیوەتەوە. پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو دەنووسنەوە، دەبێ بەو شێوەیە بینووسنەوە کە دەسەڵات دەفەرموێ. کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای میدییەکان واتە ئاستیاگ پیشان بدەن، شتێکی سەیر نییە.

ئەگەر زۆر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی هاوچەرخی خۆمان بڕوانین و لێی وردبینەوە، دەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەوڵ دەدەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە.

دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو قامووسی بەعسییەکان، پێتانوایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە کە ئێمەش ئەگەر هاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە قەڵەم ودامودەزگای ڕاگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانیکەم دەرفەتی ئەوەمان هەبووە، لە هەندێ کەناڵەوە حەق بوون و ڕەوا بوونی داواکانمان بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن کە کوردی لێقەوماو خاوەنی هیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیمانەکەیدا چۆن دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە.

بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە. لانیکەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت کە هیچ کات لە ڕوومان هەڵ نەیەت، بە شانازییەوە باسی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان بکەین.

سەرچاوەکان:

زانستپەروەرانی کورد
ماڵپەڕی نیشتمان
ماڵپەڕی پیرەهەڵۆ