نامەی 60 زیندانیی سیاسی بۆ پشتیوانی لە كەبوودوەند لەلایەن لێپرسراوی زیندانەوە زەوت كرا

22:20 - 12 پووشپەڕ 2712
كوردپا: بێهنام ئیبراهیم زادە هاوبەندییەكی ئاغای كەبوودوەند لە سی و شەشەمین رۆژی مانگرتنی ئەو چالاكەی مافی مرۆڤدا و بۆ پشتیوانی كردنی مانی لە خواردن گرت.

ئەمڕۆ دەبیرخانەی رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان هەر لەم پێوەندییەدا راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە نوسخەیەكیشی بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە.

دەقی ئەو راگەیەندراوەدا لێرەدا وەك خۆی بڵاو دەكەینەوە:
ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 12ی پووشپەڕ محەممەدسدیق كەبوودوەند بەرپرسی رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان بە بنەماڵەكەی راگەیاند كە هەتا ئێستا لێپرسراوانی دەزگای قەزایی و زیندانی ئێوین هیچ وەڵامێكیان بە داخوازییەكانی نەداوەتەوە و ئەویش لە مانگرتن بەردەوامە.

محەممەدسدیق كەبوودوەند لە هەموو گرووپەكانی مافی مرۆڤ، سیاسی و مەدەنی و هەموو ئەو كەسانەی كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ پشتیوانی لەو هەوڵیان داوە سپاسی كردووە و رایگەیاند كە هەتا ئەوكاتەی كە توانایی هەبێت درێژە بە مانگرتنكەی دەدات.

لەلایەكی دیكەشەوە نامەی 60 زیندانیی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ وێنە كەسانێكی وەك: رەئیس دانا و سەیفزادە كە تێیدا بە نیسبەت بارودۆخی جەستەیی محەمەدسدیق كەبوودوەند هۆشدارییان بە لێپرسراوانی قەزایی داوە و داوای بەدواداچوونیان كردبوو، لە كاتی هێنانە دەرەوەی لە زیندان ئاشكرا بووە و لەلایەن بەرپرسی زیندانەوە زەوت كراوە.

پێویست بە ئاماژەیە كە بێهنام ئیبراهیم زادە یەكێك لە هاوبەندییەكانی ئاغای كەبوودوەند لە رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەوە لەراستای پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ ئاغای كەبوودوەند مانی لە خواردن گرتووە. بێهنام ئیبراهیم زادە چالاكی كرێكاری و ئەندامی \"كۆمیتەی بەدواداچوونی پێكهێنانی رێكخراوە كرێكارییەكان\" و چالاكی مافی منداڵان و ئەندامی \"كۆمەڵەی بەرگری لە منداڵانی كار و شەقام\" رێكەوتی 22ی جۆزەردانی ساڵی 1389 دەستبەسەر و بە 5 ساڵ زیندان مەحكووم كراوە.