مێژوویەك لەڤیدیۆی رەش

13:48 - 6 خاکەلێوه 2715
Unknown Author
قادر عەلیخا

ئەگەر ئاوڕێكی هەروا سەر پێی و خێرا لە مێژووی مرۆڤایەتی بدەیتەوە، دەبینین هەر سەردەم و شێوە ژیان و چاخێك، بۆ داهاتووی خۆی، مێژوویەكی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە. مرۆڤەكانی ئەو سەردەمانە، بەو دەسكرد و كارە هونەریانەی كردوویانە، بۆ داهاتووەكان خۆیان پێناسە كردووە و دوای هەزاران ساڵ، ئێستا توێژەر و لێكۆڵەرەكان، بە شێوەی هونەری و شێوازی شارستانییەتەكەیاندا، دەیانناسنەوە و ئەگەر دوای ئەو چەند هەزار ساڵە بەردەنووسێك، پەیكەرەیەك، خشڵێك، پارچە ئاڵتوونێك، لە ژێر گڵ دەهێندرێتە دەرێ. ئەوە هەر زوو شوێنەوار ناسەكان، پێناسەیەك دەكەنە ملیان و چاخی ساز كردن و نووسینیەكەی دەست نیشان دەكەن.

ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەو پارچە هونەریانە، پێناسەیەك بن بۆ سەردەمە جیاوازەكانی مێژووی مرۆڤایەتی و كاری ئەو هونەرمەندە مێژووییانە، زیاتر لە سەنگی خۆیان بایەخیان هەبێ و وەك شوێنەوارە، كەونار و ناوازە و دەگمەنەكان، لە مۆزەخانە گرنگەكانی جیهاندا، پارێزگاریان لێ بكرێ و لە لایەن كارناسە بە ئەزموونەكانەوە، ئاگاداریان لێ دەكرێ.

ئەوانە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بوونەتە میرات و ساڵانە بە دەیان میلیۆن كەس، تەنیا بۆ چاولێكردنیان دەیان، میلیۆن دۆلار خەرج دەكەن. هەر لەم وڵاتەی خۆماندا (كوردستان) بە هەزاران شوێنەواری گرینگ و سەدان قەڵا و كۆشكی بە بایەخ هەیە، كە بۆ ئێمە جێی شانازین و خۆمانیان پێ، پێناسە دەكەین و وەك بەڵگەیەك بۆ كەونارا بوون و لە مێژینە بوونی خۆمان و زمانەكەمان و گەلەكەمان، ناویان دنێین و بە شانازییەوە، باسیان دەكەین. قەڵای كەرەفتوو، زێویە، تەختی سولەیمان، ئیزەرتوو، قەڵای ساری قۆرخان، كێلەشین، تاق وەسان، حەسەكە، ئەشكەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر و سەدان شوێنی گرینگی دیكە، بۆ ئێمە جێی شانازین و هێمان بۆ شارسایەتی لە مێژ‌ینەیی ئێمە.

لە دونیاشدا، ئەگەر فیرعەونەكان، وەك كەسگەلێكی زاڵم و خوێن ڕێژ ناسرابێتن، كە خوو خدەی زۆربەی حاكمانی وڵاتانی ئێمە، هەر وابووە و ئێستاش پاش هەزاران ساڵ هەر وایە و ئەگەر گۆڕانێكیش هەبێ، زۆر كەمە. ئەوە ئەهرامی سەلاسەی میسریان لە پاش بەجێماوە و بۆ مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە، وەك دەسكەوت و سامانێكی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی، چاویان لێ دەكرێ و ئێستاش چاوی گەشتیارە جیهانییەكان دەلاوێنێتەوە و خوانی میسریەكان چەورتر و ڕەنگین تر دەكەن. كە دیارە نموونەی ئەمانە لە جیهاندا زۆرن و باسكردنیان لێرەدا زۆر پێویست نییە.

مێژووی زانستی و فەلسەفی یوونان و شاری ئاتێن، ئەو هەموو بیرە ڕوون و ڕیگا ڕاستەی بۆ مرۆڤەكانی ئەوسا و ئێستاش لێ خوڵقاوە. كەسانێكی وەك سوقرات و ئەفلاتوون و ئەرەستووی پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووە. ئەگەر ئەوانە بۆ خەڵكی یوونان جێی شانازین، ئەوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، چرای ڕێگان و جوانیان بە ژیان و تێڕوانین و بیر كردنەوەی مرۆڤەكان بەخشیوە. ئەم دەسكەوتانەی مێژووی مرۆڤایەتی، سامانی هەموو مرۆڤەكانن و ئیتر نە سوقرات و ئەفلاتوون و ئەرەستوو سامانی یوونانییەكانن و نە ئەهرامی سەلاسە و تەختی سولەیمان و ئەشكەوتی كەرەفتوو.

پرسپۆلیس و تاجمحەل، سامانی ئەو نەتەوانەن كە لە ئەو وڵاتانەدا دەژین. ئەگەر ئەوانە جێی شانازی و هێمای جوانین، ئەوە هەموو مرۆڤەكان خاوەندارەتیان لێدەكەن و ئەگەر زانست و ڕاستین، ئەو هەموو مرۆڤەكان بەهرەیان لێ وەردەگرن. دیارە دەبێ ئەو سامانانەش، لە لایەن هەموو كەسێكەوە پارێزگاریان لێ بكرێ و هەموومان بە یەكەوە، بیان پارێزین و بەر بە فەوتان و لەناوچوونیان بگرین. ئەگەر یەكێك لەوانە لە نێو بچێ، ئەوە مێژوویەك لە نێو دەچێ و شوێنەواری شارستانییەتێك دەسڕدرێتەوە. پەرەگرتن و سازبوونی ئەو شارستانیانەش بۆ مرۆڤەكان تێچوویەكی زۆریان تێچوە و هەروا بە ئاسانی نەبوونەتە سامان و داب و نەریت و كلتوور.

لە سەدساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا، بە هۆی ئەو زانست و تكنۆلۆژیایەی كە بەرهەمی بیری ڕوون و ماندووبوونی مرۆڤە دڵسۆز و زاناكانن، ژیان گۆڕانگارییەكی زۆری بە خۆیەوە دیوە و ئەم زانستانەش، جیهانیان كردۆتە گوندێكی بچكۆلە و ڕێگا دوورەكان، كورت كراونەتەوە و شوێنە بەرزەكان نزم كراونەتەوە و شتە مەحاڵەكان بوونەتە كارگەلی ئاسان و ساكار. هەر وەك هەموو دەبینین و ئاگاردارین. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، شێوە تێڕوانین و بیر كردنەوەیەك لە ژیان سەری هەڵداوە، بێجگە لە خۆی هیچ شتێك نابینێ و نابیسێ و پێی وایە، ئەوەی ئەو دەیڵێ و باوەڕی پێیەتی، ئەو باشترین و بەكەڵكترین ڕێگایە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی و شەلم، كوێرم، ناپارێزم كەوتۆتە گیانی جوانی و شیرینی و پێكەنین و خوێنی مرۆڤەكان بۆ خۆیان و لە پێناو ئایدۆلۆژییەكەیان بە ڕەوا دەزانێ و ڕۆحیان دەشڵەقێنێ و هەموو شتێك دەسرێتەوە و زمانی دیالۆگ و دانیشتن نازانێ و بەر لەوەی دەمی ئاخافتنی هەڵپچڕێت چەكەكەی دەستی دێتە گۆ. لەگەڵ كێلان و چاندن دا نامۆیە و وەك كۆمپایی، تەنیا دوورینەوە و هەڵ لووشین دەزانێ.

ئەوەی بۆتە پێناسەی ئەمانە، زمانی خوێن و وێرانی و لەنێو بردنە و بە شانازییەوە پێ لە خوێن وەردەدەن و دەستە سوورەكانیان هەڵدێنن و بە سەرە بڕاوەكان بازەڵێن دەكەن و لە بەر چاوی كامێراكاندا، سەرەكان لە لەشەكانیان جیا دەكەنەوە و لە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەنەوە و بە شانازییەوە، پێ نیشانی مرۆڤەكانی دەدەن. لەم مرۆڤانە و كەلتوورەكەیان چاوەڕوانی ئەوە ناكرێ شارستانییەتێك بونیاد بنێن و پەیكەرەی جوان و كۆشكی ڕازاوە و كاری هونەری بە نرخ پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەن و بۆ داهاتوان، بیكەنە دیاری و خۆیانی پێ پێناسە بكەن. ئەوانە نە وەك مادەكانن و نە وەك پارسەكانن و نە وەك ئیلامییەكان و بابلیێكانن، هەتا بە دەیان پەیكەرە و كۆشك و سەدان خشڵ و زیوەری دەستكردی جوان و ناوازە لە پاش خۆیان بە جێ بێڵن. بەڵكوو خەریكن ئەو جوانی و خشڵ و پەیكەرە هونەریانەی لە بیرە ڕوون و كەونارەكانەوە وەك یادگارێك بۆ مان بە جێماوە، دەسڕنەوە و لە نێو دەبەن.

وێرانكردنی مۆزەخانەی مووسڵ و تەقاندنەوەی پەیكەرە هونەرییەكانی بوودا، لەو كارانەن، كە زیانەكانیان هەتا هەتایە بۆ مرۆڤایەتی قەرەبوو ناكرێتەوە. ئەوانە ئێستا بە هۆی ئەو كارانەی لە بەر چاوی كامێراكان دەیكەن و بە شانازییەوە، لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بڵاویان دەكەنەوە و لە لای خۆشیان، لەئەرشیڤی شانازییەكاندا هەڵیاندەگرن و وەك بەڵگەی كارە پیرۆزەكانیان پارێزگاریان لێدەكەن. خەریكن مێژوویەك لە ڤیدیۆی ڕەش تۆمار دەكەن. میراتی ئەوانە بۆ مرۆڤایەتی نە جوانی تێدایە و نە ئاوەدانی لێ دەكەوێتەوە و نە زانستێكی وا پێشكەش مرۆڤ دەكەن. كە مایەی حەسانەوە و ئارامی بێ. بەڵكوو ئەوەی ئەوانە، بەو هەڕەشە و گوڕەشە و سەر بڕین و تۆقاندن و وێرانكاریانەی لەدوای خۆیان بە جێی دێڵن، مێژوویەكە لە ڤیدیۆی ڕەش كە مرۆڤەكانی داهاتوو بە جێگای چێژلێوەرگرتنیان، دەبێ بە سەریاندا بڕشێنەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.