میاندواو؛ هاووڵاتییەک پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

12:29 - 10 خەرمانان 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی عەلیزادە"، کوڕی حاجی عەزیز و خەڵکی گوندی "سەرچنار" سەر بە میاندواو، پاش دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووس، هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە عەلی عەلیزادە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری کراوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.