مەسعود و خوسرەو کوردپوور بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزراون

03:30 - 8 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، ٢ رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزراون.

کەماڵ و حوسێنی رۆژنامەنووس و هاوکاری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلیوە لە کاتی سەردان بۆ دادگای شاری مەهاباد، دادستان \"حەیدەری\" پێی راگەیاندین، کە ئەو ٢ برایە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ناوەندە ئەمنیەکانی شاری ورمێ راگوێزراون.

حوسێنی ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام لەمەڕ چارەنووسی ئەو ٢ برا رۆژنامەنوووسە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ئینقلابی مەهابادەوە پێ رانەگەیندراوە.

خوسرەو کوردپوور رێکەوتی ١٧‌ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە نێو ماڵەکەی خوێدا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

هەروەها رۆژی دواتریش مەسعوود کوردپوور بە مەبەستی بەدواداچوون دۆسیەی براکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە شاری مەهاباد کردبوو، کە ئەویش لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە کاتێکدا پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بە مەبەستی چاوپێکەوتنی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادی کردبوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە وەکالەت‌نامەکەی لێ ئەستێندرابوو.