نامەی منداڵانی كوردستان بۆ منداڵانی ئێران

15:32 - 24 سەرماوەز 2712
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل نژاد

منداڵەكان سڵاو، من خەڵكی كوردستانم و ناوم رۆژینە.
دەمەوێ‌ لەبارەی كوردستانەوە نامەیەكتان بۆ بنووسم.
ئەرێ‌ بەڕاست ئێوە لەبارەی كوردستانەوە شتێكت دەزانن؟ لەوانەیە ئێوە بۆ دیتنی كێوە جوان و گەردن كەشەكانی هاتبێتنە ئێرە، یان بۆ سەیرانی تاقوەسان، ئیدی نازانم لەوانەشە بۆ دیتنی گۆلی ورمێ‌، ئەوەی كە بەرە بەرە ویشك بوو.
منداڵینە! ئێوە \"پلیستیشن\"ی یارییەكەتان لە كوێ‌ كڕیوە، چونكە من پێم وابوو لەوانەیە لە بازارەكانی ئێرە كڕیبێتتان.

سەرەتا بڕیارم دا باسی پلیستیشنە جوانەكانی ئێرەتان بۆ بكەم، یان لەبارەی كێوە جوانەكانی كوردستانەوە بۆتان بنووسم، دەمەویست بڵێم ئەم كێوانە ئەوەندەش جوان نین، چونكە ئەو كیۆانە پڕن لە مین، من زۆر لە مین دەترسم، چونكە دەست و لاقی منداڵەكان لەگەڵ خۆیان دەبەن. باوكم دەیگوت دەست و لاقی منداڵەكان لەلای خوایە لە ئاسمان.

بەڵام دوای ئەوەی كە سەیران رۆیشتە ئاسمان، من بڕیارم دا لەبارەی سەیرانەوە بۆتان بنووسم.

باوكم دەیوت سەیران رۆیشتۆتە ئاسمان، چونكە سەیران چەند رۆژ لەمەوپێش لە ئاگردا سووتا. بریا سەیران هەر نەڕۆیشتا بۆ قوتابخانە.
ئیدی سەیران و هاوپۆلەكانی نەدەسووتان. نازانم كە ئاخۆ سەیران لە ئاسمانیش دەڕواتە قوتابخانە؟
من بە باوكم گوت: ئەرێ‌ سەیران لە ئاسمان دەڕواتە قوتابخانە؟

ئەو دەیگوت: ئەوێ‌ پڕە لە قوتابخانە.
من بە بابم گوت لە ئاسمان كێ‌ دەبێتە مامۆستای سەیران؟! بابم گوتی: لەوانەیە فەرزاد لە ئاسمان ببێتە مامۆستای سەیران.

كاك فەرزاد هاوەڵ و هاوڕێی بابم بوو، ئەو رۆیشت بۆ ئاسمان. یانی مرۆڤ خراپەكان رۆژێكیان لەگەڵ خۆیان بردیان، بابم دەیگوت فەرزاد چۆتە ئاسمان، منداڵینە بابم دوێنێ‌ لێم تووڕە بوو، چونكە من بەدزییەوە رۆیشتبوومە پەنای تێلدڕوەكان، لەوێ‌ بە تەما بووم فیشەكەكان كۆ بكەمەوە و بابم شەڕی لەگەڵ كردم. ئەو دەیگوت دەتەوێ‌ وەكوو مامە رزگارت بكوژرێی؟ مامم لەلای تێلدڕوەكان خەریكی كار بوو، رۆژێكیان كە هاوڕێكانی هێنایانەوە ماڵێ‌، سەرپای جەستەی خوێناوی بوو، ئەویش رۆیشتبووە ئاسمان.

نازانم بۆ ئەم هەموو خەڵكە چوونە سەر ئاسمان؟ بریا لەلامان دەمانەوە.
منداڵینە من زۆر لە قوتابخانە دەترسم، بە خودا تەمبەڵ نیم، ئەزانن چیە، بابیشم لە ماڵ وانەم فێر دەكات، باوكم زمانی كوردیم پێ‌ دەڵێ‌، دایكم هەموو كات دەڵێ‌ لەلای كەس باس نەكەی كە بابت وانەی كوردیت پێ‌ دەڵێ‌، چونكە ئەگەر بێت و مرۆڤە خراپەكان بزانن باوكم لەگەڵ خۆیان دەبەن، من نازانم بۆ كوێ‌، لەوانەیە بۆ ئاسمان بێت، من نامەوێ‌ باوكم بڕواتە ئاسمان، چونكە ئیدی ناگەڕێتەوە لامان.
منداڵینە هۆی ترسی من لە قوتابخانە لەبەر سۆبەكانی قوتابخانەیە، من پێم خۆش نیە وەكوو سەیران و هاوپۆلەكانی بسووزم.

بریا دایكم منداڵ با و لەگەڵم هاتبا بۆ قوتابخانە، ئیدی نیگەران نەدەبووم كە قوتابخانە ئاگر بگرێت و من بسووزم. چونكە دایكم زۆر زیرەكە و ئەوكات ئیدی خێرا پێكەوە هەڵدەهاتین.

بریا بەیانی هەمو قوتابخانەكان داخرابان، هەتا ئیتر كەسێك لە ئاگردا نەسووتێ‌.
لە كۆتاییدا منداڵەكان بە خواتان دەسپێرم، بەڵام سەردانی كوردستان بكەن، ئێرە زۆر جوانە.