ناڕوونیی چارەنووسی ٦ هاووڵاتیی مەریوانی پاش ٣ مانگ لە دەستبەسەر کران

14:25 - 30 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵكی مەریوان پاش زیاتر لە ٣ مانگ لە دەستبەسەر کران، هیچ هەواڵێک لە بەردەست دا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ساڵی رابردوو \"فاڕووق رەحیم زادە\" کوڕی عارف خەڵکی گوندی \"دەرەوەران\" ، \"خەلیل شێرزادی\" کوڕی عوسمان و خەلکی گوندی \"کێکن\"، \"عەبدوڵڵا گوڵشەن\" کوڕی محەممەد ئەمین و خەڵکی گوندی \"قوڵ قوڵە\" و \"هێمن\" خەڵکی کانی دینار کە سەرجەمیان دانیشتووی شاری مەریوان بوون لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردانەیان بە دەست تێدا بوون لە کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" تاوانبار کردووەو دواتریش دەستیان بەسەر ماشێنی فاڕووق رەحیم‌زادە و خەلیل شێرزادی\"دا گرتووە.

دەگوترێت هێزە ئیتلاعاتییەکان ژن و پیاوێکی دیکەی خەڵکی شاری \"مەریوان\"یان بەو تۆمەتەوە دەستبەسەر کردووە، کە هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو ٢ کەسە نەزانراوە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەشەمە، کەسێک بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" ناسراو بە \"بلە قەرەچی\" کوڕی عەلی دەروێش حوسێن و خەڵکی گوندی \"بەڕوەر\" سەربە بەخشی \"کەڵاتەرزان\"ی شاری سنە بە تەقەی کەس یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، بلە قەرەچی یەکێک لە ئەندامانی بە پێشینەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵای لە قەڵاچۆی خەڵکی ناوچەکەدا بووە.

لەلایەکی دیکەوە لە چارەنووسی دوو هاووڵاتیی مەریوانی بە ناوەکانی \"عەلائەدین جەمشیدی\" و \"هەژار مورادی\" کە زیاتر لە بیست رۆژ پێش ئێستا لە نزیک گوندی \"بێساران\"ی سەربە ناوچەی مەریوان بەهۆیەکی ناڕوون لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، هیچ هەواڵیک لەبەر دەستدا نییە.