مێژووی ئەدەبی منداڵان ــ بەشی سێیەم

17:18 - 27 گەلاوێژ 2713
Unknown Author
رەزا شوان

لەم بەشەدا ، بە کورتی باس لەمێژووی ئەدەبی منداڵان لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و لە عێراقدا دەکەین .. بە کورتیش باس لە چەند نووسەرێکی ئەم بوارە، لەو وڵاتانەدا دەکەین، کە شوێن پەنجەیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵانی عەرەبدا دیارە.

نزیکەی هەزار و چوار سەد و پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، نیوچە دوورگەی عەرەبی نیشتیمانی رەسەنی عەرەبەکان بوو .. خێڵ و هۆزایەتی و پیاوسالاری و ئینتیما بۆ هۆز بۆ شیخ باڵی بەسەر کۆمەڵگای عەرەبیدا کێشابوو .. لەسەر لەوەڕ و پووش و پەڵاش و ئاو و فراوانکردنی سنوور و دەسەڵاتی خێڵایەتی ، لە شەڕ و کوشتنی بەردەوامی یەکتریدا بوون .. منداڵەکانیشیان بە شمشێربازی و حوشترسواری و بە گوێدێری و دڵسۆزی بۆ شێخ و بۆ هۆز و لانەدان لە داب و نەریتی هۆزایەتی رایانیاندەهێنا ن و .. بە گیان و بە رووحیەتی چاونەترسی و شەڕخوازی و کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و داگیرکردن و تاڵانی ، گۆش و پەروەردەیانیان دەکردن ..بوونی منداڵی کچیشیان بە شوورەیی و بە شەرمەزاری دەزانی و ، هەر بە زیندووی زیندەبەچاڵیانیان دەکردن .. ئەم تاوانە قێزەوەنەش تەنها لە نیو عەرەبدا هەبوو ، لە نێو هیچ نەتەوەیەکی تری جیهاندا رووی نەداوە.

بە هاتنی ئایینی ئیسلامیش، عەرەبەکان لەژێر ناوی ( جهاد ) و ( غنائم الحرب ) دا. واتە حەڵاڵ کردنی ( دەستکەوتەکانی جەنگ ) .. لە دوورگەی عەرەبییەوە، بە نیازی داگیرکردن و تاڵانی و کوشتنی خەڵکی، بەرەو چەند وڵاتێک ملیان نا و دەستیان لە هیچ کەسێک نەدەپاراست. کورد و کوردستانی ئێمەش، لەوساوە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ،زیاتر لە هەر وڵات و نەتەوەیەکی تر، بە دەستی عەرەب و ئیسلامەوە تاوانمان لێکراوە .. بە هەزاران خەڵکی سڤیلی کوردیان کوشت و سەروەت و ماڵی کوردیان بە تاڵانی برد و بە حەڵاڵیان دانان، کوردستانیشیان کاول کرد. بەڵگە و ئاسەوارەکانی ئەم ستەم و ناهەقیانەش کاڵ نەبوونەتەوە و هێشتاش دەستیان لەم تاوان و ناهەقیانە دەرهەق بە ئێمەی کوردی ئازادیخواز هەڵنەگرتووە و درێژەی پێ دەدەن.

هەر نەوەی ئەو رەچەڵەکەن ، نەوەی هەڵگرانی ( ذات رسالة خالدة)ن لەعێراقدا، لەژێر هێرشەکانی ( ئەنفال ) ی بەدناودا .. پەلاماری باشووری کوردستانیان داو .. ئەوەی نەکراوە و نەشیاوە ، بە ئێمەی کوردی ئازادیخوازیان کرد .. تا ناقڕگەیان بە خوێنی کورد سوورە .. بە درۆش بانگەشەی ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری و برایەتی دەکەن .. ئەمڕۆش لە رۆژئاوای کوردستاندا ، جاشە ئیسلامییەکانی بەرەی نوسرە و ئیسلامییە ناپاک و بەکرێگیراوەکانی عێراق و وڵاتی شام و، عەرەبە شۆڤێنییەکان ، ژینۆسایدکرنی کوردیان رەواکردووە ، داگیرکرنی ماڵ و سەروەت و سامان و ئافرەتی کوردیان حەڵاڵ کردووە .. مێزەر لەسەرەکانیان فتوای کورد کوشتن دەدەن و بەبێ شەرمانە هاواردەکەن : ئەوەی کورد بکوژێ و نامووسی کورد بەرێ ، دەچێتە بەهەشتەوە .. دەبینیین بە بەرچاوی وڵاتانی ئیسلام و جیهانەوە ، ئەم دڕندانە لەژێر ئاڵای ( اللە أکبر ) دا ، بە ئەوپەڕی دڕندایەتی و بێ رەوشتییەوە ، پەلاماری منداڵ و ئافرەتی کورد دەدەن .. سەریان دەبڕن و ، بە زیندووی دەیان سووتێنن .. ئەمەیە راستیی پەیامە پیرۆزەکەیان ..! ئەمەیە بڕوا وئامانج و ناخی دڵی کرمێ و بۆگەنیان ..!ئەم تاوانە قێزەوەنانەشنامۆ و تازەنین و ، بەشێکن لە رەشت و لە داب و نەریت و ، لە مێژووی رەشی پڕ لە تاوانی بۆ بەجێماویان .. کورد وتەنیش:

\" خوویەکە گرتوویانە بە شیری ، تەرکی ناکەن بە پیری .. \" .. تا زیاتر چوکڵ لە رابردوو و لە ئەمڕۆشیان وەربدەین .. زیاتر پیسی و بۆنی بۆگەنیان دەردەچێت.

دێمە سەر باسی بابەتەکەمان ، مێژووی ئەدەبی منداڵانی عەرەب .. بە پێی تۆژینەویەک کە دەربارەی ئەدەبی منداڵانی عەرەب کراوە .. ئەوەی ئاشکرا کردووە ، کە ژمارەی نووسەرانی پسپۆری ئەدەبی منداڵانی عەرەب ، لە ( ١٦٦) نووسەر تێناپەڕێ .. ئەم ژمارەیەش بەرانبەر بە ( بیست و دوو ملیۆن منداڵی عەرەب)ـە.

میسر:

لە کۆن و لە ئێستاشدا، وڵاتی میسر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، پێشەنگی وڵاتانی عەرەبە .. لە ( بەشی یەکەم) دا ، بۆ نموونە ئاماژەمان بە سێ چیرۆکی ئەفسانەیی سەردەمی فەرعەونەکان کرد .. لەم باسەدا بۆ قۆناغێکی نوێی میسر دەگەڕێینەوە.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ( محەمەد عەلی پاشا:١٧٦٩ـ١٨٦٩) ز ، کە بە : ( عەزیزی میسر ) و بە ( دامەزرێنەری میسری نوێ ) ناودەبرێت .. شایانی باسیشە محەمەد عەلی پاشا کوردە و خەڵکی شاری ئامەد ( دیاربەکر ) ە . محەمەد عەلی پاشا لە ساڵی ( ١٨٠٥) ەوە تا ( ١٨٤٨) ز ، فەرمانڕەوای میسر بوو .. سەردەمەکەی بە سەردەمی زێڕینی میسر ناودەبرێت .. میسر لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوت.

لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، چەند نووسەرێکی باش و بە توانای میسری هەڵکەوتن و کۆمەڵێک چیرۆک و شیعریان بۆ منداڵان نووسی، چەند چیرۆکێکیشیان لە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییەوە، گۆڕیانە سەر زمانی عەرەبی بێگومان ئەدەبی منداڵانی فەرەنسی و ئینگلیزی، کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر ئەم نووسەرانە هەبوو، ناسراوترین نووسەرەکانیش: روفاعە تەهتاوی، محەمەد عوسمان جەلال، محەمەدسەعید عوریان، محەمەد هەڕاوی، محمەد عەتیە ئەبراشی، عەلی فکری، ئەحمەد شەوقی، کامیل گەیلانی ، عەبدولتەواب یوسف ، ... چەند نووسەرێکی ناسراوی تر.

( روفاعە تەهتاوی: ١٨٠١ ـ ١٨٧٣) زمانی فەرەنسیی بە باشی دەزانی ، یەکەمین نووسەری میسری بوو ، کە بابەتی منداڵانی لە زمانی فەرەنسییەوە گۆڕی بۆ سەر زمانی عەرەبی. کۆمەڵێک لە چیرۆکەکانی ( لافۆنتین ) ی گۆڕی بۆ عەرەبی.

( ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) ز لە شاری ( قاهیرە)ی پایتەختی میسر لەدایک بووە .. شەوقی کە بە ( شای شاعیران ) ناوبراوە .. بە رەچەڵەک کوردە .. باوکی خەڵکی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستاندا بوو ، دایکیشی تورک بوو .. ئەحمەد شەوقی بە دەمی خۆی کوردێتی خۆی دەسەلمێنێ و دەڵێ : \" سمعت بأذني من أبي وهو قائل :من الکورد أصلي .. جئت في العرب ناشئا ) بە کوردییەکەی : \" بە گوێی خۆم گوێم لە باوکم بوو کە وتی : رەسەنم کوردە و ، هاتم و لە ناو عەرەبدا گەورەبووم\".

ئەحمەد شەوقی ، دوای تەواکردنی قوتابخانەی ئامادەیی لە میسر .. بۆ خوێندنی باڵا لەسەر ئەرکی ( تۆفیق خدیوی ) پاشا ، دەنیررێت بۆ پاریس ی پایتەختی فەرەنسا .. بڕوانامەی لە یاسا و ، لە زمانی فەرەنسیدا وەردەگرێت .. هەر لەوێشدا دەست بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی فەرەنسی دەکات .. بە تایبەتیش هۆگری چیرۆکەکانی ( لافۆنتین) بۆ منداڵان دەبێت .. ئەم چیرۆکانە کاریگەریان لەسەر شەوقی هەبوو .. هەر لەسەر بیر و شێوازی چیرۆکەکانی لافۆنتین ، ئەحمەد شەوقی ، کۆمەڵێک چیرۆکەشیعر و سروود و گۆرانی بە زمانی عەرەبی بۆ منداڵاننووسیوە .. ئەو چیرۆکەشیعر و گۆرانییانەی شەوقی تا ئەمڕۆش بایەخیان کاڵ نەبوونەتەوە و ، منداڵان تام و چێـژیان لێوەردەگرن\".

هەر لەو کاتەشەوە ( ئەحمەد شەوقی بە پێشەنگی ئەدەبی منداڵانی عەرەب ) ناوبراوە . ئەحمەد شەوقی، چیرۆکە شیعرەکانی بۆ منداڵان بە زمانی ئاژەڵ و باڵندەوە نووسیون ، لە هەندێکیشیاندا رۆڵی مرۆڤیشیان تێدایە... ئەگەرچی فۆرمی چیرۆکەکانی لە شێوەی نوکتە و پێکەنیندان .. بەڵام لە ناوەڕۆک مەبەستدا رەخنە و تانە و توانج و پەلارن.

ئەحمەد شەوقی، لە دیوانەکەیدا، بەشێکی تایبەتیی بۆ منداڵان تەرخان کردووە ، بە ناوی ( دیوانی منداڵان ) کە زیاتر لە ( ٥٥) چیرۆکەشیعر و (٢٠) سروود و گۆرانیی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە .. ئەمانە ناوی هەندێ لە چیرۆکەشیعر و هۆنراوەکانی شەوقین بۆ منداڵان: ( رێوی و کەڵەشێر، راوکەر و چۆلەکە، عەلەشیش، مریشکی خۆماڵی، پشیلەکەم ، شێر و بۆق، رێویی ناو بەلەمەکە ، نیشتمان، دایکم ، نەنکم ، کەشتی و ئاژەڵەکان ، قوتابخانە ،بەزەیی بە ئاژەڵ ، کۆتر ، خۆشەویستیی نیشتمان ، ... هتد . ) ئەحمەد شەوقی ، چیرۆکەشیعری ( رێوی و کەڵەشێر )ی لە لافۆنتین ەوە وەرگرتووە . شاعیری گەورەی کوردیشمان ( پیـرەمـێرد )ی نەمرئەم چیرۆکەشیعرەی گۆڕيوە بۆ سەر زمانی کوردی و زۆر بە جوانی و ناسکی بۆ منداڵانی کوردی هۆنیوەتەوە :
رۆژێ مام رێوی ئـەهات
دەم بە ویرد و سەڵەوات
دوایی ئەیگوت بە ئـاواز
لەعنەتی خـوا لە فێــڵباز
هتد ...

ێەحمەد شەوقی ، لە پێشەکی دیوانەکەیدا ( دیوانی شەوقیات ) دا ، دەڵێ : \" لەسەرشێوازی لافۆنتین ، بیری خۆم لە نووسینی چیرۆکەشیعرەکانمدا تاقیکردۆتەوە .. هەرکە دوو یا سێ دێڕم لێدەنووسین ، دەچوومە لای کۆمەڵە منداڵێکی میسری و هەندێ لە نووسینەکانم بۆیان دەخوێندەوە .. یەکسەر لێیان تێدەگەیشتن و پێیان خۆش بوو .. زۆربەیان دەیهێنانە پێکەنین .. ئەمەش مژدەیەکی باش بوو بۆ من ...\"

ئەحمەد شەوقی، شاعیریکی نیشتمانی بوو، لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ناکۆک دەبێت .. لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ساڵی ( ١٩١٤) دا ، لە میسر دووری دەخەنەوە و ، بۆ شاری ( بەرشلۆنە) ی(ئیسپانیا ) ی دەنێرن ،بەڵام دووری زیاتر هەست و سۆزی نیشتمانی شەوقی دەخروشێنی .. تا لەساڵی (١٩٢٠) دا ، دەیگەڕێننەوە بۆ میسر.

کەڵەشاعیر ئەحمەد شەوقی، لە ( ١٣/١٢ / ١٩٣٢) لە قاهیرەدا کۆچی دوایی کرد.

وەکو رێزلێنانێک بۆ پایەبەرزی ئەحمەد شەوقی ، لەسەر بڕیاری حکومەتی ئیتالیا، لە ساڵی (١٩٦٢) دا ، لە بەناوبانگترین باخچەی رۆمای پایتەختدا ( فیلابـۆرگیزی ) پەیکەرێکی شیاوی ئەحمەد شەوقیان داناوە.

ماڵەکەشی لە قاهیرەدا ، کراوە بە مۆزەخانە ( مۆزەخانەی ئەحمەد شەوقی ) کە زیاتر لە ( ٧٥٠ ) دەسنووس و رەشنووسی خۆی تێدایە .. لەگەڵ هەموو کتێبەکانی و وێنە و تابلۆکانی .. ئەو خەڵات و میدالییانەی پێشکەشیان کردووە .. بڕوانامە رێزلێنراوەکانی.

( کامیل گەیلانی : ١٨٩٧ـ ١٩٥٩) نووسەرێکی بەناوبانگی میسری بوو ، پسپۆر بوو لە بواری نووسینی چیرۆک و پەخشان و شانۆگەری بۆ منداڵانی عەرەب ، بە پێشەنگی چیرۆکنووسانی عەرەب لەم بوارەدا ناسراوە .. گەیلانی ، بە باشی زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانی .. بڕوانامەی( لیسانس)ی لە زمانی ئینگلیزیدا وەرگرت .

کامیل گەیلانی ، لە ساڵی ( ١٩٢٧)ەوە ، بایەخی بە هونەری ئەدەبی منداڵان دا ، دەستی بە ( نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان ) کرد .. هەر لەم ساڵەدا ، یەکەمین چیرۆکی لەژێر ناوی ( سیندبادی دەریایی ) دا نووسی و چاپیکرد و بڵاویکردەوە .. لە چیرۆکە بڵاوبووەکانی تری : ( چراکەی عەلائەددین ، نوکتەکانی مەلا نەسرەددین ، شەهرەزاد ، هەزار و یەک شەو ، ... هتد .) .. چیرۆکی ( رۆبنسون کروزۆ ) شی لە زمانی ئینگلیزییەوە گوڕیوێتیە سەر زمانی عەرەبی .
کامیل گەیلانی ، یەکەمن کەس بوو لە میسردا ، کە کتێبخانەیەکی تایبەتیی بۆ منداڵان دامەزراند .. یەکەمین نووسەریش بوو ، لە رادیۆی قاهیردا ، بابەتی منداڵانی پێشکەش بە منداڵان دەکرد .

کامیل گەیلانی ، شیوازی داڕشتنی لە نووسینی چیرۆک بۆ منداڵاندا ، ساکار و سووک و ئاسان بوو .. چیرۆکەکانی بە زۆری ، بە ناوی ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و شتی بێ گیانەوە دەنووسین .. ئامانجیشی لە چیرۆکەکانیدا ، خۆشەویستکردنی خوێندنەوە و ، بەهێزکردنی سۆز و ، گەشەکردنی بیر و ئەندێشە و بەهرە و ئارەزووەکانی منداڵان بوو .. بێجگە لە چیرۆک ، گەیلانی کۆمەڵێک هۆنراوەی ناسکیشی بۆ منداڵان نووسیوە .

کامیل گەیلانی ، سەرجەم ( ٢٥٠) چیرۆک و شانۆگەریی بۆ منداڵان نووسیوە .. کە بەشێکیانی لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسییەوە گۆڕیون بۆ سەر زمان عەرەبی .. تێکراش( ١٥٠) کتێبی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپیکردوون .. بەشیکی زۆری چیرۆکەکانی گۆڕیویانن بۆ سەر زمانەکانی تری جیهان .
( عەبدولتەواب یوسف : ١٩٢٨) ، نووسەرێکی بە توانا و ناسراوی میسرییە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. لە ساڵی ( ١٩٧٥) ەوە تا ئەمڕۆش ..عەبدولتەواب یوسف هێشتا بەردەوامە لەم ئەرک و خزمەتە پیرۆز و هەستیارەدا .. هەروەهاش چەند بەرنامەیەکی لە رادیۆ و لە تەلەفزیۆنەکانی میسر بۆ منداڵان ئامادە دەکرد .
عەبدولتەواب یوسف ، خاوەنی نومرەیەکی پێوانەییە ، لە نووسینی کتێببۆ منداڵان ، تا ئەمڕۆ ( ٥٩٥)کتێبی بابەت هەمەڕەنگەی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کردوون .. بێجگە لە بابەتی منداڵان (٤٠) کتێبیی بابەت هەمەڕەنگەشی بۆ گەورەکان نووسیوە .

سـوریا :

( زەکەریا تامر : ١٩٣١) چیرۆکنووسێکی بەناوبانگ و رۆژنامەنووسێکی ناسراوی سورییە ، هەڵکەوتوویەکی بواری ئەدەبی منداڵانە، تا ئەمڕۆ چەندین چیرۆکی کورت و درێژی بۆ منداڵان نووسیوە ، ئەمانە ناوی هەندێ لە چیرۆکە چاپکراوەکانین ، کە بۆ مـنداڵانی نووسیون : یەکەمـین چــیرۆکی ( حیلەی ئەسپە سپییەکە ـ چەند چیرۆکێکەـ لە ساڵی ١٩٦٠دا نووسیوێتی) ، ( گوڵەکە بە پەڕەسێلکەکەی گوت ـ هەژدە چیرۆکن )،(سـی و حـەوت چیرۆک بۆ منداڵان )،(بۆ رووبارەکە بێ دەنگ بوو ـ پەنجا و سێ چیرۆکن )،(كوللـە لە شارەکەدا ـ کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکن بۆ منـداڵان) ، ( هـەورە تریشقە) ،( مـاڵ )،(وڵاتـی کەروێشـکەکان )، ... هـتد) .. زەکەریا تامر تا ئێستا سەرجەم نزیکەی ( ١٠٠) چیرۆکی بۆ منداڵان نووسیوە ..بەشێک لە چیرۆکەکانی گۆڕیویانەتە سەر زمانەکانی : فەرەنسی ، ئینگلیزی ، ئەڵمانی ، ئیسپانی ، رووسی ، ئیتالی ، بولگاری.. چەند چیرۆکێکیشی گووڕاونەتە سەر زمانی کوردیمان .. زەکەریا تامر سەرنووسەر و ئامادەکەری دوو گۆڤاری منداڵان بوو ، گۆڤاری( رافع )و (أسامە) .. لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەشدا لە سوریا و لە وڵاتانی عەرەبدا ، ئامادەکەر و سەرنووسەری لاپەڕەی منداڵان بووە .. زەکەریا تامر، كورتەچیرۆکنووسێکیبە تواناگەورەکانە ..رەخنەگرێکی بوێر بوو ، زۆربەی چیرۆکەکانی رەخنە و توانج و پەلارن .

زەکەریا تامر ، لە ساڵی ( ١٩٨١) ەوە ، لە شاری ( لەندەن)لە ( بەریتانیا) دەژی .. تا ئێستا چەندین خەڵاتی رێزلێنانانیان پێ بەخشیوە.

(ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل) لە ساڵی ( ١٩٦١) لە شاری ( قاميشلو ) لە رۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە .. چیرۆکنووس و شانۆنووس و نووسەرێکی بە توانای بابەت هەمەڕەنگەیە .. چەندین لێکۆڵینەوە و وتار وباس و بابەتی لە گۆڤار و لە رۆژنامە عەرەبییەکان و لە کوردییەکاندا ، بە زمانی عەرەبی دەربارەی دۆزی کوردنووسیوە .ئەحمەد ئیسماعیل مامۆستایە و ، لە بواری پەروەردەدا کاردەکات.

ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل، چیرۆکنووس و شانۆنووسێکی بەناوبانگە .. کورد و کوردستان پەروەرێکی ناسراوە .. نووسەرێکی بەناوبانگە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، بە تایبەتیش لە نووسینی شانۆگەریدا .. تا ئێستا چەندین شانۆگەریی بۆ منداڵان ، بە زمانه عەرەبی نووسیوە .. لە چەند کۆڕ و سیمینارێکی نێودەوڵەتیدا دەربارەی شانۆی منداڵان بەشداری کردووە و ..چەند خەڵاتێکی رێزلێنانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە . ئەمانە ناوی چەند شانۆگەرییەکین کە بۆ منداڵانی نووسیون : ( کێڵگە سەختەکە، قازیمحەمەد ، بەدلیسی ، داوڵ ، شوورە ، تۆبەی رێوی ، باڵندەیەکی دانا ، ئەو رێوییەی فێڵی لەخۆی کرد ، ... هتد ).

ئەمانەش ناوی چەند نووسەرێکی تری سوورین ، کە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ( شیعر ، چیرۆک، شانۆگەری ) دا ، بەرهەمی چاپکراوی بەسوودیان هەیە بۆ منداڵان.

( سلێمانئەلعیسا ، نزار نەجاڕ ، عائیشە رەماش ، د. عەلی حەداد ، لینا گەیلانی ، حەنان دەروێش ، ماجدۆلین ئەلروفاعی ، سەلیم بەرەکات ، د.تاریق ئەلبەکری ، سەناءئەلعەتار ، رەزا سافی ، نەسرەت سەعید ، عەبدولکەریم حەیدەری، ... هتد)

لە کورتە باسێکی وادا، ناتوانین باس لە ئەدەبی منداڵان لە هەموو وڵاتانی عەرەبدا بکەین و .. باسی یەک بە یەکی نووسەرە ناسراوەکانی ئەم بوارە بکەین.

عێـراق :

لە سەرەتادا پێویستە ئەوە بڵێم ، ئەگەرچی ئەمڕۆ لە رووی سیاسییەوە ، باشووری کوردستان بەشێکە لە حکومەتی عێراق .. بەڵام خاکی با شووری کوردستان بەشێک نییە لە عێراق ، کورد و عەرەبیش دوو نەتەوەی جیاوازن و .. هەریەکەیان خاوەنی مێژوو و داب و نەریت و خەسڵەتی تایبەتمەندیی خۆیانن .. باشووری کوردستانیش بە زۆر و بە غەدرێکی مێژوویی ناڕەوا لکێنراوە بە دەوڵەتی عێراقەوە .. بۆیە من لێرەدا تەنها باس لە مێژووی ئەدەبی منداڵانیعەرەب ، لە باشوور و لە ناوەڕاستیعێراقدا دەکەم .. کە بە زۆری عەرەبنشینن .. ئەگەرچیش زیاتر لە ملیۆنک کوردی فەیلیمان لە شاری بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا دەژین.

ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە سەرەتایبیستەکانی سەدەی رابردوودا سەری هەڵدا .. کۆمەڵێک لە شاعیرەگەورە و بەناوبانگەکانی عێراق ، سوودیان لە شیعرەکانی ئەحمەد شەوقی بۆ منداڵان وەرگرت .. لەو شاعیرە ناسراوە عێراقییانەش ، کە بناغەی ئەدەبی منداڵانیان لە عێراقدا دانا و ، شوێن پەنجەیان دیارە:
( مەعروف رەسافی ، جەمیل سدقی زەهاوی ، مستەفا جەواد ، محەمەد رەزا شبێبی ، عەبدولموحسین کازمی ، ... هتد ) .. مەعروف رەسافی و جەمیل زەهاوی کوردن.

راستییەکی چەسپاوە، کە پێشەنگی ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا مەعروف رەسافی یە.

لە ساڵی ( ١٩٢٣ـ ١٩٥٠) لە عێراقدا ، چەند کۆڤارێکی وەرزی بە زمانی عەرەبی بۆ منداڵان دەردەکران.. لەوانە گۆڤاری : ( قوتابی ی عێراقی : ١٩٢٣ز ) ، ( دیدەوانی ی عێراقی) ، ( قوتابخانە ) ، ( دنیای منــداڵان ) ، ( نەوجــەوانان) ، ( نەوەی نـــوێ ) ، ( دایک و منداڵ ) .. بە زووری بابەتی پەروەردەیی و زانستیان لەخۆگرتبوون . نووسەرانی بیستەکان لە روانگەیەکی نیشتمانییەوە لە منداڵانیان دەڕوانی و ، ئەوەیان لە بەرچاو گرتبوو ، کە منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە نەوەی داهاتوو.

( د. جەمیل حەمداوي )دەڵێ : \" لە راستیدا دیارە بەر لە شەستەکان ، ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا چالاک نەبوو ، تا لە ساڵانی شەستەکاندا ، گۆڤاری ( مجـلتي) و رۆژنـامەی ( المزمـار )دەرکران ، لەم کاتەوە ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە گەشەکردن و لە پێسکەوتندا بووە .. بەڵام بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ، ئەدەبی منداڵان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە .. \"

هەر د. جەمیل حەمداوي، رەوتی ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا ، لە رووی بابەتی و هونەری و جوانییەوە ، بە چەند قۆناغێک دیاری دەکات ، کە ئەم قۆناغانەن : قۆناغی گۆڕین ـ لە زمانەکانی ترەوە ، قۆناغی وەرگرتن ، قۆناغی نووسین و دانان ، قۆناغی تاقیکردنەوە ، قۆناغی داهێنان ، قۆناغی رەسەنایەتی . قۆناغە مێژوویەکانیشی بە سێ قۆناغ دیاری کردووە : قۆناغی سەرهەڵدان ، لە بیستەکانەوە تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو ، قۆناغی پێشکەوتن و گەشەکردن لە حەفتاکانەوە تا نەوەتەکانی سەدەی رابردوو ، قۆناغی پاشەکشێ و پیاچوونەوە ، ئەم قۆناغەش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمینەوە دەستی پێکراوە.

پێویستە ئاماژەش بەوە بدەین، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعسییە شۆڤێنییەکاندا ، منداڵانی عەرەبیان لە عێراقدا ، بە ئایدیۆلۆژییەکی عەرەبیی دەمارگیری ، پەروەردە دە و رێنمایییان دەکردن .. دیارە هۆیەکی سەرەکیی نەهامەتییەکانی ئەمڕۆی عێراق ..ئەنجامی رەنگدانەوەی ئەو پەروەرە سەقەتەیە کە بەعسییەکان پەیڕەوییان دەکرد.

لە بەرواری ( ٢٤ / ١٢/ ١٩٦٩) دا ، یەکەمی ژمارەی گۆڤاری ( مجلتيـ گۆڤارەکەم ) بۆ منداڵان دەرکرا .. دوای ساڵێکیش لە مانگی دێسەمبەری ( ١٩٧٠) دا ، یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی ( المزمار ـ زوڕنـا ) دەرکرا ، کە دوایی بوو بە گۆڤارێکی هەفتانە . لە ساڵی ( ١٩٧٧) دا ( خانەی رۆشنبیریی منداڵان ) دامەزرا .. لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا ، کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان بە ناوی ( چیرۆکەکانی مجلتي و مزمار ) چاپکرا.

شایانی باسیشە کەڵەهونەرمەندی(وێنەکێش و کاریکاتێرکێش)ی بەناوبانگی کوردمان، هونەرمەند ( عەلی مەندەلاوی: ١٩٥٨) بۆ ماوەیەک وێنەکێشی سەرەکیی گۆڤاری مجلتي و مزمار بوو .. هونەرمەند عەلی مەندەلاوی ، وێنەکێشێکی پسپۆری بواری منداڵانە .. تا ئێستا لە کوردستان و لە عێراق و لە چەند وڵاتێکی تردا ، وێنە و دیزایینی بەرگی بۆ چەندین گۆڤار و کتێب بۆ چەندین چیرۆک کێشاوە ، هەروەهاش وێنەی کاریکاتێری چەندین کەسایەتیشی ناسراوی کێشاوە ..عەلی مەندەلاوی ئێستا لە شاری هەولێر دەژی .. هیوای تەندرووستی تەمەندرێژی بۆ دەخوازین.

( مەعـروف رەسـافی: ١٨٧٥ـ ١٩٤٥) کەڵەشاعیرێکی بەناوبانگ و پایەبەرزی عێراقییە..ناوی تەوای ( مەعروف عەبدولغەنی مەحمود جەباری) یە .. کوردە و لە هۆزی جەباری یە ، کە هۆزێکی کورستان پەروەی ناسراوی کوردمانە ، لە پارێزگای کەرکوکدا دەژین .. دایکی مەعروف رەسافی تورکمان بوو ، لە تیرەی قەرەغولی یە ، کە دەچنەوە سەر هۆزی (بەرخی رەش) بۆ ماوەیەک فەرمانڕەوایی عێراقیان کرە.

مەعروف رەسافی ، لە شاری بەغدا لە دایک بووە ، قۆناغەکانی خوێندنیشی هەر لەم شارەدا تەواوکرد .. مامۆستایەکی بە توانای زمانی عەرەبی بوو ، وانەبێژ بووە لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و خانەی مامۆستایاندا .
زانای مەزنی عێراقی ( مەحمود شوکری ئالوسی ) نازناوی ( الرصافي ) لە مەعـروف عەبدولغەنی دەنێت ، تا لە باشی و ناوبانگدا ، هاوتای ( معروف الکرخي )بێت .. لەو کاتەوە بە ( معروف الرصـافي ) ناوبراوە و ناسراوە.

مەعروف رەسافی ، دوو جار دەنێررێت بۆ ئەستەمبوڵ .. لە ساڵی ( ١٩٢٠) دا ، بۆ ماوەی ساڵێک دەینێرن بۆ فەلەستین و لە خانەی مامۆستایان لە ( قودس) دا ، وانەی زمانی عەرەبی دەڵێتەوە .. لە ساڵی ( ١٩٢٣) دا ، بە ئەندامی کارگێڕی ( کۆڕی زانیاری زمانی عەرەبی ـ لە دیمەشق ) هەڵی دەبژێن .. ماوەیەکێش لە کۆلێجی شاهانەی عێراقدا ، مامۆستای زمانی عەرەبی بووە .. رەسافی لە ساڵی ( ١٩٠٩) دا سەرنووسەری گۆڤاری ( سبیل الرشاد ) بووە .. دوایی خۆێ گۆڤاری ( الأمـل ) ی دەردەههێنا .. رەسافی چەندین پلە و پایەی پەروەردەیی لە عێرقادا بینیوە .. بۆ دواجار لە ساڵی ( ١٩٢٧) دا ، مامۆستای زمانی عەرەبی بوو لە خانەی باڵای مامۆستایاندا.

تا ئێستا ، چەندین کتێب و وتار و لێکۆڵینەوە ، بە زمانی عەرەبی دەربارەی لێهاتووی مەعروف رەسافی و ، تاوتوێکردن و شیکردنەوەی شیعرەکانی نووسراون .
مەبەستی ئێمەش لەو کورتە تیشکەباسەی سەرەوەدا ، یادهێنانەوە و ، ناسێنی ئەم شاعیرە مەزنەیە ، بە شیعردۆستانی نەوەی ئەمڕۆمان .

مەعروف رەسافی ، دەستپێشکەر و پێشەنگی شاعیرانی عێراقە ، لە بواری نووسینی شیعر و سروود بۆ منداڵان .. دیوانێکی بۆ منداڵان لە ژێر ناوی ( تەواکەری پەروەردەو فێرکردن ) دا چاپکرد ، کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ، کۆمەڵێک هونراوە و سروودی پەروەردەیی و نیشتمانی بۆ منــــداڵان تێدایە .. بۆ نموونە لەم هـــۆنراوەیەیدا دەڵـێ : تۆ سەیــری ئــەو دارەکە ـــــجـوانی ئەو لقانەی کە
کە چـۆن لە تـۆوێــکەوە ــ ئەو دارەی لـێکەوتەوە و هتد ...
مەبەستی رەسافی لە هۆنراوەکانیدا بۆ منداڵان ، پەروەردەیی و زانستی و رەوشتی و نیشتمانییە.. خۆشی ماوەیەک لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا مامۆستا بوو ، لە زمان و لە خواست و ئارەزووەکانی منداڵانشارەزابوو .

مەعروف رەسافی ، لە ( ١٦ / ٥ / ١٩٤٥) دا ، لە شاری بەغدا ، کۆچی دوایی کرد .. لە گۆڕستانی ( خەیزەران ) دا ، بە خاک سپێردرا .

پەیکەرسازی ناسراوی عێراقی ( ئیسماعـیل فەتـاح تورک : ١٩٣٤ـ ٢٠٠٦)ز ، پەیکەرێکی شایستەی بۆ شاعیری نەمر ئەحمەد شەوقی دروست کرد ، کە لە شەقامی رەشید ، لە ( گۆڕەپـانی ئەمـین) لە نزیکی پردی شەهیدان لە بەغدا دانراوە .. ئێستاش هەر لەم شوێنەدایە .. ئەگەرچی ئەحمەد شەوقی بە زمانی عەرەبی شیعری هۆنیوەتەوە ، بەڵام بە یەکێک لە ناودارانی گەلی کورد دادەنرێت.

(*) خوێنەرانی دڵسۆز و ئەدەبدۆستی منداڵان ، لە ( بەشی چوارەم ) دا ، بە کورتی باس لە : ( مێژوویئەدەبی منداڵانی کورد) دەکەین .