مستەفا باقری‌ ئاشنا لە زیندانی کرماشان ئازاد کرا

17:19 - 5 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە، "مستەفا باقری ‌ئاشنا" دوایی تەواوبوونی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی کرماشان ئازاد کرا.

هەروەها "خەلیل ئەسەدی ‌بووژانی" حەوتووی ڕابردوو، دوایی تەواوبوونی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی کرماشان ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، ئەردەشیر مووسەوی، مستەفا باقری ئاشنا و خەلیل ئەسەدی بووژانی، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کران.

ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەردەشیر مووسەوی، مستەفا باقری‌ئاشنا و خەلیل ئەسەدی بووژانی"، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کران.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، لەلایەن لقی ۲ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شاهرۆخ مورادی"، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی"، هەر کامەیان بە ۹ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان، بۆ هەر کامەیان بۆ ٤ مانگ زیندانی کەم کرابووەوە.

هەروەها، حوکمی ۹ مانگ زیندانیی تەعزیریی شەهریار تەهماسبی و ئەرسەلان هیدایەتی لە تۆمەتلێدراوەکانی ئەو دۆسیەیە، بۆ هەرکامەیان بۆ ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی پووشپەڕی ۹۷، لەلایەن هێزه ئەمنییتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری‌ئاشنا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۹۷ تا ڕۆژی چوارشەممە ۷ی خەرمانانی ۹۷، لەمەڕ ناڕەزایەتی دەربڕین بە "بێبەریبوون لە مافی یاسایی و هەروەها بێبەریبوون لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان"، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، دەستیان دابووە مانگرتن.

هەروەها، خەلیل ئەسەدی بووژانی، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی خەزەڵوەری ۹٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گەڕەکی جەعفەراوای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێبەندانی ۹٨، لەلایەن لقی ۳ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکان"، بە ۳ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی نیزام"، بە ۳ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بۆ ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.