مژاری سووریە و ململانێیەكی توند لە نێوان ئێران و توركیە دا

15:42 - 15 پووشپەڕ 2712
Unknown Author
شۆڕش گوڵكار

ئێران وتوركیە كە دوو وڵاتی دراوسێن و پێوەندییەكی دوور و درێژ و پڕ لە هەوراز و نشێویان پێكەوە بووە لەم ساڵانەی دواییدا رێژیمی ئێران هەوڵیدا كە بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوێركردنی شتوومەك پێوەندییەكە چڕتر بكاتەوە و بەم شێوەیە كەڵكی باش لەم دەرگایەی ئەورووپا لە هەموو بۆارەكاندا وەربگرێ‌بەڵام بە دەستپێكی ناڕەزایەتییەكان لە سووریە و هەڵوێستگرتنەكانی رێژیمی ئێران و توركیە لەمەڕ ئەم ناڕەزایەتیانەی سووریە كە هاوپەیمانی ستراتێژی ئێرانە و هەروەها جیرانێكی گرینگی توركیەشە كە هەڵوێستی رێژیمی ئێران ئەوە بوو كە ئەم ناڕەزایەتیانە پیلانی بیانیەكانە بەڵام توركیە هاودەنگ لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاواییدا رێژیمی ئەسەدی بە قەڵاچۆكەری خەڵكەكەی خۆی تاوانباركرد.

بەڵام توركیە پاش تێپەڕبوونی ماوەیەك لە ناڕەزایەتیەكان بەو هەڵوێستەشەوە رانەوەستاو بەڵكوو رایگەیاند كە خەرێكە شەڕێكی تایفی و ئایینی و رەگەزی لە سووریە دێتە ئاراوە بۆیە توركیە دەبێ رۆڵی رێبەری بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ببینێ.

لەو لاشەوە رێژیمی ئێرانیش بە ناردنی پارەو خوراك و تەنانەت هێز تەواوی هەوڵی خۆی وەگەڕ خستووە كە ئەم هاوپەیمانە ستراتێژیكەی واتە سووریە نەڕووخێ. بۆیە هەر لەم پێوەندیەدا تاكوو ئێستا چەندین جار دەوڵەتی توركیە دەستی بەسەر چەندین كەشتیی و فڕۆكەی بارهەڵگری ئێرانی گرتووە كە هەڵگری چەكووچۆڵ بوون بۆ سووریە.چوونكە توركیە بە پێچەوانەی رێژیمی ئێران كە سووریە بە هاوپەیمانی ستراتێژی خۆی دەزانێ، توركیە گەمارۆی ئابووری و سەربازی توندتر دژی رێژیمی ئەسەد بەكاردێنێ.

بۆیە هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە كە توركیە و ئێران لەیەك دوورتر كەونەوە و تەنانەت بەردەوامی ئەم باروودۆخە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی تاران و ئانكارای لێدەكەوێتەوە. چوونكە رێژیمی ئێران هەمیشە ویستوویە كە شەڕی خۆی لە دەرەوەی سنوورەكانیدا بكات لەگەڵ رۆژئاوا كە یەكێ لەو جەبهانە سووریەیە بەڵام بە رووخانی رێژیمی سووریە ئێران دەبێ یەك هەنگاو پاشەكشە بكات كە ئەو كات چیدیكە كارتی بەهێزی كاروباری تیرۆریستی و مافیای رێژیمی كۆماری ئیسلامی كە حیزبوڵای لوبنانە بە تاڵ دەبێت و دەسووتێ و بەم جۆرە شەڕەكە بەرۆكی خۆی دەگرێ.

چوونكە بەردەوامی كوشتار و قەڵاچۆكردنی خەڵك لە لایەن رێژیمی سووریەوە وادەكات كە وڵاتانی رۆژئاوایی ئەگەری هێرشی سەربازیش لەبەرچاو بگرن كە بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی رۆژئاوای بە حوكمی ژئۆپۆلیتیكی توركیە پێیان خۆشە كە هەرجۆرە هێرشێكی نیزامی دژی سووریە لە لایەن توركیەوە بەڕێكخستن بكرێ كە ئەمەش واتای رووبەڕووبوونەوەی ئێران و توركیەیە. چونكە بەڕاستی هەنووكە لەمەڕ مژاری سوریە دوو جەمسەر و بلۆك وەك سەردەمی شەڕی سارد چی بووە كە جەمسەر و بلۆكی پشتیوانی رێژیمی سەرەڕۆ و دۆڕاوی بەشار ئەسەدە كە رووسیە و ئێران و چینە و ئەو بلۆك و جەمسەری دی كە پاڵ پشتی خەڵكی وەزاڵەهاتووی سووریەن توركیە و وڵاتانی رۆژئاوایە.

هەرچەند جیاوازی بەرژەوەندی ئێران و توركیە بەس هەڵوێستگرتنی ئەم دوو وڵاتەلەمەڕ باروودۆخی سووریە نیە بەڵكوو توركیە بە تەواوی هێز و توانای خۆیەوە لەگەڵ ئێران خەرێكی ركەبەرایەتیە كە لە نەبوونی هێزەكانی ئەمریكیا بۆشایی ئەمنیەتی عێراق پڕبكاتەوە، كەلەم وڵاتەش بەرژەوەندییەكانی ئێران و توركیە زۆر زۆر لەیەك جیاوازە.

هەروەها هەردوو جیران واتە توركیە و ئێران خۆازیاری پەرەگرتن و داسەپاندنی دەسەڵاتی زۆرتری خۆیانن بەسەر ناوچەكە چوونكە توركیە بەردەوام پاش بەهاری عەرەبی لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بە حكوومەتێكی كراوە و سیكولار بۆ رێژیمە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەكان نیشان بدات كە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ رێژیمی ئێران چوونكە لەگەڵ مۆدێلی شیعی قەتیسكراوی ئێران كە ئامانجی دژایەتی رۆژئاوا و دەستێوەردانە لە كاروباری نێوخۆی وڵاتانی دیكە ناێتەوە.

جیا لەمانە رێژیمی ئێران زۆر زۆر نیگەران بوو لە دانانی قەڵغانی مووشەكی ناتۆ لە توركیە بۆیە خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران بە توندی ئەو كارەی توركیەی ئیدانە كردوو هەروەها بەرپرسانی نیزامیی رێژیمی ئێرانیش هەڕەشەی توندیان لەم بارەوە لە توركیە كرد و بە هەڵەی ستراتێژی توركیەیان ناوبرد و هەروەها رایانگەیاند كە لە كاتی خۆیدا تۆڵەی لێ دەكەنەوە ئەوە ماوەیەكیشە سپای پاسداران بە تەواوی هێزیەوە خەرێكی تاقیكاری مووشك و چەك و چۆڵە تاكوو بە خەیاڵی خۆیان هێز و توانای خۆیان بە وڵاتانی ناوچە و جیهان پیشان بدەن.